داوود دەگەڕێتەوە
داوود دەگەڕێتەوە ‌ 12/10/2017
“هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بە سەرما
یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما ”
-حەریق-
جەمال غەمبار
داوود دەگەڕێتەوە، دڵی کەنارییەک خەبەری داوە!
بەبێ داوود، ئێمە زەرنەقووتەی بێ دان و ئاوین
بەبێ داوود، ئێمە چاوی بێ خەوین،
ئێمە لوتکەی جەهل و ئێمە خەرەندێکین پڕ لەمردن!
بەبێ داوود، قەبیلەیەکی تفەنگچیین، یەکتری راو دەکەین!
داوود دێتەوە، خەونەکەی دایکم وا دەڵێ !
داوود دەگەڕێتەوە،
لەدەروازەی شار، کێوەکان دەچنە پێشوازی.
دەشتەکان فەرمووی رۆیشتنی
بەسەر دەستی خۆیانی لێدەکەن !
داوود دێتەوە و لە پێشدا دەچێتە سەر “تانجەرۆ”
لەوێوە بانگی پاسارییەکان دەکات
بچن خۆیان “تەعمید” بکەن !
داوود دێتەوە و
باڵندەکانی “سلێمانی” دەبنە پەرژینی .
تاوسەکانی “باخچەی گشتیی” سێبەری بۆ دەکەن !
داوود کە دەگەڕێتەوە،
دڵم لێیداوە، کات شەو دەبێت کە ئەم مانگی دڵە
بە خۆی و سایەقەی ساماڵی،
بە خۆی و شەوقی نوکتەکانییەوە دێتەوە !
ئەستیرەکانی سەرشانی ‘قەڵاچوالان’
گۆچانی ڕووناکیی وەک جاری جاران ئەدەنەوە دەستی .
بۆ سبەی
لەسەر شەرەفی هاتنەوەی ئەم جانی جانانە،
خۆر، نیوەڕۆخوانێکی عاشقانە
بۆ هەنارانی عاریف و بۆ فریشتەکانی داوود ،
بە گوڵ و مرواریی
لە کەناری جارانی بەختەوەری،
لای دەریاچەی پڕ بلوری پێغەمبەران
دەڕازێنێتەوە بە مەی، بە ڕازیانەی خۆشەویستی !
داوود دێتەوە و
من دادی خۆم دەبەمە لای ئەو .
پێی دەڵێم من یەکێکم لە کوڕە غەریبەکانت
من سولەیمانەکەی خۆتم !
لاووکی غەم و
بەیتی غەدر و
مەزمورەکانی غەریبییت بۆ دەچڕم .
پێی دەڵێم :
ڕەنگەکانی ناو دەستی خۆتم بدەرێ
قسەکانی ناو دڵتم بدەرێ
پەلکەزێڕینەی پشت سەری خۆتم پێ ببەخشە !
ئەمجارە جانتاکەم پڕ پڕ دەکەم لە سپێدەی ڕەنگی تۆ
ئەمجارە گیتارەکەم وا دەژەنم،
تەڕ تەڕ بێت بە بارانی دەنگی تۆ.
ئەمجارە گەر بڕۆم، بە تەنیا پێکەنینەکەی تۆ دەبەم.
بە تەنیا چاویلکەکەی بان دییەی تۆ دەبەم.
ئەمجارە گەر تۆفانی سەفەر بردمی
بە تەنیا سنەوبەرێکی عاشقی “دەباشان” لەگەڵ خۆم دەبەم !
کە دێتەوە پێی دەڵێم ؛
– لەسەر لەپی دەستەکانت، باڵندەی نیشتمان ماندووە دەیەوێ سەرخەوێک بشکێنێت.
– ئەوانەی لە بەهەشت دەرکراون ، بلوری دڵیان شکاوە دەیانەوێت لە ئێوارەی برینێکدا
یاقوتی حوزنت لەگەڵدا بەش کەن !
سەفەرەکەی داوود
نە ڕۆژێکە
نە مانگێکە،  نەساڵێک !
سەدەیەکە داوود
لەداخی شەڕەکانی ئێمە
سەفەری کردووە بۆ پشت قەفقاسی تەنیایی.
سەدەیەکە خۆر بەو هەیبەتەی خۆیەوە
لەتاو دووریی داوود
هەموو رۆژێک خۆی ڕووت دەکاتەوە و
خۆی دەهاوێتە ناو ڕووباری مردن و، نامرێت !
سەدەیەکە کانی، بەو چاوە قڕژاڵییانەی خۆیەوە
ئەشکەوتان دەگەڕێ
بن بەرد و تاوێران بۆ داوود تەی دەکات .
داوود لەکوێیت ؟
ئەوە هاواری کانییە لەو شاخانە بەردەبێتەوە ناو عەدەم.
ئەوە دەنگی مێژووە لەو بنارانە چاوەڕێی
گەرووی داوودە هەتا ئەبجەدییەتی ئازارەکانی بڵێتەوە.
لەکوێیت داوود؟
دنیا پڕ بووە لەگورگ و،
دەشتەکان پڕبوون لە قەهر و،
ڕوبارەکان بەدەم خەیاڵەوە ڕێ دەکەن.
باخچەکان شەرابی خۆکوشتن ئەدەنە گوڵەباخ.
لەماڵی کام ئازاردا ڕاکشاویت داوود !
لە سەر بەرماڵی کام ڕەشەبا نوێژ دەکەیت داوود!
لەکام ژووری مێژوودا
چرای میهر بۆ دڵانی تاریک هەڵدەکەیت داوود!
وای داوود، با دونیا بزانێت؛
تۆ ڕۆژێک لەم خەڵوەتە سپییەی خۆت دێیتە دەرێ.
دەچیتەوە لە “یاخسەمەر” قسە لەگەڵ خوادا دەکەیت.
لە نێوان گۆچانەکەی تۆ و مووسادا
ئەو دەبوو بە مار سەمای دەکرد.
لێ گۆچانەکەی تۆ دادەگیرسا
دەچووە دیدەنی ئاو
ڕوباری دەوەستاند ، هەوری ڕا دەگرت !
تۆ دەزانیت داوود ؛
“کاڤاڤیس” شاعیرێکی تەنیا بوو ، هەمیشە دەیوت:
“ئەمێستاکە، بێ هاتنی بەربەرییەکان
داخۆ ئێمە چییمان بەسەر دێت .
داخۆ بەربەرییەکان کەی دێن !” .
کەچی من دەڵێم، ئێمە بەبێ گەڕانەوەی داوود
کەسمان نازانین،
ئەوە خاچی نیشتمانە ئازارمان ئەدات
یان مێخ و بزمارە خوێناوییەکانی خۆمانن
بە دیواری ئەشکەوتەکانی عێراقێکی پڕ ئاشوبدا
هەتا لێوارەکانی مردن هەڵمان دەواسن، چۆن هەڵواسینێک!
ئێمەی منداڵەکانی تۆ داوود
بێ گەڕانەوەی تۆ،
هەموو قاوەگرەوەکانی دونیاش نازانن چییمان بەسەر دێ !
بێ تۆ نازانین چۆن ئەم گوندە ڕوخاوە
بکەینەوە بە ئاوایی هەزارگوڵ و هەزارکانیی و
هەزار باخچە و هەزار عاشقی پڕ ئەوین و جوانیی !
داوود،
ئێمە نازانین بێ چەخماخەی ناو دەستەکانی تۆ
لە تاریکییدا چۆن خۆمان دابگیرسێنین!
داوود بگەڕێوە.
بەرلەوەی ڕەنگەکان سەفەری کۆتا بکەن
بەرلەوەی بەربەرییەکان بگەن
بەرلەوەی کێوەکانی ئەسەف
هاڕە بکەنە ناو ڕوبارەکانی نائومێدیی.
یان چاڵەکانی ئاگر
خۆیان بەهاواری گوڵە شەهیدەکان پڕ کەنەوە،
تۆ بگەڕێوە داوود.
گورگان بەڕێوەن داوود
عاریفانە ژێی تیروکەوانەکەت ڕاکێشە.
وەک جاران عاشقانە چڵێک خەونم بدەرێ،
ئێرە سەرەتایە بۆ هەڵمژینی شیعرێکی قووڵ.
ئەم پێدەشتی ڕۆحە سەرەتایە
بۆ هەڵاتنی نزاکانی یوسف لە بنی بیرە خامۆشەکانی شۆڕش !
دەستێکتم بدەرێ داوود
کانیی برینم هێند قووڵە، ئەم نەزیفی عەزابەم پێ ناوەستێ.
حەرفێکی داگیرساوی خۆتم بدەرێ
چیرۆکی ئەم مردنەم هێند تاریکە
نازانم چۆن چۆنی رۆشنی بکەمەوە داوود !
داوود دڵم خەبەری داوە دێیتەوە و
وڵاتێکم پێدەبەخشیت
پڕە لە باڵندەی عاشق
پڕە لەبارانی وەفا
وڵاتێک بۆ یەکەمجار خۆری لەباکوورەوە لێ هەڵدێ.
بۆ یەکەمجار
هەرچی ئەو تاوسانەی پەڕوباڵی غروریان شکێنراوە
هەرچی ئەو کۆترانەی گمەی شیعریان سوتێنراوە
هەرچی ئەو تەیرەن ئەبابیلانەی لە‘حەبەشە’ دەرکراون
هەرچی ‘نالی’یەکانی دونیایە
دێن و لەبن کەپرەکانی ئەم وڵاتەی تۆدا
دەبنە پەناهەندەی عاشق!
داوود؛
چەندین هەتاوە من چاوەڕێی هەڵهاتنی ڕوخساری تۆ دەکەم .
ئێمە بێ تۆ شیعرمان خاڵییە لە باران،
ئێمە بێ تۆ، نازانین چۆن گوڵدانی ڕۆح
لە تاق و پەنجەرەکانی ئاسمان دابنێین.
بێ تۆ دەبینە خۆڵ، دەچینە چاوی نیشتمانەوە !
داوود؛
بۆ جارێک
بۆ یەک هەناسەش بێت خۆتم نیشان دە،
قیروسیا با هەرچی کێوەکانی دونیایە بسوتێن.
تۆ بەیتێک لە دیوانەکەی خۆتم بدەرێ
ئیدی خوای دەکرد هەموو شاخەکانی دونیا
ئەندێشە دەیگرتن، لە ترسا دەڕوخان !
بێ تۆ، ژیان درەختێکە بێ هاوڕێ ، بێ گەڵای پێکەنین .
بێ تۆ، ژنێتیی رووبار دەکەوێتە ئاگری خەتەرەوە !
بێ تۆ،
سەبەتەی کچان پڕن لە نامەی گلەیی لە ژیان .
داوود
بێ تۆ، من چاوەڕێی مردنێکم
وەک مردنی پەپولەیەک بەسەر خاچەکەی عیساوە
وەک مردنی تریفەیەک
بەدەم چۆڵکردنی گوندێکی ئەنفالەوە !
داوود،
دەترسم هەتا تۆ دەگەڕێیتەوە
کەشتییەک کە ئومێدی بار کردووە
نەگاتە ئەم بەندەرە ڕوخاوەی من.
دەترسم هەتا میوەی گەڕانەوەی تۆ پێدەگات
قەل و داڵەکانی سەرسنوور
سینگی نیشتمان شەقار شەقار کەن و
هەناسەیەک بۆ گۆرانی نەهێڵنەوە!
دەترسم داوود
دەترسم قەلەڕەشەکانی سەحرا بگەن و
چاوە کزەکانی شیعری من هەڵکۆڵن و
فریای بینینت نەکەوم داوود !
دەمەوێ لەسەر دیوارە سپییەکانی دڵم
بە بۆیەی ئاویی ڕەسمی شاخێکی سەوز بکێشم و
لەسەری بنووسم؛
دەگەڕێتەوە،
ئەمجارە بەچەپکێ نوورەوە دەگەڕێتەوە داوود !


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP