سه‌ری ملیۆن شان له‌ ده‌باشان
سه‌ری ملیۆن شان له‌ ده‌باشان ‌ 11/10/2017
ئاری عه‌بدوله‌تیف
هه‌ستن له‌سه‌ر سه‌ر ڕاوه‌ستن
دڵ له‌سینه‌ بهێننه‌ ده‌ر
وه‌ك داربه‌ڕوو به‌كڵاوی شه‌ره‌فه‌وه‌
له‌ حزووری ئه‌م كه‌ژاوه‌ نه‌جیبزاده‌یه‌ی باشووردا
خوێن له‌ده‌مار بوه‌ستێنن
چركه‌ له‌سه‌عاتی گیاندا و گیان له‌ جه‌سته‌دا بێده‌نگ كه‌ن
گه‌روو له‌ئاو.. ئاو خۆی وشك كه‌ن
به‌میقاتی هه‌رچی بێده‌نگیی دنیایه‌
هه‌وا له‌سی و سنگتان به‌سكه‌ن
له‌پێهه‌نگاوی دوا هاژه‌ی ئه‌م هه‌تاوه‌ قادرییه‌دا
خاك له‌به‌دره‌ و جه‌سانه‌وه‌
تا دوا سنووری سێ‌ پارچه‌ی ژێر پێخراو داگیرسێنن
یه‌كه‌ یه‌كه‌ نامه‌ بۆ شه‌هید بنێرن
هه‌رچی كتێبه‌ بیهێنن
تیشك له‌هه‌تاو
تریفه‌ له‌مانگی دزراو
ئازاری مناره‌ی ڕووخاو 
برینی ته‌كیه‌ و خانه‌قا و 
سوێی لالش و مه‌عبه‌د و كڵێسای خنكاو
به‌مێژوو بڵێن خۆی هه‌ستێ‌ و 
به‌ملیۆن دێڕی لێره‌ بێ‌
نامه‌ بۆ باران بنێرن ده‌ستی به‌فر بگرێت و بێ‌
به‌هاوینی هه‌رچی گوند و لادێی كۆنه‌
به‌تینی كوره‌ی دێرینی كه‌لكانه‌وه‌
به‌به‌هاری ئیتر بۆ ئه‌به‌د عاجر و
به‌پایزی یه‌ك سه‌ده‌ گه‌ڵای مه‌سته‌وه‌
ئه‌م هه‌ینیه‌ دوا قامه‌تی نوێژێكی هه‌شتا ساڵه‌یه‌ و 
با لێره‌ بن
ئه‌م ره‌زبه‌ره‌ دوا نوێژی میوه‌ی شۆڕشه‌ و
بۆ یه‌ك دوعا ده‌ست بۆ ئاسمانی بێ‌ ئاڵا به‌ پێوه‌ بن
هه‌ستن له‌سه‌ر دڵ ڕاوه‌ستن
به‌ یه‌ك ئاڵای درێژ درێژ
پڕ به‌سینه‌ی ئاسمانه‌كه‌ی سه‌ر سه‌ری كورد
سێبه‌ر بۆ سه‌ری ته‌زیوی سلێمانی سه‌وز بكه‌ن
تا خه‌وه‌كه‌ی ئه‌م ئه‌سپسواره‌ ماندووه‌ی ڕێی ئازادی
وه‌ك جامانه‌ سپی و ڕه‌شه‌ بێ‌ خه‌وه‌كه‌ی
چرچ و لۆچی تێ‌ نه‌كه‌وێ‌
تا یه‌ك چركه‌ش نه‌بێ‌ چاوی
له‌ره‌نگی ئاڵا بكه‌وێ‌
به‌هه‌ڵه‌بجه‌ بڵێن با بێ‌
له‌ده‌باشان كه‌مێ‌ لای مام دابنیشێ‌
بێ‌ به‌رامه‌ی شه‌هیدانی ئه‌و مه‌زاره‌ی
ئه‌م مامه‌ قه‌ت ئۆقره‌ ناگرێ‌ و بێ‌ هه‌واڵیان سه‌ری دێشێ‌
به‌كه‌ركووك بڵێن به‌ خۆی و گڕی هه‌زار ساڵه‌یه‌وه‌
ئه‌م هه‌ینیه‌ با لێره‌ بێ‌
بۆ دواین جار وه‌ك نه‌فخی سوور
مژده‌ بدا به‌مامه‌كه‌ی
به‌خوێنی خۆی دوا نه‌ورۆزی بۆ هه‌ڵبكا و
سه‌وزی بكا په‌نجه‌كانی و بیكاته‌ سه‌ری تاجه‌كه‌ی
ئه‌ویش پێی بڵێ‌ كه‌ركووكم
بیرت نه‌چێ‌ كه‌ تۆ قودسی
ئامان كه‌ركووك هه‌رگیز له‌ عه‌ره‌ب نه‌ترسی
هه‌واڵ به‌موزه‌ففه‌ره‌دین بگه‌یه‌نن
هه‌ر به‌هه‌نگاوی مناره‌ و به‌ هاژه‌ی خه‌ونی قه‌ڵاوه‌
نه‌وه‌ستن تا سه‌ر مه‌زاره‌كه‌ی ده‌باشان
مامی گه‌وره‌ تا ئه‌و هه‌ولێره‌ نه‌بینێ‌ قه‌ت ناخه‌وێ‌
به‌ په‌یكێكی شاره‌زادا به‌ هه‌رچی شاعیره‌ بڵێن
قه‌سیده‌یه‌ك به‌رێوه‌یه‌ و ئێوه‌ وه‌رن ناوی بنێن
یه‌كه‌م شاعیر به‌ ئه‌حمه‌دی خانی بڵێن
حاجی قادریش بیر مه‌كه‌ن
تا ئه‌گه‌نه‌ ئه‌و نالییه‌ی له‌گه‌ڵ سالم و كوردییا
باده‌ی بابانیان له‌ئاوی زینده‌گانیی مێژوو فڕ كرد
با لێره‌ بن جه‌زیری و مه‌حوی و مه‌وله‌وی
گۆران و بێكه‌س و دڵدار
هه‌زار هه‌زار غه‌زه‌لخوانی ئه‌ده‌بی به‌رزی بێ‌ نه‌وی
با خۆیان ئه‌م قه‌سیده‌ی به‌رزه‌ بژنه‌ون
با ناوی نێن به‌ ده‌نگی به‌رز بۆ گشت دنیای بخوێننه‌وه‌
با یه‌كه‌م گریك گوێی لێ‌ بێ‌
با ئه‌ده‌ب خۆی ئاگای لێ‌ بێ‌
هه‌موو عاله‌م چاوی لێ‌ بێ‌
بڵێن ئه‌مه‌یه‌ قه‌سیده‌ی دوا نه‌ته‌وه‌ی بێ‌ ئاڵا و ناو
تولانییه‌ و ته‌واو نابێ‌ به‌ یه‌ك سه‌ده‌ی تری خوێناو
بڕۆن به‌ به‌غدا بڵێن به‌س
هه‌رچی پیتی بزمارییه‌ به‌سه‌ر سه‌ریا هه‌ڵوه‌رێنن
بڵێن خۆی و ئه‌و باشووره‌
به‌راوه‌ڕاوی سۆمه‌ر و ئه‌كه‌ده‌وه‌ بێده‌نگ بكا
ملی دیجله‌ و فورات بگرن و بڵێن وس
ده‌نگتان نه‌یه‌ تا مام ئه‌گاته‌ ده‌باشان
نامه‌ بۆ سوڵتان بنێرن له‌و سه‌ره‌وه‌
ببێ‌ به‌ په‌یكه‌ر تا ئه‌سپی ئه‌سپه‌شێی ڕێ‌ ئه‌گاته‌ جێ‌
به‌و سوڵتانه‌ نوێیه‌ بڵێن 
به‌كۆكه‌ كۆكی عوسمانیی
ئه‌م مه‌رقه‌وی پیاوچاكه‌ی خوا
ئه‌م سنووری پاركی پێغه‌مبه‌رانه‌ی خوا 
ئه‌م وڵاته‌ی ئیبراهیم و نوح و یونس 
هه‌راسان نه‌كا بێ‌ په‌روا 
به‌ئیمام بڵێن به‌س دوعای هه‌زار ساڵه‌ی له‌بیركراو
نوێكاته‌وه‌ بۆ سه‌ر سینه‌ی جابانێكی پاكی كوردی
پێی بڵێن بۆ ئه‌م هه‌ینییه‌ ده‌نگ هه‌ڵنه‌بڕێ‌
مام به‌خوێنی ملیۆن شه‌هیدی كورده‌وه‌
دوا قامه‌تی یه‌كڕیزیی گه‌لێكی بێ‌ كه‌س دائه‌به‌ستێ‌
به‌ڵام به‌زمانی كوردی
به‌ بیابان بڵێن زات نه‌كا په‌نجه‌كانی به‌ با بكا
ئه‌م هه‌ینییه‌ باران بۆ ده‌می هه‌زاران
له‌سه‌ر ته‌نیا یه‌ك شاری گریاو دائه‌كا
به‌پاشاكانی ئه‌و دورگه‌ ڕه‌شانه‌ی دوور بگه‌یه‌نن
له‌سێبه‌ری حوشترێكا دۆش دامێنن
پێیان بڵێن نه‌كه‌ن به‌ پژمه‌ی بێ‌ خێری
سه‌لجوقیكان یان ئه‌مه‌وی و عه‌باسیییه‌كان
شاسوارێكی ماندووی مێژووی 
هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاته‌ بێزار و توڕه‌ بكه‌ن
با بێ‌ ده‌نگ بن تا ئه‌م مامه‌ ده‌گاته‌ جێ‌
ئینجا نه‌عل له‌ پێ‌ بكه‌ن
وا گه‌شته‌ جێ‌ هه‌تاوی ناو ئه‌م هه‌ینییه‌
هه‌ستن له‌سه‌ر دڵ ڕاوه‌ستن
له‌به‌ر تیشكی شۆڕشه‌كه‌ی یه‌ك شوێن بۆ پێ‌ و پێڵاو نییه‌
وا گه‌شته‌ جێ‌ ئه‌م مانگی چوارده‌ی دڵ پڕه‌
هه‌ستن له‌سه‌ر چاو ڕاوه‌ستن
له‌به‌ر دیداره‌ جوانه‌كه‌ی یه‌ك شوێن بۆ تاریكی نییه‌
وا گه‌شته‌ جێ‌ و ئه‌ستێره‌ گوڵ ئه‌بارێنێ‌
عه‌تر خۆی به‌رامه‌ی باخچه‌ 
بۆ ئه‌م ده‌باشانه‌ دێنێ‌
وا گه‌شته‌ جێ‌ و به‌ خاك بڵێن 
ئاممان قورسه‌ ئه‌م دیداره‌
نه‌كه‌ی جه‌سته‌ی فه‌رامۆش كه‌ی
به‌ كفن بڵێن زه‌رد نه‌بێ‌ به‌و زووییه‌
تاساڕێژ ده‌بێ‌ برین و زام و زه‌خمی میلله‌ته‌كه‌ی
به‌و گۆڕه‌ بڵێن گه‌وره‌ بێ‌
هه‌ر خۆی نییه‌ ئه‌و شاسواره‌
هه‌ر شارێك و ده‌ستێكی خۆی
هه‌ر كوردێك و چاوێكی خۆی
هه‌ر ئاڵایه‌ك و ڕه‌نگێكی
هه‌ر تفه‌نگ و فیشه‌كێكی 
ئه‌ڕواته‌ گۆڕ
به‌و قه‌بره‌ بڵێن گه‌وره‌ بێ‌
هه‌ر خۆی نییه‌ ئه‌و بوراقه‌
هه‌ر كتێبێك و وشه‌یه‌ك
هه‌ر شه‌قامه‌ و دره‌ختێكی
هه‌ر ئینجانه‌ و چڵێ‌ گوڵی
هه‌ر گوندێك و كه‌وێلێكی
ئه‌ڕواته‌ گۆڕ
ئێستا نه‌ مامه‌ ته‌نیایه‌ و نه‌ كوردستان
كوردستان له‌ ده‌باشانه‌ و ده‌باشانیش له‌ ناو دڵی هه‌موو كوردان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP