مامتان لەگەڵە، لە قەڵاچوالانەوە، لە دەباشانەوە، لە دوكانەوە، لە جادرییەوە
سۆز بۆ مام لە رۆژنامەكەی مامەوە مامتان لەگەڵە، لە قەڵاچوالانەوە، لە دەباشانەوە، لە دوكانەوە، لە جادرییەوە ‌ کوردستانی نوێ‌ 12/10/2017
هەتا ماڵئاواییمان لە تەرمی پیرۆزت نەكرد هەر وامان دەزانی ئەم هەموو بروسكە‌و بەسەرهاتانە، ئەم هەموو گوڵ‌و ئاڵا‌و دروشمانە، ئەم هەموو شیعر‌و پەخشان‌و پرسانە بەشێكن لە كەمپینی نەتەوەیی‌و نیشتمانی، خۆت وتەنی بۆ (جۆشدانەوەی خەبات)ە. بۆ ئەوەیە بۆنەی جەماوەری بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵك، بۆ بڵاوكردنەوەی زیاتر‌و زیاتری بیری كوردایەتی پێشكەوتنخواز. وامان دەزانی ئەم كەمپینەش هەر خۆت بە چاوی دڵ‌و بە نیگای رەخنەگرانەوە سەیری دەكەیت‌و سەرپەرشتی دەكەیت. وامانزانی ئەمجارەش ئەگەر چاك بكەین دەڵێی وعند (كوردستانی نوێ)  الخبر الیقین، وەكو چۆن دەتگوت لای پراڤدا القول الفصل هەبوو. دەستمان لەسەر دڵ بوو نەكا هەڵە بكەین‌و پێمان بڵێیتەوە (ئەزی تێدا شەرمەزارم) ‌و كۆتایی هەفتەش دەستخۆشی ڕاستكردنەوە‌و ڕابوونەوەی كارەكانمان لێ بكەیتەوە.

وامانزانی هەموو ئەم نووسین‌و پۆستەر‌و وەرگێڕانەمان هەر بەشێكە لە كۆششی یەكێتیانە‌و میدیایانە بۆ كۆكردنەوەی كۆمەڵانی خەڵك لە دەوری دروشمەكەی مافی چارەنووس. راستە ئەمانە رەسمی تۆ بوون، وتەی تۆ بوون، خەندە‌و سەرنج‌و لاواندنەوەی تۆ بوون، ئەمما واماندەزانی ئەوە هەر خۆتی ڕامان دەسپێری لەسەر بەدرخان پاشا‌و شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بنووسین‌و یادی شەهیدەكان بكەینەوە، هەر خۆت بە قەڵەمی خۆت ئاخ بۆ شێخ سەعیدی پیران هەڵدەكێشی. واماندەزانی خۆتی دەڵێیت بە باسی شەهیدەكان، فەرماندە قارەمانەكان، سەركردە خۆبەختكردووەكان كەمێكی چاكەی زۆریان بدەنەوە. رەسم رەسمی فەرماندەیی تۆ بوو، بەڵام بەرجەستەی حەسرەتی جەنەراڵ ئیحسان نوری پاشای دەكرد. وێنە وێنەی گەشتی دیپلۆماسی جەنابت بوو. واماندەزانی لەسەر شەریف پاشای خەندان‌و عوسبەتی ئومەم دەنووسین.

وێنە وێنەی خۆت بوو كە لەگەڵ جەماوەر قسەت دەكرد، واماندەزانی شێخ عوبەیدوڵڵایەو لە كۆنگرەی هۆزە كوردەكان پەیڤین دەكات. وێنەكان هی تەمەنی بە بەرەكەت‌و ئاوەدانی خۆت بوو یەكیان دەبووە شێخی نەمر لە بەردەقارەمان، یەكیان وێنەت بوو كە بۆ شەرارە دەتنووسی، كەچی لامان وابوو شینی دەستنووسی مامۆستا برایمە كە گەلاوێژ‌و خەبات دەلاوێنێتەوە. وێنە وێنەی خۆت بوو لە سورداش كە بانگەوازیی ئاشتەوایی گشتی دەدەیت‌و ڕامان دەسپێری لەگەڵ بارزانیش ئاشت ببینەوە‌و حورمەتی شۆڕشی ئەیلول بە هەموو باڵەكانییەوە بگرین.
***
خۆت هەمیشە دەتگوت بۆ حزبە شۆڕشگێڕەكان هەڵبژاردن هەر كورسی‌و دەنگ‌و دەسكەوت نییە، هەڵبژاردن دەرفەتە بۆ جۆشدانەوەی خەبات، بۆ چارەسەری پەیوەندیمان لەگەڵ جەماوەر، ئەگەر ژەنگی هەڵێنابێ. كە دەماننووسی سەفین لەبن بێت، یەكێتی لەبن نایە، واماندەزانی ئەوە هەر خۆت بوویت بە چرپە‌و بە چركە لەگەڵمانی تا ڕامان دەسپێری لە دڵەوە بنووسین تا بچێتە دڵەوە. وامانزانی هەر ئێستا زەنگی تەلەفونەكەیە‌و دەڵێ مام لە قەڵاچۆلانەوە، لە دەباشانەوە، لە دوكانەوە، لە جادرییەوە، لەگەڵتانە.

مام دەپرسێ بۆ ئەم ژمارەیە باسی ئاو‌و باو بارانی تێدا نییە؟ بۆ ئاوەدانی‌و پرۆژەكان، بە ئامار‌و بە ژمارە‌و بە وێنەوە بەسەر ناكەنەوە؟ بۆ یادی شەهیدەكانتان لەبیر كردووە؟ بۆ باسی مافی مەسیحی‌و توركمان ناكەن؟ دیارە ئێوە كۆمەڵێك سمێڵ بابڕن‌و كەیفتان بە مافی ژنان نییە، بۆیە هیچی لەسەر ناڵێن، یەكێتی ژنانتان لێ هاندەم؟ مامەیە‌و راسپاردەی هەیە لەسەر خەت بمێنن هەڤاڵان: دەبوایە لەسەر بێشكچی، لەسەر یەشار كەمال‌و جەواهیری‌و شێركۆ بێكەس زیاترتان بنووسیبا. 
مامەیە و دەڵێ:
دۆستێكی دێرینی خۆم هەیە شتێكی لەسەر كوردستان نووسیووە. باسی بكەن‌و رۆژنامەكەتانی پێ بڕازێننەوە.
هەڤاڵان مامەیە و دەڵێت:
كەركوك ‌و فەیلییەكان بایەخی زیاتریان دەوێت؟. خانووە قوڕەكان‌و هەژارانی لادێ بۆ ڕەنگ نادەنەوە لە لاپەڕەكانی كوردستانی نوێ دا؟ دیارە ئێوە بوونەتە ئەفەندی سەر چەور بە ئیستلاحی پشدەری، بۆیە گوندەكانتان فەرامۆش كردووە كە وەك ئاو وا بوون بۆ ماسییەكەی شۆڕش. سۆشیال دیموكراتەكان لە ئەوروپا بردوویانەتەوە‌و ئێوە هیچتان لەسەر نەنووسیون؟

لەسەر ئایشەشان نانووسن؟ هەر خەریكی رەسمی مام جەلالن بە كوڵاوی‌و بە برژاوی؟
لاپەڕەیەك تەرخان بكەن بۆ رێكخراوە پیشەییەكان، ئەمانە گرنگن بۆ خەباتی جەماهیری؟ رۆڵە ئەم هەموو هەڵە زمانەوانییە چییە؟ دیارە دیارە ئێوە.... زمانی كوردی نازانن سەیری گۆڤاری گەلاوێژ بكەن. ئەو کوردییە جوانەیان هەبوو.

با كاكە نەوە بۆتان روون بكاتەوە، پرۆفیسۆر دكتۆر عیزەدینتان لەیاد نەچێت؟

پێم خۆشە پاشكۆتان لەسەر موكری هەیە، ئەو دۆسێیەی لەسەر سەعید نورسییە شتی چاكە، لەسەر یەكی ئایار‌و دكتۆرەكەی ماوچی تۆنگ بنووسن كە بیرۆكەی دەرزی ئاژنی هەبوو؟  دڵدار‌و دڵزار‌و عەزیز شەمزینی كوان؟ سۆسیال ئینتەرناسیۆنال‌و شیعری حاجی قادری كۆیی؟ یادی كاك رەسوڵ مامەند‌و كاكی كاكان‌و شەهید ئارام بارزتر بكەن.

شتێكم لەسەر خاڵە شیهاب‌و هاوڕێكانی نووسیوە، بۆ تیڤی بنێرن‌و چەند جارێك بخوێنرێتەوە. برادەرانی عەزیز وتمان ئازاد‌و دیموكرات بن، بەڵام بێ وەفاش مەبن بەرامبەر سەرهەنگ قەزافی كە لە تەنگانەدا پشتیوانمان بوو.
* * *
لە كۆبوونەوەكاندا دەتگوت: چاكەی كۆماری ئیسلامی لە هەڵەبجە‌و كۆڕە‌و و ئەنفال لەیاد مەكەن، بەڵام خەباتی كوردستانیمان بەشی یادی قاسملۆ‌و شەرەفكەندی‌و د.جەعفەری شەفیعیشی تێدایە. دەتگوت یەكێتی هێزی لەبن نەهاتوو ‌و دامەزراوەی كوردستانێتییەكی واقیعییە كە بۆ مافی چارەنووس خەبات دەكات، ئەمما باكوور میسری كوردستانتان لەیاد بێت كە ئاپۆ رەمزە خۆڕاگرەكەیەتی. چاكەی حافز ئەلئەسەد‌و سوریاكەیمان لەیاد نەچێ، بەڵام شام شەكرە ئەمما وڵات شیرینترە كە كۆبانی موقاوەمەت دەكات.

چێ گیڤارانە نەك تشی گیڤارا، لەسەر چین و ماچین، لەسەر مەلای گەورە بنووسن. كوردستانی نوێ دیارە لە بیرتان چووەتەوە خۆیشم كەركوكیم. قامووسی ئیعلامی توركیا باسی كوردستانێتی كەركوكی كردووە. پێم باشە بایەخی زۆرتر بدەن بە ئێزدییەكان، ئەوانە تێكۆشەری هەڵكەوتووی باشیان تێدا بوو لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە.

هەتا ماڵئاواییمان لێ نەكردی‌، وامانزانی خۆت لە كایەكەدای. ئێستاش كە ماڵئاواییمان لێ كردووی پێمان وایە‌و هەر واشە، خۆت لە كایەكەدای ئەلو تەلەفۆنە لە قەڵاچوالانەوە، لە دەباشانەوە، لە دوكانەوە، لە جادرییەوە مامتان لەگەڵە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP