مه‌سعود بارزانی: خه‌ڵكی كه‌ركوك خۆیان چاره‌نووسی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن
مه‌سعود بارزانی: خه‌ڵكی كه‌ركوك خۆیان چاره‌نووسی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن ‌ 13/9/2017
كه‌ركوك، عومه‌ر غه‌ریب
دوێنێ، به‌ڕێزان مه‌سعود بارزانی‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی؛ سه‌ردانی پارێزگای كه‌ركوكیان كردو له‌گه‌ڵ د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك‌و لێپرسراوانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك‌و نوێنه‌ری حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌دا كۆبوونه‌وه‌.
ریفراندۆم بڕیاری گەلێکە
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی؛ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی روونكرده‌وه‌، كه‌ بۆ خستنه‌ڕووی پێشهاته‌كان‌و ئاشكراكردنی راوبۆچوونه‌كانه‌ له‌باره‌ی دۆخی ئێستاو رایگه‌یاند: كه‌ركوك شارێكی كوردستانییه‌، نموونه‌یه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینی‌و پێویسته‌ ئه‌و نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیانه‌ بپارێزرێت‌و زیاترو زیاتریش به‌ره‌وپێش ببرێت. له‌باره‌ی پرسی ریفراندۆمیشه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد «بڕیاری ریفراندۆم، بڕیاری شه‌خسێك‌و حزبێك‌و چه‌ند حزبێك نییه‌، به‌ڵكو بڕیاری گه‌لێكه‌»و وتیشی: ره‌نگه‌ پرسیار بكرێت بۆچی بڕیاری ریفراندۆم دراوه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ «له‌عیراقی نوێدا نه‌توانراوه‌ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ دروستبكرێت، ئه‌گه‌ریش رێگه‌یه‌كی تر هه‌بوایه‌ بۆ چاره‌سه‌ر ده‌مانگرته‌به‌ر». وتیشی: ناكرێت له‌عیراقدا ناسنامه‌ی پێكهاته‌یه‌ك به‌سه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تردا بسه‌پێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ش یان ده‌بوو ئه‌وه‌ قبووڵ بكه‌ین یاخود رێگه‌یه‌كی تر هه‌ڵبژێرین، ئه‌وه‌بوو رۆژی 7ی حوزه‌یران ئه‌و بڕیاره‌ درا كه‌ گه‌لی كوردستان بڕیار له‌چاره‌نووسی خۆی بدات‌و وتیشی: ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی سنووری كوردستان نییه‌، ریفراندۆم ئیمتیازێك نییه‌ بۆ كورد، به‌ڵكو ئیمتیازێكه‌ بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، پێشمانوایه‌ چاره‌نووسی كه‌ركوك ده‌بێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت‌و رێگه‌نادرێت هیچ ئه‌جێندایه‌ك له‌سه‌ر كه‌ركوك فه‌رزبكرێت، بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی كوردیشه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بێت ده‌وڵه‌تی هه‌موو پێكهاته‌كان بێت‌و به‌ده‌ستووریش مافی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌پارێزین‌و ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیش ده‌بێت، هه‌ر پارێزگایه‌كیش ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی وڵاتانیش له‌سه‌ر ریفراندۆم، وتی: ئێمه‌ ناچین به‌وڵاتان بڵێین تۆ چی ده‌ڵێی ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكه‌ین؟، ئه‌وه‌شی له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی هه‌ندێ وڵات ده‌وترێت مه‌رج نییه‌ له‌ناوه‌رۆكدا وابێت. ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ نابێت خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ڕیفراندۆم سڵ بكه‌نه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك كورد نیه‌تی خراپمان نییه‌.
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا، خه‌ڵكی كه‌ركوكی دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ بۆ داهاتوو هیچ جیاكارییه‌ك له‌نێوان پێكهاته‌كاندا نابێت‌و ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی ده‌بێت نه‌ك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
ئۆپەراسیۆنی حەویجە
تایبه‌ت به‌پرسی دواخستنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی حه‌ویجه‌ش، ئاشكرایكرد ئێمه‌ ده‌مانویست ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌زوویی بكرێت، به‌ڵام نه‌ده‌بوو به‌بێ هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی عیراق‌و هاوپه‌یمانان بكرێت‌و دواكه‌وتنه‌كه‌شی بۆ حكومه‌تی عیراق ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌دوای ریفراندۆم، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كان بیانه‌وێت ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین‌و مافی پێكهاته‌كان له‌ناو ده‌ستووردا جێگیرده‌كه‌ین، ئه‌وه‌شی پێكهاته‌كان له‌سه‌ری رازیی نه‌بن له‌ده‌ستووردا نابێت‌و وتیشی: له‌دوای گشتپرسی وه‌ك كورد رازین ته‌نازول له‌به‌شێك له‌مافه‌كانیشمان بكه‌ین بۆ پێكهاته‌كانی تر، به‌ڵام سازش له‌سه‌ر ناسنامه‌ی كه‌ركوك ناكه‌ین.



ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP