گەنجانی پشدەر لە بێکاریدا کۆچ دەکەن

09:54 - 2024-01-24
ڕاپۆرت
182 جار خوێندراوەتەوە
#بێکاریی هۆکارێکی سەرەکیی کۆچی گەنجانە

بەپێی ئەو ئامارانەی رێکخراوێکی گەنجان لە سنوورەکەدا بڵاویکردۆتەوە، بێکاریی تەنگی بە گەنجانی قەزای پشدەری ئیدارەی راپەڕین هەڵچنیووە، رێژەیەکی زۆر وڵات بەجێدەهێڵن و جیابوونەوەی هاوسەرانیش زۆر زیاترە لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەردارێتی.
70 %ی گەنجانی پشدەر بێکارن
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی گەنجانی قەڵادزێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانووسیدا ئەو ئامارانەی بڵاوکردەوە کە رێکخراوەکەیان لە ساڵی رابردوودا بۆ گەنجانی سنووری قەزای پشدەر دەستیکەوتووە و دەڵێت: نازانین ناوی بنێین چی؟، کارەساتی مرۆیی! یان کارەساتی سەدە، ئەوە ئامارێکە هەموان تووشی شۆک دەکات، دەبێت هەموانیش بەرپرس بن لە سەروویانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوە دەرهاویشتەی لالێنەکردنەوەیە لەو ناوچەیە.
 بێکاریی وەک مۆتەکە یەخەی گەنجانی ئەم سنوورەی گرتووە و بەری نادات، گەنجانی بێزار و بێ هیوا کردووە.
وتیشی: «بەپێی ئەو ئامارانەی رێکخراوی گەنجانی راپەڕین دەستیکەوتووە، زیاتر لە 70 %ی گەنجانی سنووری قەزای پشدەر بێکارن، هیچ داهات و کارێکیان نییە، ئەو 30 %-ەی دیکەش زۆرینەیان ئەوانەن کە فەرمانبەری حکومەت، گرێبەست و مامۆستای وانەبێژ و پێشمەرگە و لەناو هێزە ئەمنییەکاندان، لەکاتێکدا ئەوانیش گیرۆدەی بێ مووچەیی و مووچەبڕینن.
 کەرتی گشتی بۆخۆی لە قەیراندایە و کەرتی تایبەتیش تاکوتەرا نەبێت نابینرێت، کز و لاوازە. بە هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە و تەنانەت هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، ماستەر و دکتۆراش هەن بێکارن. لەو راپرسییەدا، قسە لەگەڵ دوو هەزار کەس کراوە و لێدوانیان لێ وەرگیراوە، تێیدا زۆرترین بڕە پارە کە گەنجان لە رۆژێکدا دەستییان دەکەوێت، 10 هەزار دینارە.
«جیابوونەوە زیاترە لە پێکهێنانی خێزان»
لە درێژەی قسەکانیدا ئەحمەد حەسەن، باسی لە دیاردەیەکی دیکە کرد، کە دەرهاویشتەی بێکارییە، ئەویش رێژەی زۆری جیابوونەوەی هاوسەرانە (تەڵاق)، لەوبارەیەشەوە دەڵێت: «تەڵاق لە ساڵی 2023 بە رێژەی 71 % زیادیکردووە، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێکهێنانی خێزان، زۆر زیاتر بووە لە گرێبەستی نوێ، ئەو ئامارانەشییان لە دادگای پشدەر وەرگرتووە و روونیشی دەکاتەوە کە بێکاری بۆتە هۆی لێکهەڵوەشانەوەی خێزان و کاریگەرییە نەرێنییە کۆمەڵایەتییەکانیشی زۆرن.
بێکاریی، هۆکاری هەرە سەرەکی کۆچی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات. لە هەرێمی کوردستان دەیان ساڵە کۆچی گەنجان بۆ درەوەی وڵات، بۆ وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوا هەیە، بەڵام ئامارەکانی رێکخراوی پەنابەرە گەڕاوەکان ئەوە دەردەخەن، زۆرترین رێژەی کۆچ لە ئیدارەی راپەڕینە، هۆی ئەو رێژە بەرزەش وەک گەنجان باسی دەکەن، بێکارییە. ئاسۆ زیاتر لە هەشت ساڵە زانکۆی تەواو کردووە، بەڵام هیچ کارێکی دەست نەکەوتووە لە قەڵادزێ، دەڵێت: ناچار بووم وڵات بەجێبهێڵم، کۆچێکی ناچاری بوو. ئەو ئێستا لە بەریتانیا نیشتەجێیە، ئەگەرچی ئاسوودە نییە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: «بێکاریی بەڕێی کردم».
ژنان و کچان لەنێو قووڵایی قەیرانە داراییەکەدان
لەنێو ئەو کەسانەی کە رێکخراوی گەنجان بیروڕای وەرگرتوون، بەشێکی زۆریان ژنان و کچانن، زۆرینەی هەرە زۆریان کچی ماڵەوەن، بەخۆیان و بڕوانامەکانیانەوە لە ماڵەوە بێکار دانیشتوون. 
بەکر بایز قائیمقامی قەڵادزێ دەڵێت: چەند ساڵێکە لە رێگەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانمانەوە ئاگاداری مەترسییەکی گەورەی کۆچی گەنجانین، ئەوانەی دەڕۆن زۆرینەیان لە رەگەزی کوڕن، هەربۆیە باڵانسی جێندەری تێکچووە و ئێستا کچان و ژنان زۆر زیاترن لە کوڕان. دەشڵێت چەند ساڵێکە هۆشداریمان داوە لەوەی رێژەی کوڕان لە سنووری قەزای پشدەر ساڵ بە ساڵ روو لە کەمییە.
باس لەوەش دەکات ئەگەرچی ناوچەکەیان سنوورییە و مەرزی کێلێ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تێدا دەکرێت، بەڵام بەهۆی بەڕەسمی نەناسینییەوە، خەڵکێکی کەم سوودی لێ دەبینێت بەهۆی کەمیی گوژمەی ئاڵوگۆڕەوە.
 لەلایەکی دیکەشەوە کۆمپانیا بازرگانییەکان کەمتر روو لەو شارە دەکەن و کەرتی گشتیش وەک ئاشکرایە وا 10ساڵە دوچاری قەیرانی دارایی بووە و جێگیر نییە، بۆیە پێویستە حکومەت لەلایەک کاری جدیتر بکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی ناوچەکە و لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتێکی نوێ بۆ هێنانی کۆمپانیاکان بخاتەگەڕ.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان