دەرۆزەکردن و مەترسییەکانی

09:42 - 2024-04-03
نەرمین عوسمان
219 خوێندراوەتەوە

دەرۆزەکردن کارێکی بێزراوە و لەڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە رەتکراوەیە، هەروەها بەهۆی فراوانبوونییەوە بەپێی یاسا قەدەغەکراوە و سزای تا زیندانیکردنیشی بۆ دەرکراوە. 
«یاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ بڕیاریداوە هەر کەسێک تەمەنی 18 ساڵیی تەواوکردبێت، هەروەها لەسەر رێگەیەکی‌ گشتی‌ دەرۆزە بکات بکات، ئەوا سزاکەی زیندانیکردن دەبێت بە مەرجی‌ ئەوەی کە ماوەی زیندانیکردنەکە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت».
راستە ئەو دیاردەیە یاسای بۆ دەرکراوە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە رێگەی لێبگرێت، بەڵکو ئامارەکان وای دەخەنەڕوو کە دیاردەکە فراوانتر بووە، تەنانەت بۆتە جۆرێک لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و چەندین باندی مافیایی سەرۆکارییان دەکەن. هەروەها خەڵکی وڵاتانی بیانیش بەشداریی پێدەکرێن لەو کارە قێزەونەدا و هەندێکجار بۆ سیخوڕیکردنیش بەکاردەهێنرین.
بەگوێرەی ناوەندی‌ ستراتیژی‌ بۆ مافی‌ مرۆڤ لە عیراق، هاتووە کە «زیاتر لە 500 هەزار دەرۆزکەر لە هەرێمی کوردستان، باشوور و ناوەڕاستی‌ عیراقدا هەن، بەشێکیان عیراقی‌ و بەشێکیشیان بیانین».
بێگومان بوونی ئەو ژمارە زۆرەی دەرۆزکەر لە عیراق، جۆرێکە لە کارەساتی مرۆیی، پرسیاری زۆر دروستدەکەن لەو رووەوەی بۆچی لە عیراقدا ئەو ژمارە زۆرە دەرۆزەکەر هەیە؟ ئەی بۆچی هاووڵاتیی عیراقی هەبێت دەرۆزکەربێت، کەچی هاووڵاتییی وڵاتی دیکەش بێن و هەر لەو وڵاتەدا دەرۆزە بکەن؟
فراوانبوونی دیاردەی دەرۆزەکردن لە عیراق و بوونی ئەو ژمارە زۆرە کە لە ئامارەکاندا هاتووە، هۆکاری زۆری هەیە لەوانە:
یەکەم: خراپیی بارودۆخی خەڵک و نەبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ کارکردن.
دووەم: کۆمەڵگەی عیراقی کۆمەڵگەی ئایینی و ویژدان جووڵاوە، بۆیە دیاردەی دەرۆزەکردن بەشێوەیەک دەکرێت کە سۆزی کەسێکی دیکەی ئاسان پێ رابکێشرێت و بێ مایە و سەرمایەیە و داهاتیشی زۆرە.
سێیەم: زۆرجار هۆکاری دەرۆزەکەری هەژاریی نییە، بەڵکو خووپێوەگرتنە، دەنا خەڵکی هەژاری راستەقینە هەرگیز هانا بۆ ئەو دیاردەیە نابات و بە پارووە نانێکی خۆی دەژی نەک دەستپانکردنەوە.
چوارەم: شەڕ و کوشتن و بێ سەرپەرشتیاری و هاتنی ژمارەیەکی زۆر بیانی لە وڵاتانی هەژارەوە، وادەکەن ئەو دیاردەیە برەوی پێبدرێت و پارەیەکی زۆر لەو رێگەیەوە کۆبکرێتەوە.
پێنجەم: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونی دیاردەی دەرۆزەکردن، بریتییە لەوەی مافیاکان لەو رێگەیەوە وەکو جۆرێک لە بازرگانی بە مرۆڤەوە بەکاریدەهێنن و کاری لەسەر دەکەن.
زانیاریی زۆر هەن لەبارەی ئەوەی گروپی گەورە هەن و سەرپەرشتیی کاری دەرۆزەکەری دەکەن، ئەوەم بیستووە کە شوێن و فولکە هەیە بە کرێ دەدرێت بە خەڵكانی هەرزەکار و ئەوانەی دەرۆزەکەرن بە رۆژانە و مانگانە و هەفتانە و ئەو شوێنانە بۆ مافیاکان بوونەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بزنس.
هەر هۆکارێک لەو هۆکارانە کاریگەریی هەبێت بۆ زۆربوونی دیاردەی دەرۆزەکردن، پێویستە وەکو مەترسیی گەورە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی ببینرێت و رێوشوێنی توندی بەرامبەر بگیرێتەبەر، بەوپێیەی ئەو دیاردەیە ژیانی مرۆڤگەلێک وێران دەکات و خەڵکی مشەخۆر دروستدەکات کە بۆ داهاتووی خودی خێزانەکانیشیان زۆر مەترسیدارە و کارێکیشە جگە لە نەنگی هیچ شانازییەک لەگەڵ 
خۆیدا ناهێنێت.

وتارەکانی نوسەر