یه‌كێتی به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر
یه‌كێتی به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر ‌ 18/5/2017
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌، به‌ئاماده‌بوونی‌ عومه‌ر فه‌تاح‌و حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا‌و سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، بێگه‌رد تاڵه‌بانی‌‌و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌ندامانی‌ سه‌كردایه‌تی‌، ئێواره‌ی‌ 16/5 پێشوازی‌ له‌وه‌فدێكی‌ رێكخراوی‌ كۆنراد ئه‌دناوه‌ری‌ ئه‌ڵمانی‌ كرد، كه‌ رێكخراوێكی‌ سیاسیی سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ مه‌سیحی‌ (پارته‌كه‌ی‌ راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌نجێلا مێركل)ه‌‌و پێكهاتبوون له‌ د.گیرهارد ڤالیرس، توماس ڤیرنگه‌ر، فلیپ میوله‌ر، نیلس ورمێر، لوكاس لامپیرتی‌، نور مه‌یسا.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، مه‌لا به‌ختیار؛ ئومێدیخواست، كه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان، ببێته‌مایه‌ی‌ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌و حكومه‌ت‌و گه‌لی ئه‌ڵمانیا‌، پشتیوانیكردن‌و هاوكارییه‌كانی ئه‌ڵمانیاشی‌ بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌مایه‌ی‌ شانازیی‌ ناوبردو سوپاسی‌ گه‌له‌كه‌مانی‌ ئاراسته‌كردن‌و وتی‌: یه‌كێك له‌باشترین چه‌كه‌كانی‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌كاریهێناو له‌تێكشكاندنی‌ داعشدا سوودی‌ زۆری لێوه‌رگرت، چه‌كی‌ میلان؛ بوو.
بڕیاری‌ زۆرینه‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌شمان چی‌ بێت، ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌كه‌ین
له‌باره‌ی‌ سیاسه‌تی‌ یه‌كێتی-شه‌وه‌، رایگه‌یاند: ستراتیجمان وایه‌، كه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ كێشه‌ی‌ گه‌لانی‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كێشه‌ یاسایییه‌كان‌و سیستمه‌كان، له‌ناوچه‌كه‌ جۆرێك له‌چاره‌سه‌ری‌ بۆ بدۆزرێته‌وه‌‌و وتیشی: ناكرێ‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ شه‌ش ساڵه‌ شه‌ڕی‌ تێدایه‌و زیاتر له‌دوو ملیۆن مرۆڤ كوژراوه‌و برینداركراوه‌، ئه‌م حكومه‌تانه‌ وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌هه‌ر چۆنێك له‌دۆخه‌كه‌ ده‌ڕوانین، مه‌ترسیمان هه‌یه‌، چیكه‌ ناتوانین چاوه‌ڕێ‌ بكه‌ین‌و بزانین رووداوه‌كان به‌ره‌و كوێمان ده‌به‌ن، بۆیه‌ بڕیارمانوایه‌ ریفراندۆم بكه‌ین، هه‌تا رای‌ گشتی‌ دنیا بزانێت رای‌ میلله‌ته‌كه‌مان بۆ ریفراندۆم چیمان پێده‌ڵێت، بڕیاری‌ زۆرینه‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌شمان چی‌ بێت، ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌كه‌ین.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌هه‌ر وێستگه‌یه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر هاته‌پێشه‌وه‌، یه‌كێتی به‌شێك ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ر، به‌ڵام رێگه‌ش ناده‌ین جارێكی‌ تر كه‌ركوك، خانه‌قین، مه‌خمورو ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، وه‌كو شه‌نگالی لێبێت.
ستراتیجێكی‌ نوێ به‌ئامانجی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ داعش پێویسته‌
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا؛ به‌گرنگییه‌وه‌ له‌ڕۆڵی‌ ئه‌ڵمانیا له‌شه‌ڕی‌ دژی داعش دواو به‌بایه‌خه‌وه‌ هاوكاری‌و پشتیوانییه‌كانیانی هه‌ڵسه‌نگاند، دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ راسته‌ ئێستا داعش له‌تێكشكاندایه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌ موسڵدا، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانیان كۆتایی‌ نایه‌ت‌و هه‌وڵده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر كاره‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ ئه‌نجامبدات. له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ستراتیجێكی‌ نوێی‌ به‌ئامانجی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ داعش، به‌پێویستی‌ سه‌ره‌كی‌ ناوبرد.
لای خۆیشییانه‌وه‌، د.گیرهارد ڤالیرس سه‌رۆكی‌ وه‌فده‌كه‌‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ سه‌نته‌ری‌ كۆنراد ئه‌دناوه‌ر، خۆشحاڵی‌ نیشاندا كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستاندا، كۆده‌بنه‌وه‌و وتی: له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كانی‌ یه‌كێتین، واهه‌ستده‌كه‌م ده‌مێكه‌ یه‌كتر ده‌ناسین. هاوكات، پاشئه‌وه‌ی‌ روونكردنه‌وه‌و زانیاریی‌ پێویستی‌ له‌باره‌ی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ خسته‌ڕوو، كه‌ سه‌نته‌رێكی‌ سیاسییه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌سنووری‌ چالاكییه‌كانیان كرد كه‌ له‌80 وڵات كارده‌كه‌ن‌و كوردستانیش له‌چوارچێوه‌ی‌ چالاكییه‌كانیاندایه‌.

له‌پێشوازی پارتی‌ دیموكراتی‌ پێشكه‌وتنخوازی‌ كورد له‌سوریا
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و هه‌مان رۆژ، مه‌لا به‌ختیار؛ به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌؛ پێشوازییان له‌وه‌فدێكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ پێشكه‌وتنخوازی‌ كورد له‌سوریا، كرد.
له‌دیداره‌كه‌یاندا، مه‌لا به‌ختیار؛ رایگه‌یاند: وه‌ك یه‌كێتی به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ چاره‌نووسی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان بگاته‌ ئه‌نجام‌و وتیشی‌: بۆ یه‌كێتی گرنگه‌، كورد له‌هیچ شوێنێك نه‌شكێت، حوكمڕانییه‌كه‌ی‌ نه‌شكێت‌و دڵی‌ هیچ دوژمنێكیش به‌خۆمان خۆش نه‌كه‌ین.
له‌لایه‌ن خۆیشییانه‌وه‌، وه‌فده‌كه‌، ئه‌وه‌یان دووپاتكرده‌وه‌ كه‌بارودۆخی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان، بارودۆخێكی‌ ته‌واو هه‌ستیاره‌و قۆناغه‌كه‌ش، قۆناغێكی‌ چاره‌نووسسازه‌ سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی‌ سوریا.



ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7274
23/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ زڤیریڤ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌ 23/5/2017
‌ فه‌نارباخچه‌ پاڵه‌وانی ئه‌وروپایه‌ 23/5/2017
زانست
‌ یاری (Spinner) جیهان داگیر ده‌كات 23/5/2017
‌ زاناكان: لاشه‌ی مرۆڤ پێكهاته‌ی كیمیایی خاك ده‌گۆڕێت 23/5/2017
‌ قرشێكی ده‌گمه‌ن له‌ گڕكانه‌ چالاكه‌كاندا ده‌ژی 17/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP