سەدەی ژیریی دەستکرد

10:35 - 2024-02-18
ئابووری
264 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی


لە توانای کەسدا نییە خوێندنەوە بۆ ئایندەی ژیریی دەستکرد بکات، مەبەست لێرەدا، ئەستەمە بتوانرێ پێشبینی بۆ ئەو گۆڕان و پەرەسەندن و گواستنەوە خێرایەی ئەم کەرتە بەخۆیەوە دەیبینێت، بکات. هەر لە سەرەتای دەستپێکی ئەم کەرتەوە لە ساڵی 1956، ژیریی دەستکرد ئەم بازدانە گەورانەی بەخۆیەوە نەبینیووە، رۆژ نییە بە نوێگەرییەک سەرنجی هەموو جیهان بۆ لای خۆی رانەکێشێت، ئەم بوونەوەرە زەبەلاحە لە دەرگای هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤی داوە و دەدات، بەر لە چەند مانگێک رۆبۆتی بەرهەمهێن بڵاوبووەوە، تەنانەت تێگەیشتنی هەموومانی لێ کردە ئەستەم، هەرچەندە (چات جی بی تی) لەسەر عەرشی ئەم پێشکەوتنە دانیشت و بووە کێبڕکێکارێکی مەترسیداری گوگڵی زەبەلاحی کۆمپانیای ئەلفا بیت، لەکاتێکدا ئەم رۆبۆتە بەرهەمهێنە ژمارەیەکی پێوانەیی لە داونلۆدکردن و بەکارهێنان تۆمار کرد، تەنها لە ماوەی یەک هەفتە لە کردنەوەی، بەکارهێنەرانی سەد ملیۆن کەسی تێپەڕاند، هاوکاتیش پێگەکانی تری ژیریی دەستکرد بە هەمان شێوە، بەکارهێنەرانی روویان لە هەڵكشان کرد، شارەزایانی ئەم بوارە پێشبینی دەکەن بەکارهێنەرانی ئەم بوارە زانستی و مەعریفییە لەگەڵ زیادبوونی زانینی چۆنیەتی بەکارهێنانی بەردەوام روو لە زیادبوون بکەن و لەسەریشی رابێن. لە هەمانکاتیشدا، زۆری تری پێگەکان لە رووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیانەوە رووی لە پاشەکێ کرد، کاتێک ژیریی دەستکرد هاتە نێو ئەو بوارانەوە و بە فراوانی و ئاسانتر و بە تێچوونی زۆر کەمتر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش کرد.
زۆربەی پسپۆرانی جیهانی ئەنتەرنێت، پێشبینی دەکەن کە سەدەی بیست و یەک، سەدەی تایبەت بە ژیریی دەستکرد بێت، لەپێش هەموو ئەوانەوە (بیل گیتس)ی دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت دێت، هەرچەندە چەندین را و بۆچوون هۆشداری لە هاتن و زیادبوونی رۆڵی ئەم زەبەلاحە دەدەن، بەتایبەتیش لەمەڕ ئەوەی چەندین دەرفەتی کاری لەبار بردووە و دەرفەتی کاریشی لە بازاڕی کار بەرتەسک کردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەدا و ئەو هۆشداری و هەوڵدانەی بۆ چوونە نێو قوڵاییەکانییەوە، نەیتوانی لە قەبارەی سەرسامبوون بە پەرەسەندنە خێرا و گەورەکانی نێو جیهانی ژیریی دەستکرد کەم بکەنەوە، لە کاتێکدا بۆچوون هەیە ئەم پەرەسەندنە بە هێرشی ئەرێنیی ژیریی دەستکرد بۆ ناو هەموو بوارەکانی ژیانمان پشتیوانییەکی زۆر فراوانی لێکرا و دەکرێت، لە بەرامبەریشدا بۆچوونی ترس و دڵەڕاوکێ بەرامبەر بەو پەرەسەندنانەی شۆڕشی پیشەسازی هەر لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە حزوری هەبووە و درێژەیشی دەبێت، لە سەردەمی بە مەکینەکردن ترسەکان زیاتر بوون، بەتایبەتیش ترس لە نەمانی چەندین جۆری پیشە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئامێر هاتە نێو بازاڕی پیشەسازی و کارەوە، بەڵام بۆ زۆریش دەرکەوتووە کە هاتنی ئامێر و بڵاوبوونی کارگەکان دەرفەتی زیاتری کاری رەخساندووە، دوای ئەوەی دەرگاکانی پیشەسازی بە جۆرە جیاوازەکانییەوە بووە پرسێکی ئێجگار ئاسان، ئەمەیش بۆ ژیریی دەستکردیش راستە، شارەزایانی ژیریی دەستکرد دووپاتی دەکەنەوە کە ساڵانی داهاتوو، زیاتر لە 300 ملیۆن پیشە لەناو دەبات، هەندێکی تر هەن بۆچوونیان وایە، کە بوارێکی فراوانتریش بۆ لەدایک بوونی سەدان پسپۆریی نوێ دەکاتەوە، ئەمەیش ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ژیریی دەستکرد دەرفەتی ئێجگار زۆر لە بواری نوسین و بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ و کردنەوەی کەناڵی میدیایی بە تەکنیکی ئێجگار بەرز و بە توانا و تێچوونی ئێجگار کەم دەڕەخسێنێت، وێڕای کردنەوەی چەندین بواریتر کە ژیریی دەستکرد لە بەردەم زۆریتر دەیکاتەوە.
مشتومڕ و گفتوگۆکردن لەمەڕ ئایندەی مرۆیی راناوەستێ، ئەویش ئەو پەرەسەندنە خێرایانەیە کە روودەدەن، کە دەشێ مەترسی بن و دووچاری ژیانمان ببنەوە، هەندێکیان لەسەرەخۆ و بەرەبەرە دێن و هەندێکیشیان بەبێ پێشینە و هۆشداریدان دەردەکەون، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم هەموو پەرەسەندنانە، نابێ بهێڵرێت ئەو دەرفەتانە نەقۆزرێنەوە و لە پەنا و پەسێوی ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە بوارە هەمەجۆرەکانی ژیانماندا روودەدەن لە چاوەڕوانیدا نەبین و تەنها وەرگریان بین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان