سوپاسنامەی خانەوادەی مام
سوپاسنامەی خانەوادەی مام ‌ 10/10/2017
ئێوارەی دوێنێ قوباد تاڵەبانی، بەناوی خانەوادەی سەرۆك مام جەلال-ەوە، پەیامێكی بڵاوكردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی: 

هاونیشتمانیانی بەڕێز
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە هەر چوار پارچەكەو تەواوی گەلانی عیراق
سڵاوتان لێبێت
بەناوی خانەوادەو تەواوی كەسوكاری سەرۆك مام جەلال، مامی خۆشەویستتان، سوپاسی یەكە بەیەكەتان دەكەین بۆ دەربڕینی خەم‌و پەژارەتان لەدوای كۆچی مام. 
وەك چۆن لەسەر گۆڕە پیرۆزەكەی سەرۆك مام جەلال ئاماژەم پێدا، لێرەش دەیڵێمەوە بۆ خۆتان خۆشبن، چونكە ئێمە باش دەزانین كە مام تەنها هی ئێمە نەبوو، مام تەنها هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبوو، مام تەنها هی كوردستانیش نەبوو، بەڵكو مام رابەرێك بوو كە دەیتوانی سنووری بنەماڵەكەی، حزبەكەی، نەتەوەكەی‌و وڵاتەكەی ببەزێنێت‌و ببێتە موڵكی هەمووان، تەنها دەربڕینی ئەم هەموو پرسەنامەیە لەلایەن حكومەتەكانی وڵاتەكانی جیهان نیشانەی ئەوەیە كە مام لەخانووە قووڕەكانی كوردستانەوە تا پایتەختەكانی وڵاتە گەورەكانی جیهان كاریگەریی هەبوو.
دۆستانی سەرۆك مام جەلال
بەپێزانینێكی زۆرەوە ئەو فرمێسك‌و خەم‌و پەژارەیەی كە دەرتان بڕی لەم چەند رۆژەی رابردوودا، كەمێك لەبرینە قووڵەكەی ئێمەی ساڕێژ كرد، هەر لێرەشەوە دەمانەوێت سوپاسی هەموو ئەو كەس‌و لایەنانە بكەین كە ئەركیان كێشاو هەستان بە رێكخستنی مەراسیم‌و پرسەكان بۆ مامی خۆیان، لە جەنابی كاك مەسعودەوە تا سەرۆكی حكومەت‌و هەموو دام‌و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەتایبەت فەرمانگەی پرۆتۆكۆلی هەرێم‌و پاسەوانانی شەرەف بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی پێشوازی لەتەرمی مام جەلال، تا لیژنە هاوبەشەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئامادەكردن‌و بەڕێوەبردنی پرسەكان لەسەرتاپای هەرێمی كوردستان‌و بەغداو جیهان.
دەمەوێت سوپاسی رێكخستنەكانی لایەنەكان‌و رێكخراوە جەماوەرییەكانیان بكەم بۆ بەشدارییان‌و بەڕێوەبردنی پرسە مێژووییەكان لەهەولێری پایتەختەوە تا سلێمانی شاری هەڵمەت‌و قوربانی، لەكەركوكی قودس تا دهۆكی رەنگین، لەخانەقینی لە دڵا شیرین‌و گەرمیانی پڕ ورەو ئازایەتی بۆ رانیەی دەروازەی راپەڕین، تا هەڵەبجە كە بەچەكی كیمیاییش شەهید نەكرا، بۆ كۆیەی حاجی قادرو هی كاكی كاكان، هەموو شوێنەكانی دیكە، سوپاسی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ ماندووبوونیان لەبەشداریی پرسەكاندا.
سوپاسی مامۆستایانی ئایینی دەكەین، سوپاسی سەرجەم میدیاكانی كوردستان دەكەین كە گرنگییەكی تەواویان بەم بۆنەیە داو دەستی ماندووبوونی یەكەبەیەكەی كارمەندەكانیان دەگوشین. ئێمە دەزانین فرمێسك‌و ماتەمینی كارمەندانی میدیاكانی كوردستان ئاوێتەبوونی پەیوەندییەكانی چەند ساڵەی نێوان مام‌و ئازادی، مام‌و میدیایە.
سوپاسی بەرپرسان‌و گەلانی عیراق دەكەین لەسەرووی هەموویانەوە سەماحەتی سەید سیستانی بۆ هاوخەمییان، بەڕێزان سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكانیان بۆ پێشنیازی بەستنی مەراسیمی رێزلێنان لەبەغدا.
سوپاسی ئامادەبوونی جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران‌و نێردەی تایبەتی مەلیكی ئوردن دەكەین بۆ بەشدارییان لەمەراسیمی پێشوازی، سوپاسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی جەنابی سەرۆك كۆماری توركیا، لەگەڵ هەموو بروسكەی ماتەمینی دەوڵەتان‌و دۆستانی مام بەباڵیۆزو سەر كونسوڵ‌و نوێنەرانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین.
سوپاسی هەموو هێزەكانی پێشمەرگەو دژەتیرۆرو ئاسایش‌و زێرەڤانی‌و بەرگری‌و فریاكەوتن‌و پۆلیس‌و هێزەكانی تری ناوخۆ دەكەین كە بەسەلامەتی بەشداربووانی پرسەو مەراسیمەكانیان وەك بیلبیلەی چاویان پاراست.
سوپاسی كوردانی باكوورو رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا دەكەین كە بەسازدانی پرسەكانیان، بە كردار سەلماندیان كە مام هی هەمووان بوو، سوپاسی كوردانی خۆشەویستی هەندەرانیش دەكەین بۆ خەمخۆرییان.
سوپاسی هەموو ئەو قارەمانانە دەكەین كە هاوخەباتی مام بوون كە هەندێكیان وەك كاك نەوشیروانی رەحمەتی، د.قاسملو، سەید محەمەد باقر حەكیم بەداخەوە ئەمڕۆ لەگەڵمان نین، سوپاسی سكرتاریەت‌و ستاف‌و دەستەی پاسەوانی‌و لیواكان‌و كوڕەكانی ماڵی مام كە هەمیشە بەپێشمەرگەكانی ماڵەوە ناوی دەهێنان، سوپاسیان دەكەین بۆ خزمەتی شەوو رۆژی دەیەها ساڵیان.
سوپاسی تیمی پزیشكیی تایبەتی مام دەكەین كە بۆ نزیكەی دە ساڵە شەوو رۆژ لەخزمەتی بوون، بەتایبەت لەم پێنج ساڵەی رابردوو بەهاوكاری تیمی پزیشكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەركی خۆیان هەستان‌و ئەوەی پێیان كرا، كردیان.
لەدڵی ئێمە هەمووتان هەمیشە ئەندامن لەخانەوادەی مام. گەورەترین شانازییە بۆ ئێمە كە بەچاوی خۆمان بینیمان مام لەژیانی سەختی شاخ‌و پێشمەرگایەتییەوە، خەباتی گواستەوە بۆ شۆڕشی مەیدان‌و لەئەشكەوتەكانی كوردستانەوە گەیشتە كۆشكی ئاشتی‌و هەڵبژێردرا وەك یەكەم سەرۆك كۆماری كورد لەمێژووی عیراقدا.
روونە بۆ هەموو لایەك ئەو كەلێنە گەورەیەی كە لەغیابی مام دروست بوو، بەیەك، یان دوو كەس پڕنابێتەوە، بەڵكو بەتەبایی‌و یەكڕیزیی گەلەكەمان دەتوانین نەهێڵین دووری مام زۆر بەمیللەتەكەمانەوە دیار بێت.
ئەركە لەسەر هەموومان كە رێبازە پیرۆزەكەی مامی هەمووان بەرنەدەین، دوور لەسیاسەتی رق‌و كینە خەبات بكەین بۆ یەكخستنەوەی ریزەكانی گەلەكەمان‌و تێپەڕاندنی دۆخە نالەبارو نەخوازراوەكان.
هەروەك چۆن مام دەیتوانی ئێران‌و ئەمریكا پێكبهێنێ، سووننەو شیعەو هەموو پێكهاتەكانی عیراق نزیك بكاتەوە لەیەك، با پەند لەئەزموونی وەربگرین‌و پشت بەڕێبازی مام ببەستین.
بە نەسرەوتن تا سەركەوتن، پێكەوە بەسەركەوتوویی ئەم قۆناغە نوێیە بەڕێوە ببەین.
دووبارە لەجیاتی خانەوادەو كەسوكاری سەرۆك مام جەلال سوپاسی بێپایانتان ئاڕاستە دەكەین‌و دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەریەكەمان رێبازەكەی مامی گەورەتان دەپارێزین.
دروود بۆ گیانی پاكی هەڤاڵ مام جەلال‌و شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازیی گەلەكەمان.
هەرشادو سەربەرزو سەركەوتوو بن. 



ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP