به‌خێربێیته‌وه‌
به‌خێربێیته‌وه‌ ‌ 9/10/2017
ئیسماعیل محه‌مه‌د

به‌خێربێیته‌وه‌ گه‌وره‌م بۆ ناومان
به‌خێربێیته‌وه‌ گلێنه‌ی‌ چاومان
داكۆكیكاری‌ مافی‌ خوراومان
له‌ دوای‌ كۆچه‌كه‌ت برژا هه‌ناومان

به‌خێربێته‌وه‌ جه‌سته‌ی‌ شه‌كه‌تت
بۆ ناو ئامێزی‌ خاك و میلله‌تت
جه‌سته‌ی‌ پیرۆزت له‌ ئامێز ئه‌گرین
رێزی‌ دڵسۆزی‌ و خه‌باتت ئه‌گرین

بارته‌قای‌ ئه‌رز و ئاسمانی‌ به‌رین
هه‌قمان به‌ده‌سته‌ تاماوین بگرین
بگرین بۆ مامی‌ گه‌وره‌ و ماندوومان
بۆ پیاوی‌ گه‌وره‌ و دیاری‌ مێژوومان

سلێمانی‌ به‌ رێزه‌وه‌....
له‌ پێشوازیتا وه‌ستاوه‌
ده‌باشان شانازی‌ ئه‌كا
دوا هه‌وارت لای‌ هه‌ڵداوه‌

مه‌لیك مه‌حمودی‌ كوردستان...
چی‌ له‌ كورسی‌ و ته‌خت و تاج كا
چاوه‌ڕێیه‌ بگه‌یته‌ لای‌...
تا ته‌ختی‌ ته‌وێڵت ماچ كا
 
خاڵه‌ شه‌هاب چاوه‌ڕێته‌...
به‌ گه‌ردن و رووی‌ سووره‌وه‌
به‌ قومێ‌ ئاو گه‌رووت ته‌ڕكا
له‌ هیلاكی‌ رێی‌ دووره‌وه‌

ئارام له‌ ته‌نگیسه‌ره‌وه‌
هه‌ر به‌ برینی‌ ته‌ڕه‌وه‌
كه‌وتۆته‌ ڕێ‌ تا بتگاتێ‌
چاویلكه‌كه‌ی‌ خۆییت باتێ‌

له‌ باخه‌وه‌ شه‌ماڵی‌ باخ
به‌ دڵی‌ پڕ حه‌سره‌ت و داخ
چوار رۆژه‌ ئێره‌ چۆڵناكا
ئه‌یه‌وێ‌ باوه‌شت پیاكا

قادر خه‌بات بێ‌ ئۆقره‌یه‌
ئه‌ویش چوار رۆژه‌ لێره‌یه‌
ئه‌یه‌وێ‌ گوڵت بۆ بێنێ‌
یه‌كه‌م كه‌س بێ‌ كه‌بتبینێ‌

حه‌سه‌ن كوێستانی‌ كه‌ ئێستاش...
خوێن له‌ زامه‌كانی‌ ئه‌تكێ‌
ساڵانێكه‌ بیرت ئه‌كا
ئه‌یه‌ێ‌ تاسه‌ی‌ لێت بشكێ‌
 
مامه‌ ریشه‌ زۆر غه‌مگینه‌
له‌گه‌ڵ سه‌ردار و موحسینا
چوار رۆژه‌ له‌ ده‌باشانن
ئینتیزاری‌ هاتنتانن

كاك خالید له‌ گه‌رمیانه‌وه‌...
له‌ پێش هه‌ر هه‌موومانه‌وه‌
وه‌كوو سنه‌وبه‌ر رواوه‌
له‌ پێشوازیتا وه‌ستاوه‌

كێ‌ وه‌كو ئیبراهیم عه‌زۆ
به‌ داخه‌ بۆ ئه‌م كۆچه‌ی‌ تۆ
وا حسێن منصور و شێركۆ
فرمێسك ئه‌بارێنن بۆ تۆ

كه‌مال فوئاد هاتۆته‌وه‌
بۆتۆ خۆی‌ له‌ بیر چۆته‌وه‌
ئه‌وه‌تا كاك كه‌مال خۆشناو
وه‌خته‌ دڵی‌ ببێ‌ به‌ ئاو

شاخه‌وان عه‌باس و سه‌ردار
دڵی‌ هه‌ولێر ئه‌ده‌نه‌وه‌
سڵاو و خۆشه‌ویستی‌ مام...
بۆ ئه‌و شاره‌ ئه‌به‌نه‌وه‌
 
كاك به‌كری‌ حاجی‌ سه‌فه‌ر
با به‌م كۆچه‌ی‌ مام نه‌زانێ‌
مام جه‌لالی‌ زۆر خۆشئه‌وێ‌...
سینه‌ی‌ ئه‌م خه‌مه‌ ناتوانێ‌

ئه‌ی‌ هه‌ورامان چۆن دڵت هات...
ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ی‌ به‌ ئازاد؟!
خۆ ئه‌و ئێستاش زامه‌كانی‌
خوێنی‌ لێ‌ ئه‌ڕوا وه‌ك كانی‌

با جه‌مالی‌ عه‌لی‌ باپیر...
نه‌زانێ‌ شار پرسه‌داره‌
ئه‌و تا ئێستاش برینداره‌
داخی‌ سه‌خته‌، به‌ئازاره‌

شه‌هیده‌كان یه‌ك یه‌ك لێره‌ن
ئه‌وه‌تان هه‌موویان ماون
به‌ گوڵی‌ سپی‌ و سوره‌وه‌...
بۆ پێشوازی‌ مام وه‌ستاون

پێشمه‌رگه‌كان هه‌ر هه‌موویان ...
به‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كۆن و نوێوه‌...
بۆ شكۆی‌ سه‌ركرده‌كه‌یان...
ده‌ست له‌سه‌رسنگ وان به‌پێوه‌
 
ئه‌مڕۆ هه‌ر هه‌موو كوردستان...
ئه‌وه‌تان له‌ سلێمانیین
ده‌ست له‌ سه‌ر دڵ، چاو به‌ فرمێسك...
له‌ حزووری‌ تاڵه‌بانیین

ئه‌مڕۆ سلێمانی‌ بۆته‌ ...
سنه‌ و دیاربه‌كر و عفرین
هه‌مووی‌ بۆ كۆچی‌ مام جه‌لال...
بێده‌نگ .. بێده‌نگ بۆ مام ئه‌گرین

سه‌رۆكێكی‌ میهره‌بان بووی‌
هه‌ر تۆ ( صمام الامان) بووی‌
تۆ سومبولی‌ تێكۆشان بووی‌
ئومێدی‌ چوار كوردستان بووی‌

چیت پێ‌ بڵێم ئه‌ی‌ نیشتیمان...
له‌ ئاست ئه‌م كۆسته‌یا لاڵم
منیش وه‌ك تۆ بێ‌ مام جه‌لال...
له‌ تۆ باشتر نییه‌ حاڵم                     
6/10/2017 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP