ئابووریی داهێنان، پیشەسازیی و کەلتورە

10:06 - 2024-02-12
ئابووری
100 جار خوێندراوەتەوە
کتێبە بەناوبانگەکەی جۆن هۆکینز لە بارەی ئابووریی داهێنانەوە

فەیسەڵ عەلی


کەلتور، پیشەسازی، سیستم و ژێرخانی ئابووری.. نەخشە رێگایەکی نمونەییە کە ئابووریی داهێنان 
(The Creative Economy) بەرهەم دەهێنێت، ئەم جۆرە ئابوورییە لە ناو منداڵدانی راستەقینەی سەرمایەی هزریدا لە دایک دەبێت و دەتوانێ چیرۆکی بێ پێشینە بخوڵقێنێت. داهێنان نوێگەری بەرهەم دەهێنێت، ئەویش کە دەبێ جیاوازیی جۆریی لە ناوەرۆک و کوالێتی و کاراییدا دروست بکات، ئەمانەش زێدەبایی بۆ ئابووری دەستەبەر دەکەن، بە تایبەتیش لە بواری پیشەسازیی داهێناندا (Creative Industries) کە ئەمڕۆ گرنگی و رۆڵە بنچینەییەکەی بەردی بناغەی ئابووریی بەردەوامی داهێنان پێکدێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە پەرەسەندنە تەکنۆلۆجی و پیشەسازییەکان و ریتمی ژیان و گەشەی بەهرەکان و کەلتورە نوێیەکان بەردەوام لە گۆڕان و پێشکەوتنی خێرادان، چونکە گۆرانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگە بەبێ فاکتەری کەلتوری بە ئاستی بەرز روونادات، لەبەرئەوە دەبێ بەردەوام پیشەسازی و کەلتور بە دوو هێڵی هاوتەریبی یەکتر بڕۆن.

سەرەتای بەکارهێنان
یەکەم بەکارهێنانی زاراوەی (ئابووریی داهێنان) بۆ مانگی ئابی ساڵی 2000 دەگەڕێتەوە، کاتێک پیتەر کۆی (Peter Coy) رۆژنامەنووسی ئابووریی ئاژانسی بلومبێرگ وتارێکی لەمەڕ ئابووریی داهێنان نووسی، تێیدا بە وردی باس لەوە دەکات، کە ئابووریی جیهان لە ئابووریی پیشەسازییەوە بەرەو ئابوورییەک دەگۆڕێت کە تێیدا هێزی گەشەسەندوو خاڵی بەهێز و یەکلاکەرەوەی دەبێت. لە ساڵی 2001دا جۆن هۆکینز (John Hawkins) ئەو چەمکەی لە کتێبی (ئابووریی داهێنان، چۆن خەڵکی لە رێی هزرەوە پارەیان دەست دەکەوێت)دا شیکردەوە، ئەوەی بە رێگەیەکی نوێی بیرکردنەوە وەسف کرد، کە کارێک بکەیت پیشەسازیی تەحویلی و خزمەتگوزاری و بازرگانیی وردە و کات بەسەربردن ببوژێنێتەوە.

خێراترین گەشە
لەو سۆنگەیەوە، بێگومان پیشەسازییەکانی داهێنان بە پێکهاتە ئابووری و کەلتوری و کۆمەڵگەییەکانییەوە یەکێکە لەو کەرتانەی کە لە سەر ئاستی جیهان خێراترین گەشە بەخۆیەوە دەبینێت، بە جۆرێک راپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە ئەم کەرتە دەتوانێ لەسەر ئاستی جیهان 29.5 ملیۆن دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و دەستهاتەکەشی لە سەروو 2.25 تریلیۆن دۆلارەوە بێت، جگە لەو بەها نانەختینەییەی کە بەشداری لە بنیاتنانی گەشەپێدانی گشتگیر و بەردەوامی کۆمەڵگە دەکات و بزوێنەرێکی کەلتوری بنچینەیی گەشەپێدانی ئابووری و ژینگەییش دەبێت، ئەمەش بە رۆڵی خۆی بنچینەی داتا و زانیارییەکان فراوانتر دەکات، بە یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئابووریی دیجیتاڵی دادەنرێت، لەمانەش گرنگتر وەبەرهێنانە لە پڕۆژەکانی داهێنان و ئاستی هاوکاریی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزاییش لەسەر ئاستی جیهان فراوانتر دەکات.

کەلتور سەرچاوەیە
لەبەرئەوە زۆر پێویستە پێکهاتەکانی کەلتور لەگەڵ هەموو تەوەرەکانی ژینگەی پێکهێنەرەکانی داهێنان تێکەڵ بکرێن، کە لە پێکهاتەکانی ئابووریی و پیشەسازیی و هزر و دەرفەتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە کەلتور ئەو سەرچاوەیەیە کە هەموو پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان بە تایبەتیش پڕۆژە داهێنەرەکانی لەگەڵدا گەشە دەکات، کە لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییدا دەرکەوت. لەمڕۆ بەدواوە نەوەیەک لە داهێنەرانی ژیریی دەستکرد و رۆبۆت و ئینتەرنێتی شتەکان و هیتر دەبینرێت.
لایەنە جیاوازەکانی ئابووری لە رووی زانستی و ئیدارییەوە ئەرکی هاندان و دەستگیرۆیی داهێنانیان لەسەرە، کە لێوەی گەشە و زیندوویی کۆمەڵگە بۆ مەودای دوور خێراتر دەکات و لە رێگەی هێزی داهێنەرانەوە نەک هەر تەنها پیشەسازییەکان، بەڵکو بەشداربووەکانیشی دەدۆزێتەوە، کە بە هۆیەوە دەتوانرێ وەبەرهێنان لە ناوچە و پیشەسازییە داهێنەرە هەمەجۆرەکانی زۆربەی بوار و پسپۆڕییەکان بکرێت. 

زنجیرەی هەناردەکردن
بۆ نموونە، جلوبەرگ، خۆراک، دیزاین و هتد، هاوکات خواست لەسەر هەموو لایەنەکانی زنجیرەی هەناردەکردن و لۆجیستی و کۆمپانیا پسپۆڕییەکانی بەرهەمهێنانی میدیایی کە گەمەی ڤیدیۆیی و فیلم و پراکتیزە هەمەجۆرەکانی تری بەرهەمدەهێنن، هەروەها لە ناوچەکانی داهێنانی وەک، شانۆ، پێشانگا و ستۆدیۆکان، شوێنەکانی کار و خانوبەرە و باڵەخانەکان و دامەزراوەکانی بزنس و ناوچە گەشتیاری و کەلەپورییەکان و ئەوانیتر.

دەرفەت بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت
ئەم سەردەمە گۆڕانکاریی زۆر خێرا لە هەموو ئاراستەکانی چالاکییە ئابووری و تەکنۆلۆجییە جیاوازەکان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش ئاسۆیەکی فراوان بۆ ئەو گەنجانەی خاوەن خەونن دەکاتەوە، تا لە رێگەی ئابووریی داهێنانەوە بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن و هەنگاوی جۆریی بنێن و خۆیان لەگەڵ ژینگەی داهێنان بگونجێنن کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ئاڵۆز دەبێت، داهێنان دەرفەتی کار دەخوڵقێنێت، ئاستی گەشەی ئابووری بەرز دەکاتەوە، چونکە ئابووریی داهێنان دەبێ پێکهاتەی کەلتوری بکاتە ئامانج کە بە رۆڵی خۆی کۆمەڵگەی بوژاوە و گەشەکردوو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە کۆتاییدا، ئیلهام و ئاوات و هاندان و رەخساندنی ژینگەی گونجاو پێش ئەمانەش بونیادێکی پتەوی کەلتور، دەرفەت بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت تا بەرزترین ئاستی گەشەی داهێنان دەستەبەر بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان