باشترین وه‌فا خه‌بات بۆ چه‌ساندنی مافه‌كانی ژنان
باشترین وه‌فا خه‌بات بۆ چه‌ساندنی مافه‌كانی ژنان ‌ 10/10/2017
دڵپاك تاهیر*

مه‌رگی مام جه‌لال ته‌نها خه‌ساره‌تی گه‌وره‌ نه‌بوو له‌ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردی، به‌ڵكو بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ بوو له‌ بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كورد به‌گشتی و خه‌باتی ژنانی ناو یه‌كێتیش به‌تایبه‌تی، باشترین  به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌ دوای چونی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ بۆ به‌غدا رۆڵی ژن له‌ ناو خه‌باتی سیاسی ژناندا به‌ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو لاواز بوو، به‌ڕاشكاوانه‌ درك به‌ پاشه‌كشه‌ی ژن ئه‌كرا له‌ خه‌باتی سیاسی ناو یه‌كێتیشدا.
ره‌نگه‌ نه‌ موجامه‌له‌ بێت نه‌ ده‌ربڕینی سۆزو خۆشه‌ویستیش بێت، كه‌ بڵێم سێبه‌ری مام جه‌لال به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بوارانه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ ژن تیایدا پێگه‌ی خۆی سه‌پاندوه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ مام جه‌لال به‌هه‌ڕه‌مه‌كی ئه‌و مافانه‌ی بۆ ژن فه‌راهه‌م كردبێت، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ سه‌رجه‌م كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ ژنانی یه‌كێتی په‌ندێكی زۆر به‌نرخی هه‌بوو ئه‌یوته‌وه‌: ژنان نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن پیاوان مافه‌كانیان بۆ بخه‌نه‌ سه‌ر سینیه‌كی زێڕین و پێیان ببه‌خشن، به‌ڵكو ژن ئه‌بێ خۆی ئه‌و مافانه‌ له‌ ناو ده‌ستی پیاو ده‌ربێنێ وبیان سه‌لمێنێت، ئه‌وه‌ش به‌ خه‌بات و باوه‌ڕ به‌خۆبون و لێبورده‌یی وسه‌بری ئه‌وێ.
ئه‌م قسه‌یه‌ حیكمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵێ ژن ئه‌بێ ماف به‌ده‌ست بێنێت نه‌ك  بیدرێتی.
له‌ خه‌باتی سیاسی وچه‌كداری ودبلۆماسی خۆمدا له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به‌ باوه‌ڕێكی ته‌واوه‌ هه‌میشه‌ وتومه‌ جه‌نابی مام جه‌لال به‌ دڵ، به‌ باوه‌ڕێكی پۆڵایینه‌وه‌ كاری بۆ سه‌پاندنی پێگه‌ی ژن كردوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا به‌ تایبه‌تی له‌ناو یه‌كێتیدا، داكۆكی ئه‌و له‌ ژن نه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌ی بوه‌، نه‌ بۆ سه‌رنج راكێشانی خه‌لكیش بوه‌ له‌ ده‌وری خۆی. بۆیه‌ له‌ مێژوی خه‌باتی ٣٨ ساڵی ته‌مه‌نم له‌ناو یه‌كێتیدا ئه‌توانم به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال باس بكه‌م كه‌ به‌ڵگه‌ی دڵسۆزی وخه‌مخۆری بوه‌ بۆ مافه‌كانی ژنان.
له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی شار له‌ شه‌قڵاوه‌ كه‌ هێشتا تاك و ته‌را داروده‌سته‌ی حزبی به‌عس له‌ هه‌ندێ شوێن مابون و ئه‌گه‌ر بۆیان بلوایا ده‌ستێكی ترسنۆكانه‌یان ئه‌وه‌شاند، هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ دا باسی له‌ دامه‌زراندنی ڕاگه‌یاندنی شار كرد به‌تایبه‌تی  كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی ناوخۆیی ته‌له‌فزیۆنی یه‌كێتی .  داواشی كرد كه‌ هانی ژنانی نێو رێكخستنه‌كان بده‌ن بۆ كار كردن له‌و كه‌ناڵانه‌، من له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێ بڕا كه‌ بچم كار بكه‌م له‌ ته‌له‌فزیۆنی هه‌ولێر، بۆیه‌ هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ به‌ پشت و هاوكاری ئه‌و له‌راگه‌یاندنی یه‌كێتی ده‌ستم به‌كار كرد و سودی گه‌وره‌ی به‌ ئه‌زمونی رۆژنامه‌گه‌ریم گه‌یاند. ئه‌م پشتیوانیه‌ ته‌نها بۆ من نه‌بوه‌، به‌ڵكو هه‌مان دیدو پاڵپشت بوه‌ بۆ ژنانی ناو رۆژنامه‌كانی یه‌كێتیش ، مام جه‌لال له‌ زۆر بۆنه‌دا به‌ رێزه‌وه‌ باسی له‌ خه‌باتی له‌ ژنی نمونه‌ی شیرین. ك و كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌دو شه‌پۆل مێرگه‌سوری و چه‌ندین ژنی تری بواری راگه‌یاندندا كردوه‌، ته‌نانه‌ت پشت وپه‌نای هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ش بوه‌ كه‌ له‌ سه‌ر كاری رۆژنامه‌وانی له‌لایه‌ن كه‌سوكاریان یان كه‌سانی كۆنه‌په‌رسته‌وه‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی ده‌كه‌وتن. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتندا بون و مام جه‌لال ژیانی پاراستن. 
له‌سه‌رو به‌ندی پێكهێنانی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌كارێكی رۆژنامه‌وانی چومه‌ خزمه‌تی له‌ شه‌قڵاوه‌، هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌ مام ناردی به‌دوای خاتوو كافیه‌ سلێمان كه‌ پێشنیاری كردبوو بیكات به‌ وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت وگوزار، كاتێك كافیه‌ خان هات له‌به‌ر كۆبونه‌وه‌ی مام جه‌لال وخاتو كافیه‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی من هه‌ندێ له‌گه‌ڵ  مامی گه‌وره‌ دوا كه‌وت، به‌ڵام دوای كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌ دیار بوو خاتوو كافیه‌ هه‌ر سور بوو له‌سه‌ر وه‌رنه‌گرتنی پۆسته‌كه‌، مام جه‌لال زۆر به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی برۆ كاره‌كه‌ت وه‌ر بگره‌ پاشان قسه‌ی لێ ئه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م سه‌روه‌ری یه‌كێتی بوو كه‌ له‌یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تدا توانی ژنێك بكاته‌ وه‌زیر و هه‌ر خۆشی  پشتیوانی بێت. دوا به‌دوای ئه‌وه‌ هه‌ر وه‌زیرێك له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر لیستی یه‌كێتی دانرابێت، مام له‌ پشت بیرۆكه‌كه‌وه‌ بوه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌ دوای چونی بۆ به‌غداو پاشان نه‌خۆش كه‌وتنی  پاشه‌كشه‌ی ژن به‌ ئاشكرا تێبینی ده‌كرا.
جگه‌ له‌وه‌ش مام جه‌لال هاوكارو هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی كاری رێكخراوه‌یی  ژنان بوو، رۆڵی مام جه‌لال بۆ یه‌كێتی ژنانی كوردستان و سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی ژنان زۆر به‌رچاوه‌، ته‌نانه‌ت رۆڵی له‌ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی ناو خودی ژنانیشدا هه‌بوو كه‌ له‌ هه‌ندێ جاردا توشی ململانێی كاركردن ده‌بون،  له‌و بواره‌دا كاتی زۆری له‌ژیانی خۆی به‌خشی.
باشترین به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌وه‌ گۆڕینی به‌نده‌كانی دوویاسای عیراقی گرنگ بون كه‌ تیایاندا ژن زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بوو، له‌وانه‌ به‌نده‌كانی ٥٩ و ٦٢ له‌ هه‌ردوو یاسای باری شارستانی و سزادان، كه‌ له‌سه‌ر خواست و داوای ژنان زۆر جه‌ربه‌زانه‌ جێبه‌جێی كرد بێ گوێدانه‌ هه‌موو ئه‌و ناڕه‌زایی وره‌خنانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند حزبێكه‌وه‌ ئاراسته‌ی كران.
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌یه‌كێك له‌و كۆبونه‌وانه‌ی كه‌ بۆ ژنانی ساز كردبوو له‌ قه‌ڵا چوالان له‌ ساڵانی كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان، ژنان ڕوی گله‌ییان  كرده‌ مام و وتیان بێ به‌شین له‌ پۆسته‌كان. له‌ وه‌ڵامدا وتی: كێ له‌ ئێوه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ پۆستی قائیمقام وه‌ربگرێ هه‌ر ئێستا كاغه‌زم بۆ بنوسێت، من چاوم ده‌نوقێنم و ره‌زامه‌ند ده‌بم، به‌ مه‌رجێك ماڵی له‌ قائیمقامیه‌ت بێت و شه‌و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شارێكی تر، به‌ڕاستی هه‌رچی گله‌یی ژنان هه‌بوو نه‌یهێشت، هه‌ر له‌ دوای ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ بڕیاری دا له‌ مێژوی حكومه‌تی كوردی ژنێك پۆستی قائیمقام وه‌ربگرێ ئه‌ویش له‌ لیستی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بێت. 
مامی ڕابه‌رو كاریزما، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا حه‌زی ده‌كرد ژن به‌رچاو بێت، رۆڵی گرنگی هه‌بێ، هه‌میشه‌ ژنی ده‌خسته‌ پێشی خۆیه‌وه‌ جا له‌هه‌ر له‌ته‌مه‌نێك وله‌هه‌ر پله‌یه‌كدا بوبێت، له‌یه‌كێك له‌ كۆبونه‌وه‌كانی له‌ هاوینه‌ هه‌واری دوكان، هاته‌ ژوری كۆبونه‌وه‌كه‌ من له‌ سه‌ره‌تای ژوره‌كه‌ دانیشتبوم و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ ژوره‌وه‌یدا وه‌ك رێزیك هه‌ستامه‌ سه‌ر پێ،  ده‌ستی خسته‌ سه‌ر شانم و وتی: هه‌ڤاڵ گیان جارێكی تر بۆ هیچ پیاوێك هه‌ڵ مه‌سته‌. من زۆر ئیحراج بوم وتم: ئاخر مامه‌ گیان تۆ سكرتێری حزبه‌كه‌می چۆن ده‌بێ من له‌به‌ر حورمه‌تی تۆ هه‌ڵ نه‌ستم؟ وتی كچم تۆ ژنی، زۆرگه‌وره‌ی، هه‌میشه‌ ده‌بێ پیاوان له‌به‌ر ژنان هه‌ڵسن، ئیتیك وا نیه‌ ژن له‌به‌ر پیاو هه‌ڵسێ، بۆ منی كادر هه‌تا ئێستاش نه‌متوانیوه‌ ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نمه‌ نێو هه‌ڤاڵه‌ پیاوه‌كانم چونكه‌ رێز گرتن له‌ ژن و له‌ پێگه‌ی ژن به‌ قه‌ناعه‌ت وبڕواوه‌ له‌ ناخی خودی پیاوا ئه‌ڕوێ.
شایانی بیر خستنه‌وه‌یه‌ كه‌ مام جه‌لالی ڕابه‌رو سه‌ركرده‌، ته‌نها له‌یه‌ك بواردا كاری له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی ژن نه‌ده‌كرد، ئه‌و هه‌میشه‌ به‌ پێگه‌یشتنی هه‌ر ژنێك دڵ خۆش ئه‌بوو، به‌ شانازیه‌وه‌ ساڵی ١٩٩٦ له‌ قاسمه‌ ره‌ش كۆمه‌ڵێك ژن چوینه‌ لای به‌رێزیان بۆ زه‌ڵێ، داوامان لێ كرد كه‌ رێگه‌مان پێبدا له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی پیاواندا رۆڵمان هه‌بێ، ئه‌و له‌و ساتانه‌ وتی داواكه‌تان ره‌وایه‌، به‌ڵام زه‌مینه‌كه‌ له‌بار نیه‌. دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ سلێمانی له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی وتی: ده‌ی ژنان كوا خۆ داواتان كرد هێزی ژنانتان هه‌بێ فه‌رمون ئێستا زه‌مینه‌ له‌باره‌و دروستی بكه‌ن. ئه‌و تیشكه‌ سه‌وزه‌ بۆ دامه‌زراندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ژنان تێشكێكی زۆر ئومێد به‌خش بوو بۆیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا توانیمان هێزه‌كه‌ دروست بكه‌ین، هه‌رچی پشتیوانی لۆجستی و مادی ومه‌عنه‌وی هه‌بوو خستیه‌ به‌رده‌ممان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بین. مام جه‌لال پێی خۆش بوو توانای ئه‌و ژنانه‌ تاقی بكاته‌وه‌ بۆیه‌ پێشنیاری كرد جه‌وله‌یه‌كی حه‌وت رۆژی بكه‌ین به‌ پێ هه‌ر له‌ سلێمانی تا شاناخسێ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ هێنده‌ دڵخۆش بوو له‌داوه‌تێكی شاهانه‌دا وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی له‌ رازاندنه‌وه‌ی سفره‌و خزه‌مه‌تكردن نه‌ده‌وه‌ستا، تا كاركردنه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ژنانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی پیاوان كرد به‌ نمونه‌ی بڕیاری جه‌وله‌ی دورو درێژ بۆ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. چونكه‌ ئه‌و پێی وا بوو كه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بێ به‌رده‌وام له‌ جوڵه‌دابێت نابێت پشتی پێشمه‌رگه‌ سارد بێته‌وه‌. به‌ خۆشحاڵی یه‌وه‌ ئێستا ئه‌و هێزه‌ بچوكه‌ی كه‌ مام دروستی كرد بوه‌ به‌ به‌شێك له‌ ته‌شكیلاتی هێزه‌كانی حه‌فتاو یه‌كێك له‌ شانازییه‌كانی یه‌كێتی.
هه‌روه‌ها له‌ بواری كاری رێكخراوه‌یی حزبیدا مام جه‌لال هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر چۆنایه‌تی ئه‌ندامی ژن ئه‌كرده‌وه‌ پێی خۆش بوو هه‌میشه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی ژنی نمونه‌ بێت ده‌ست پاك و داوێن پاك و كردار پاك بێت.بۆیه‌ ئامۆژگاری ئه‌و بۆ رێكخستنه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ژن ئه‌بێ هه‌میشه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردندا بێت، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ له‌ دوای ڕاپه‌رینی ١٩٩١ بڕیاری كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م خولی تایبه‌تی بۆ كادیرانی ژن كرده‌وه‌، كۆمه‌ڵیك ژن به‌شداری ئه‌و خوله‌مان كرد كه‌ له‌هه‌رمه‌ڵبه‌ندێك رێژه‌یه‌ك له‌ ژن به‌ شدار بون وخۆشی یه‌كێك بوو له‌ مامۆستاكانمان. مام حه‌زی له‌ سكاڵا كردن نه‌بوو هه‌میشه‌ ئه‌ی وت: ئێوه‌ مه‌یه‌ن سكاڵا بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ریان شكاندون، من پێم خۆشه‌ خه‌ڵك بێت سكاڵه‌ له‌سه‌ر ئێوه‌ تۆمار بكات، لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو كه‌ ژن ئه‌بێ جورئه‌تی هه‌بێ له‌ كاركردن، له‌ بڕیاردان.
مام جه‌لال ل خه‌باتی دبلۆماسیشدا زۆر بایه‌خی به‌ ژن ئه‌دا هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵێك ژن چونه‌ نێو خه‌باتی دبلۆماسی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق، له‌ نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی یه‌كێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ژن پله‌ی نوێنه‌رایه‌تیان وه‌رگرت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا به‌داخه‌وه‌ دوری مام له‌ یه‌كێتی بوه‌ هۆی دروست كردنی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌ بونی ژن له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی حكومه‌ت وحزب و رێكخراوه‌كان و زۆر بواری تریش.
روحت شاد بێت ئه‌ی پیاوه‌ داناكه‌، ئه‌و ئینسانه‌ی كه‌ له‌ گه‌وره‌یی وبه‌خشنده‌یی ومیهرو داناییدا نمونه‌ت دروست نابێته‌وه‌. سوپاس بۆ خه‌مخۆریت بۆ هه‌موو مه‌سه‌له‌ ئینسانی یه‌كانی ژن. بۆ چه‌سپاندنی بونی ژن وه‌ك ئه‌و كایه‌ی كه‌ خۆی هه‌یه‌.
*ئه‌ندامی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP