״ دەرگای خوێندن بەڕووی 700 هەزار خوێندكاردا دەكرێتەوە ״

10:12 - 2024-01-25
ڕاپۆرت
231 جار خوێندراوەتەوە
فۆتۆ: حەمە عومەر 24/1/2024

بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، تائێستا لە كۆی 1300 خوێندنگەی سنوورەكە، زیاتر لە 1000 خوێندنگە لە ‌سنووری پارێزگای سلێمانی كراونەتەوە ‌و خوێندن تێیاندا دەستیپێكردۆتەوە.

بەڕێوەبەری خوێندنگەیەك:
 لەبەر ئایندەی رۆڵەكانمان،
 دەست بە خوێندن دەكەینەوە

لەوبارەیەوە، كەنار جەلال بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكی بنەڕەتی لە سلێمانی رایگەیاند: زۆر پشتگیریی مافی مامۆستا دەكەین، بەڵام خوێندكارانیش هەموویان منداڵی خۆمانن و كاتی زۆریان لێ رۆشتووە، گرنگە لە خەمی داهاتوویاندا بین، جگەلەوەی لە ماڵەوە هەموویان بە مۆبایل و ئایپادەوە سەرقاڵ دەبن، زیانی تەندروستیشیان پێدەگات، وتیشی، ئێمە لە 9ی 1ەوە دەستمانكردۆتەوە بە خوێندن و ئومێدەوارین سەرجەم خوێندنگەكانی دیكەش دەستبكەنەوە بە پڕۆسەی خوێندن.

بەشێكی زۆری ناوەندەكانی خوێندن لەسنووری پارێزگای سلێمانی كراونەتەوە
لەلایەكی دیكەوە، بەشێكی زۆری ناوەندەكانی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی كراونەتەوە و  دەوامی ئاسایی قوتابخانە و خوێندنگە و باخچەی ساوایان دەستیپێكردۆتەوە.
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی كە دەست سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA كەوتووە «لەهەر 10 بەڕێوەبەرایەتیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، دەوامی خوێندن دەستیپێكردۆتەوە و تا رۆژی 22/1/2024، دەرگای 768 ناوەندی خوێندن بەڕووی قوتابیان و خوێندكاراندا كراونەتەوە».
بەپێی نوێترین ئامار كە PUKMEDIA دوێنێ 24/1/2024، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە دەستیكەوتووە، لە كۆی 1300 خوێندنگە، زیاتر لە 1000 خوێندنگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی كراونەتەوە و خوێندن تێیاندا دەستیپێكردۆتەوە.

پەیامی مامۆستایان گەیشتووە
هەروەها، عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: پەیامی مامۆستایان بە هەموو لایەك گەیشتووە و ئیتر كاتی دەستپێكردنەوەی خوێندنە، چونكە فەوتاندنی ساڵی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی كاریگەری زۆر خراپی لەسەر پڕۆسەی خوێندن دەبێت و ئەو كاریگەرییەش بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ لەسەر پرۆسەكە دەمێنێتەوە، وتیشی: دەبێت حكومەت داخوازی مامۆستایان كە مافی رەوای خۆیانە لەبەر چاوبگرێت و بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچێت، لەبەرامبەریشدا خوێندكارانیش مافی خۆیانە كە لە خوێندن دوانەكەون و پڕۆسەكە بەردەوام بێت، بۆیە وەك یەكێتیی مامۆستایان چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی خوێندنمان لە مامۆستایان هەیە و دڵنیاین رێگە نادەن ساڵێكی خوێندن بفەوتێت.

زیاتر لە 700 هەزار خوێندكار لە سلێمانی هەیە
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 900 هەزار خوێندكار هەیە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 700 هەزار خوێندكار لە سنووری پارێزگای سلێمانییە كە دابەشبوون بەسەر 10 بەڕێوەبەرایەتیدا كە بریتین لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی (رۆژئاوای سلێمانی، رۆژهەڵاتی سلێمانی، چەمچەماڵ، سەیدسادق، دوكان، دەربەندیخان، شارباژێڕ، شارەزوور، پێنجوێن، قەرەداغ)، ئێستا لەهەر 10 بەڕێوەبەراتییەكە خوێندن دەستیپێكردۆتەوە و رۆژانەش ژمارەی خوێندنگەكان كە دەست بەخوێندن دەكەنەوە، زیاد دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان