سەرۆکی ھەرێم پیرۆزبایی لێکردن
کوردانی ئێزدی، جەژنی چلەی ھاوین پیرۆز دەکەن
29/7/2010
کوردستانی نوێ- لەم رۆژانەدا کوردانی ئێزدی کوردستان و جیھان بەبۆنەی ھاتنی جەژنی چلەی ھاوینەوە ئاھەنگ دەگێڕن و ئەو جەژنە پیرۆزدەکەن. کوردانی ئێزدی خاوەنی تایبەتمەندیی نەتەوەیی و ئایینین و لەچەند ناوچەیەکی کوردستاندا لەگەڵا برا کوردەکانی تریان بەئاشتی و خۆشی پێکەوە دەژین. جەژنی چلەی ھاوینیش یەکێکە لەجەژنە پیرۆزەکانی کوردانی ئێزدی و ھەموو ساڵێک لەم کاتەدا بەرزو پیرۆز رایدەگرن. کوردانی ئێزدی، سەرەڕای ئەو ستەم و زۆرداری تاوانانەی وەک کورد لێیان کراوە، وەک پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی رووبەڕووی گوشارو کوشتار و ئازاردان و راوەدوونان بوونەتەوە. لەمێژوودا چەند جارێک تاوانی گەورە دەرھەقیان ئەنجامدراوەو بوونەتە قوربانیی باوەڕدارییان بەڕێبازە ئاینییەکەیان، رێگرییان لێکراوە لەپیادەکردنی تقوس و سروتە ئاینییەکان و گوشاریان خراوەتە سەر بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئایینی یان نەتەوەیی خۆیان. ھەروەھا بەدرێژایی تەمەنیان دووچاری ٧٢ فەرمان و شاڵاوی راگواستن بوونەتەوە کەقورسترینیان ئەو ھەڵمەتە توندە بوو کە لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا کراوەتە سەریان. ئەمساڵیش بەو بۆنەیەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردانی ئێزدی کردووە. سەرۆکی ھەرێم ھیوادارە کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان بەخۆشی و کامەرانی لەکوردستانی سەرفرازو لەسایەی ئەزموونی دیموکراتی کوردستاندا بۆ بگەڕێتەوە. ئومێدەواریشە کەمافی گشت پێکھاتەکان و مافە ئاینییەکانی ئەو پێکھاتە لەعیراقی فیدرال و دیموکرات دەستەبەر بکرێت.
|
|
|
|
|
|
|
|
|