رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(43)
بوار بده پێكه‌وه له دوو رۆمانی تاوانكاری بكۆڵینه‌وه، له رۆمانی یه‌كه‌مدا دوای هه‌ڵاتن و تاقیبێكی زۆر سه‌ره‌نجام ئه‌فسه‌ری لێكۆڵینه‌وه له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت بكوژ بدۆزێته‌وه و ده‌سگیری بكات، پاشان بكوژ ده‌برێته دادگا و حوكم ده‌درێت. له رۆمانی دووه‌مدا ئه‌فسه‌ری لێكۆڵینه‌وه دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر ناتوانێت بكوژ بدۆزێته‌وه و دۆسێكه داده‌خرێت. باشه كامیان مایه‌ی ره‌زامه‌ندین؟ بێگومان رۆمانی یه‌كه‌م، چونكه ئێمه هه‌میشه به دوای پیاده‌كردنی دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ین و ناتوانین ته‌سه‌وری ئه‌وه بكه‌ین نادادپه‌روه‌ری له كۆمه‌ڵگه‌دا زاڵ و سه‌ركه‌وتوو بێت.
هه‌ڵبه‌ته دادپه‌روه‌ری ته‌نیا ئامانجی ئێمه نییه، به‌ڵكو باوه‌ڕێكه له راستیدا ته‌سه‌ور ده‌كه‌ین رۆژێك له رۆژان دادپه‌روه‌ری به‌سه‌ر دنیادا زاڵ ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له رۆژگاری ئێمه‌دا روو نه‌دات بێگومان له ئاینده‌دا هه‌ر روو ده‌دات. زۆربه‌ی خه‌ڵك باوه‌ڕی به‌هێزیان به‌وه هه‌یه كه پایه‌كانی دنیا له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و راستی و دروستی بنیاتنراوه و بێ چه‌ندوچوون ئیشی باش پاداشت ده‌كرێت، ئیشی خراپ و ناشیرینیش سه‌رزه‌نشت ده‌كرێت و رووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه، كه‌سانی خراپ له كۆتاییدا سزای ئیشه‌كانی خۆیان وه‌رده‌گرن و بكوژان خۆیان له زینداندا ده‌بیننه‌وه.
چیرۆكی ئەیوب
به‌ڵام به داخه‌وه له راستیدا مه‌سه‌له‌كان به شێوه‌یه‌كی ترن. به ده‌ربڕینێكی دیكه دنیا ته‌نیا له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ری بنیات نه‌نراوه، به‌ڵكو نادادپه‌روه‌ری گاڵه به كۆمه‌ڵگه ده‌كات و زۆرجاریش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، كه‌واته چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه تاڵه‌دا رابێین؟ خۆم باوه‌ڕم وایه ئه‌گه‌ر زاڵبوونی نادادپه‌روه‌ری به‌سه‌ر دنیادا قبووڵ بكه‌یت و ته‌حه‌مولی بكه‌یت، ژیانێكی باشترت ده‌بێت. له راستیدا ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای رێگه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا رابێیت، ئیتر به درێژایی رێڕه‌وی ژیان نا‌ئومێد نابیت و ته‌سه‌وری خۆت ده‌هێنیته خواره‌وه.
یه‌كێك له چیرۆكه ئاڵۆز و سه‌رنجڕاكێشه‌كانی کتێبی پیرۆز، چیرۆكی جۆب (Job)ه. واتە (ئەیوب) دیارە ئەیوب كه‌سێكی خۆشه‌ویست و سه‌ركه‌وتوو و به‌خشنده بوو كه ژیانێكی زۆر باش و به‌رهه‌مداری هه‌بوو، كه‌سایه‌تییه‌كی باڵای هه‌بوو، ئه‌نجامی ژنهێنانه به‌رده‌وامه‌كه‌ی 10 منداڵی زۆر باش و زیره‌ك بوو، به‌ره‌به‌ره بوو به مرۆڤێك كه هه‌موان ئیره‌ییان پێده‌برد و حه‌زیان ده‌كرد له جێی ئه‌و بن. له هه‌مان كاتدا شه‌یتان رووی له خوداوه‌ند كرد و وتی:
«گومانی تێدا نییه ئەیوب كه‌سێكی زۆر به دینه، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه ژیان به پێی خواست و ئاره‌زووی ئه‌و بووه، ئه‌گه‌ر كه‌مێك ناخۆشی بچێژێت باوه‌ڕی له ده‌ستده‌دات.»
به مردن رازیی بوو
په‌روه‌ردگار تووڕه بوو، به‌ڵام رێگه‌ی به شه‌یتان دا راده‌ی دڵسۆزیی ئەیوب تاقیبكاته‌وه، به‌وه‌ی ناخۆشی بخاته سه‌ر رێڕه‌وی ژیانی، ئەیوب له ئه‌نجامی رووداوێكدا هه‌موو سامانه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی له‌ده‌ستدا و سه‌ره‌ڕای منداڵه‌كانی كه سێ كچ و حه‌وت كوڕ بوون، خزمه‌تكاره‌كانیشی مردن، خۆشی كه‌وته سه‌رجێگا و ئازار هه‌موو گیانی گرته‌وه، له هه‌مان كاتدا ژنه‌كه‌ی كه له ئه‌نجامی سووتانی ماڵه‌كه‌ی و نه‌خۆشكه‌وتنی ئه‌مه‌وه زۆر دڵته‌نگ بوو وتی: «نه‌فره‌ت له خوداوه‌ند بكه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له باری غه‌ممان كه‌م بێته‌وه.» به‌ڵام ئەیوب گوێی به قسه‌ی ژنه‌كه‌ی نه‌دا و هه‌روا سوپاس و ستایشی خودای ده‌كرد. ئەیوب ته‌نانه‌ت به مردنیشی رازی بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه بۆ هه‌میشه له خه‌م و خه‌فه‌ت رزگاری بێت، به‌ڵام خودا ته‌نانه‌ت مردنیشی پێ ره‌وا نه‌بینی و سه‌ره‌نجام گه‌رده‌لوولێك هه‌ڵیكرد و خوداوه‌ند له‌ناو گه‌رده‌لووله‌كه‌وه له‌گه‌ڵ ئەیوب ده‌ستی به قسه كرد و فه‌رمووی:
«مرۆڤه‌كان له قه‌ده‌ری خودا تێناگه‌ن و قه‌تیش ناتوانن تێبگه‌ن، له ئه‌نجامدا له حیكمه‌تی خودا تێناگه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئەیوب دڵسۆزی بۆ خودا پاراست و ته‌نانه‌ت بێڕه‌حمانه‌ترین رووداو، باوه‌ڕی ئه‌وی كاڵ نه‌كرده‌وه، هه‌موو شتێكی بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه، له‌وانه‌ش سه‌لامه‌تی، سامان، خێزانه‌كه‌ی و خزمه‌تكارانیشی.» ئەیوب به بیستنی ئه‌م قسه‌یه زۆر خۆشحاڵ بوو، باقی ژیانی به خۆشی و كامه‌رانی به‌سه‌ر برد.
ئه‌م چیرۆكه‌یان ئاڵۆزتره
به‌راورد به‌و رۆمانه‌ی كه بكوژه‌كه‌ی سه‌ره‌نجام ده‌سگیر ده‌كرێت، چیرۆكی ئەیوب ئاڵۆزتر و سه‌رنجڕاكێشتره و سه‌ره‌نجام به هه‌موو ئاواته‌كانی ده‌گات. له راستیدا ئەیوب نادادپه‌روه‌ری رووت ئه‌زموون ده‌كات، به‌ڵام له كۆتاییدا هه‌موو شتێك ده‌چێته‌وه شوێنی خۆی. په‌یامی چیرۆكه‌كه ئه‌وه‌یه له‌وانه‌یه هه‌ندێ جار دنیا بێڕه‌حم و نادادپه‌روه‌ر بێته به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا روانگه‌ی ئێمه‌یه بۆچی ئاگامان له ئیراده و حیكمه‌تی خودا نییه. ئینجیل بانگمان ده‌كات بۆ به‌رگه‌گرتنی ناخۆشی و ناهه‌موارییه‌كان و مژده‌مان ده‌داتێ ئه‌و بارودۆخه هه‌تا هه‌تایه به‌رده‌وام نابێت و له پشتی هه‌موو ئه‌و ناخۆشیانه‌وه، عه‌قڵێكی دادپه‌روه‌ر و زانا هه‌یه كه مرۆڤه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنیان سنوورداره ناتوانن لێی تێبگه‌ن.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له رووی ده‌روونزانییه‌وه له‌م مه‌سه‌له‌یه بكۆڵینه‌وه، ستراتیجی ئیراده‌ی خودا شێوازێكی باڵایه بۆ به‌رگه‌گرتنی ناخۆشی و دژوارییه‌كانی رۆژگار. له راستیدا سووتان، تووشبوونی شێرپه‌نجه یان مردنی منداڵ هه‌موویان زۆر قورس و تاقه‌تپڕوكێن ده‌بن، به‌ڵام به پێی رێنماییه‌كانی ئینجیل تۆ ئاگات له‌و حیكمه‌ته نییه كه له پشت سه‌ختی و ناخۆشییه‌كانه‌وه‌یه و ده‌ركی پێناكه‌یت. له راستیدا خودا هه‌میشه مرۆڤه‌كان تاقیده‌كاته‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ره‌ڕای تاقیكردنه‌وه‌ی ناخۆشییه‌كان باوه‌ڕیان بپارێزن، خودا له كۆتاییدا پاداشتیان ده‌داته‌وه و دڵنه‌واییان ده‌كات.
چاره‌نووس فه‌یله‌سووفی ئینگلیز جۆن گره‌ی
(John Gray) له جێگایه‌كدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه، له یۆنانی كۆندا باوه‌ڕیان وابوو ژیانی هه‌ر مرۆڤێك به پێی چاره‌نووس و چانس دیاریده‌كرێت و هه‌میشه خه‌سڵه‌تی ئاكاریی وه‌كو شه‌هامه‌ت و عاقڵی ستایش ده‌كرا، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئازاترین و عاقڵترین كه‌سه‌كانیش رووبه‌ڕووی دژواری و وێرانی و شكست ده‌بوونه‌وه. به هه‌رحاڵ ئێمه حه‌زده‌كه‌ین (ئه‌گه‌ر بۆ خۆشی كه‌سانی تریش بێت) وا خۆمان نیشان بده‌ین باوه‌ڕمان به‌وه‌یه چاكه و ئاكاری باش به‌سه‌ر خراپه و دزێوییه‌كاندا زاڵ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناخی دڵمان ده‌بینین هه‌ندێ جار خراپه به‌سه‌ر چاكه‌دا زاڵ ده‌بێت و هه‌میشه چانس و چاره‌نووس له دیاریكردنی رووداوه‌كانی ژیانماندا روڵی گرنگ ده‌بینن.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت واقیع ده‌ربڕین ده‌بێت بڵێین هیچ به‌رنامه و نیازێكی خێر له پشت ئه‌و رووداوانه‌وه نییه كه له دنیادا رووده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت به‌رنامه و نیازی خراپیش نییه، ئه‌سڵه‌ن دنیا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پێشان دیاریكراو به‌ڕێوه‌ناچێت. له راستیدا دنیا له‌سه‌ر بنه‌مای هیچ پره‌نسیپێك به‌ڕێوه‌ناچێت. له‌وانه‌یه بۆ ئێمه قبووڵكردنی ئه‌و راستییه زۆر قورس بێت، به‌ڵام له فه‌لسه‌فه‌دا به‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌ڵێن وه‌همی دادپه‌روه‌رانه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه نابێت ئێمه دژی نادادپه‌روه‌ری بجه‌نگین.
دنیا ویژدانی تیا نییه
یه‌كێك له مامۆستاكانی قۆناغی ئاماده‌ییم به رێكه‌وت و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی شاره‌زاییان نمره‌ی به خوێندكاران ده‌دا و ئه‌م دۆخه ئێمه‌ی زۆر بێتاقه‌ت و تووڕه كردبوو، بووه هۆی ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، به‌ڵام ئه‌و گوێی به قسه‌كانی ئێمه نه‌دا و بڕیارماندا به‌ڕێوه‌به‌ر ئاگادار بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش رێزی له بڕیاری مامۆستاكه‌مان گرت و ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕی، ئێمه زۆر بێتاقه‌ت بووین وتمان ئه‌مه بێویژدانییه و مامۆستا له وه‌ڵامدا وتی دنیاش ویژدانی تیا نییه. هه‌رچه‌نده زووتر په‌ی به‌م مه‌سه‌له‌یه به‌رن به قازانجتان ده‌بێت، ئێمه به بیستنی ئه‌م قسه‌یه زۆر تووڕه بووین، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌مانه‌ویست ملی مامۆستاكه‌مان بشكێنین. به‌ڵام به هه‌رحاڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه یه‌كێكه له گرنگترین ئه‌و ده‌رس و په‌ندانه‌ی من به‌درێژایی ژیانم وه‌رمگرتووە.
بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی لیشبۆنه
كاتێك فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی لایبنیتز (Leibniz) سێ سه‌د ساڵ پێش ئێستا لافی ئه‌وه‌ی لێدا ئێمه له باشترین دنیادا ده‌ژین به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی خواوه‌ند هه‌رگیز به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست خراپ ناخوڵقێنێت، ڤۆڵتێر (Voltaire) به نووسینی رۆمانێك به ناوی كاندید گاڵته‌ی به‌م قسه‌یه كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه پاش بوومه‌له‌رزه‌ی ترسناكی لیشبۆنه له ساڵی 1755دا كه هه‌موو شاره‌كه‌ی دابه‌یه‌كدا، هیچ كه‌سێكی عاقڵ نه‌یده‌توانی باوه‌ڕ به‌وه بكات كه دنیا به پێی به‌رنامه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له رۆمانی كاندیددا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه كه ناوی كاندید بوو، ژیانێكی سه‌راپا پڕ له به‌دبه‌ختی و دڵه‌ڕاوكێی هه‌بوو، سه‌ره‌نجام به‌و ئه‌نجامه گه‌یشت ته‌نیا ئیشێك كه ده‌توانێ بیكات ئه‌وه‌یه چاودێری باخچه‌كه‌ی بكات.
سه‌ره‌نجام ده‌بێت بڵێم هیچ به‌رنامه و نه‌خشه‌یه‌كی به‌ویژدانانه له دنیادا نییه و تۆ ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته قبووڵ بكه‌یت و ته‌ركیز له‌سه‌ر باخچه‌كه‌ی خۆت بكه‌یت، ئه‌وه‌ت له‌یاد بێت ژیانی تۆ ئه‌وه‌نده گیاكه‌ڵه‌ی تیایه كه سه‌رقاڵت بكات، ئه‌وه‌ی كه به‌درێژایی ژیانت به‌سه‌رت دێت په‌یوه‌ندی به چاكی و خراپی تۆوه نییه، له ئه‌نجامدا باشتر وایه كه ته‌حه‌مولی نادادپه‌روه‌ری و سته‌م بكه‌یت و ئارامی خۆت بپارێزیت و له خۆشی و باڵاده‌ستییه‌كانی ژیانتدا له خۆت بایی نه‌بیت.
سه‌رچاوه: هنر خوب زیستن، ص236-240
رۆمانه‌كه‌ی ڤۆڵتێر كه بۆ به‌درۆخستنه‌وه‌ی لایبنیتز نووسی