پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن

بۆچی پێویستە خۆت لە پێشبڕكێی بێهوودە بەدوور بگریت؟

09:59 - 2024-02-20
ئابووری
136 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

(46)



ئایا دوكانەكانی كۆپیت لەبیرە كە دە بۆ بیست ساڵ پێش ئێستا هەبوون؟ لەم دوكانانەدا چەند ئامێرێكی كۆپی هەبوون و لە هەندێكیاندا خۆت دەتتوانی بەكاریان بێنیت، تەنیا ئەوەندە بەس بوو پارەیەكی ئاسن بخەیتە ناو سندوقێكەوە كە لەتەنیشتییەوە دانرابوو. هەڵبەتە ئەمڕۆ لە جیاتی ئەو دوكانە بچووكانە دوكانی گەورە و رازاوە هەن، كە جۆرەها خزمەتگوزارییان تێدایە لە پرێنتی سێ رەهەندییەوە بگرە هەتا پرێنت بە قەبارەی گەورە و جۆرەها خزمەتگوزاری تر. لەوانەیە وا بیربكەیتەوە بەم شێوازە و بە زیادبوونی كڕیاری ئەم جۆرە دوكاكانە دەبێت وەزعیان باش بێت و پارەی زۆریان دەستبكەوێت، بەڵام بەداخەوە وا نییە و وەزعیان لە پێشوو خراپتربووە. كەواتە پارە و داهاتەكان دەچنە گیرفانی كێوە؟
هەندێك لە گەنجان تەسەور دەكەن بە چوونە زانكۆ و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش رێگەی خۆیان بۆ ئیشێكی باش و سەركەوتن ئاسان كردووە یان ئەوەی حەقدەستی كەسانی خاوەن بڕوانامە لە كەسانی ئاسایی زۆر زیاترە. بەڵام دوای حسابكردنی خەرجی خوێندن و ئەو ماوەیەی بۆ وەرگرتنی بڕوانامە تەرخانت كردووە، لەوە تێدەگەیت، وەزعی كەسێكی خاوەن بڕوانامە جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ كەسانی ئاساییدا نییە و لەوانەیە لە زۆر حاڵەتدا خراپتریش بێت. كەواتە خوێندن كە پڕۆسەیەكە خەرجی و ماوەیەكی زۆری دەوێت چ سوودێكی هەیە و چ شتێكمان بۆ زیاد دەكات؟

گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا
لیویس كارۆل (Lewis Carrol) دوای نووسینی كتێبی سەركەوتووی (ئەلیس لە وڵاتی سەیروسەمەرە)دا بڕیاریدا بەشێكی بۆ زیاد بكات، لەم بەشەدا شاژنی سوور (كە مۆرەیەكی شەترەنج) بوو بە ئەلیس دەڵێت: 
«ئێستا بینیت هەتا ئەو شوێنەی توانیت راتكرد، بەڵام دیسان گەڕایتەوە بۆ خاڵی سەرەتا.»
ئەم بابەتە رێك بارودۆخی دوكانەكانی كۆپی و ئەو تەڵەیەیە كە تێی كەوتوون. لە راستیدا هەم ئەو دوكانانە و هەم خوێندكاران بوون بە تەڵەیەكەوە كە من ناوی دەنێم پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن. دیارە لە رووی سەربازییەوە ئەم زاراوەیە بەو مانایەیە كە وڵاتە جیاوازەكان ناچار دەبن بە دوا مۆدیلی چەك خۆیان چەكدار بكەن. چونكە لەوانەیە ركابەرەكەشیان چەك بكڕێت و لەو رێگەیەوە ئەمن و ئاسایشی ئەوان بخاتە مەترسییەوە، ئەم پێشبڕكێیە زۆر گێلانە و بێسوودە.
ئێستا باشتروایە بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری یەكەم. پارەی دوكانە گەورەكان بۆ كوێ دەچێت؟ زیاتر ئەو پارەیە دەچێتە گیرفانی ئەو كەسانەوە كە ئامێری كۆپییەكان دابین دەكەن لەگەڵ زانكۆكان. 
لە راستیدا ئەگەر هەر كەسێك بڕوانامەیەك لە زانكۆ وەربگرێت، ئیتر ئەو بڕوانامەیە بێبەها بووە. لەبەرئەوەی هەموو كەسێك وەكو تۆ بڕوانامەی هەیە و ئیتر ئەم مەسەلەیە بە ئیمتیاز حساب ناكرێت. بەڵام هەمیشە ئەوە دەدەن بە گوێی گەنجاندا بۆ ئەوەی ئیشێكی باش و شەرەفمەندانەت هەبێت، پێویستە بخوێنیت و بڕوانامەیەكی باڵای زانكۆت هەبێت، بۆیە خوێندن دەبێتە شتێكی وەكو پێشبڕكێی خۆپڕچەككردنی وڵاتان، كە تەنیا ئەو كۆمپانیایانە سوودی لێدەبینن كە چەك دروست دەكەن، سەبارەت بە خوێندنیش تەنیا زانكۆ و كۆلیجەكان سوودی لێدەبینن.
ئەو كەسانەی كەوتوونەتە ناو ئەم پێشبڕكێیانەوە، ئاسایی ئاگایان لەم مەسەلەیە نییە و هەستدەكەن ئیش و سەرمایەگوزارییەكانیان زۆر بەسوود دەبێت، بەڵام ئەگەر بیانەوێت بە چاوێكی كراوەترەوە سەیری مەسەلەكە بكەن، تێدەگەن بەگشتی شتێكیان دەستنەكەوتووە و تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا شتێكیشیان لە دەست داوە. بەم پێیە باشتروایە  ئاگات لە خۆت بێت و سەیری چواردەوری خۆت بكەیت، ئەگەر هەستت كرد لەناو پێشبڕكێیەكی بێسووددا گیرۆدە بوویت، بەخێرایی لێی وەرە دەرەوە، چونكە ئەنجامی باشی نابێت.
چۆن دەتوانیت لەو پێشبڕكێیە
بێیتە دەرەوە؟
لەوانەیە ئەو پرسیارە لای هەندێكەوە ئاراستە بكرێت، چۆن دەتوانیت لەو پێشبڕكێیە بێیتە دەرەوە؟
هەوڵ بدە وەكو مەڕ دوای هەموو شتێك نەكەویت كە دەبێت بە مۆدە. بۆ نموونە من زەمانێ بەنیاز بووم كۆمپانیایەك دابمەزرێنم و بیرۆكەی هاوڕێكانمم وەرگرت. یەكێك لەو شتە سەرەكیانەی كە دەبوو جەختی لێبكەینەوە ئەوەبوو دەبوو لەو بوارەدا چالاكیمان هەبێت كە پێشبڕكێی كەمتری تیایە. ماوەی دە ساڵ ئێمە تەنیا دەزگای چاپی كتێبە چڕكراوەكان بووین، ئەمەش بە شتێكی ناوازە بۆ ئێمە لە قەڵەم دەدرا.
ئەگەر بێتەوە بیرت لە بەشی (45)دا سەبارەت بە گرنگی پسپۆڕی قسەمان كرد، بەڵام دەبێت بزانیت پسپۆڕی بەتەنیا بۆ سەركەوتن بەس نییە، چونكە ركابەری بەسەرچوون و درێژخایەن لە هەموو بوارێكدا هەیە. بە دەربڕینێكی دیكە چالاكی لە هەر كارێكدا قسەی یەكەم دەكات و هەرچەندە هاوكارانت زیاتر ئیش بكەن، تۆش دەبێت بەهەمان رادە سەعاتی ئیشكردنی خۆت زیاد بكەیت، بۆ ئەوەی لەوان دوا نەكەویت. بەم پێیە لەوانەیە بڕیار بدەیت چەند سەعاتێكی زۆر لە ئۆفیسی خۆت بمێنیتەوە و سەرقاڵی ئیش و كارەكانت بیت. ئیشكردن بێوەستان لەوانەیە توانات كەم بكاتەوە و بەجۆرێك كات بەفیڕۆدان حساب بكرێت. 

مرۆڤ لە  سەردەمی کۆن و مۆدێرندا
ئەگەر بمانەوێت خۆمان لەگەڵ باووباپیرانماندا بەراورد بكەین كە خەریكی راو و شكار و میوەكۆكردنەوە بوون، ئەوان لە حەفتەیەكدا لە نێوان (15 بۆ 25) سەعات ئیشیان دەكرد، باقی كاتی خۆیان بە یاریی و گاڵتە و گەپەوە بەسەر دەبرد كە ئێستا زۆر سەیرو سەمەرە دێتە بەرچاو. بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەین لەگەڵ كەسانی دی ركابەری بكەین، دەتوانین وەكو باووباپیرانمان كاتی زۆر بەو شتانەوە بەسەر بەرین كە حەزمان لێیە، بێگومان زیاتر بەخۆشی دەیگوزەرێنین. 
لەوانەیە لەبەرئەوە بێت كە شوێنەوارناسان ئەو چاخەیان بە سەردەمی بەختەوەری و كامەرانیی راستەقینەی مرۆڤ ناوبردووە كە تیایدا خەریكی راو و میوە كۆكردنەوە بووە. لە راستیدا لەو چاخەدا ركابەریی بۆ شتی مادی بەهیچ شێوەیەك نەبووە، لەبەرئەوەی مرۆڤ هەمیشە ناچاربووە شوێنی خۆی بگۆڕێت و گەرمیان و كوێستان بكات. لە راستیدا مرۆڤ لەو قۆناغەدا ژیانێكی خێڵەكی هەبووە، مناڵی بچووك، دروستكردنی چەك و چۆڵە و ئامرازی راوكردن، دۆزێنەوەی جێگایەك بۆ نیشتەجێبوون، ئەوەندە كاتی دەویست كە مرۆڤ نەیدەتوانی بیر لە شتی تر بكاتەوە. لە راستیدا خەڵاتی بردنەوەی پێشبڕكێ و وەسف و ستایشی دوای پێشبڕكێ هەر وجودی نەبوو. كەواتە هۆكارێك نەبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكتری ركابەری یان پێشبڕكێ بكەن.
بەڵام بارودۆخی ئەمڕۆ تەواو جیاوازە. نەك تەنیا لە شوێنی كار بەڵكو لە ژیانی تایبەتیشدا ئەگەر وریا نەبیت لەوانەیە بكەویتە داوی ركابەریی بێهوودەوە. بۆ نموونە هەرچەندە هاوڕێیانت زیاتر تویت بكەن، تۆش ناچار دەبیت لە تویتەردا زیاتر چالاك بیت، بۆ ئەوەی لەوان  بەجێنەمێنیت، یان لە فەیسبووكیشدا مەسەلەكە بەهەمان شێوەیە. هەرچەندە فرێندەكانت نەشتەرگەریی جوانكاریی زیاتر بكەن، تۆش زیاتر دوودڵ دەبیت بۆ ئەوەی جوانكاری بكەیت و لە كاروانەكە دوانەكەویت. ئەم مەسەلەیە سەبارەت بە جلوبەرگ، زێڕ و زیو، قەبارەی خانوو، لەشجوانی و شتەكانی تریش راستە.
هەموو ساڵێك نزیكەی دوو ملیۆن وتاری زانستی چاپ دەبن، بەڵام سەد ساڵ پێش ئێستا (لە سەردەمی ئەنیشتاین)دا ژمارەی وتارەكان تەنانەت نەدەگەیشتە 20 هەزاریش. ئەم ئامارە لەوانەیە هەندێك فریو بدات و هەست بكەن ئاستی گەشەكردنی زانست لە دنیادا پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام واقیع ئەوەیە ئاستی دۆزینەوەی زانستی كە بەرچاو بێت بەنیسبەت ئەو سەردەمەوە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و تێدەگەیت كە ركابەریی قەشمەری و بێهوودە تەنانەت دزەی كردۆتە ناو زانستیشەوە و كەسانی خاوەن بڕوانامەی زانكۆ بەپێی ئەو وتارانەی چاپیان كردووە و  لە لێكۆڵینەوەكانی دیكەدا سوود لە وتارەكانیان بینراوە، پارە وەردەگرن و پلەیان بەرزدەبێتەوە. ئەمانە بۆ ئەوەی لە یەكتری دوانەكەون، ناچارن بەردەوام وتاری هەمەجۆر چاپ بكەن و ئاسایی ئەم جۆرە ركابەریانە نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی كۆمەڵگا و تەنیا گۆڤاری زانستی و  گۆڤاری زانكۆ سوود لەم مەسەلەیە دەبینن.
بەم پێیە ئەگەر تۆ دەتەوێت وەكو مۆسیقارێك كار و چالاكی بكەیت، هەرگیز پیانۆ و ڤیۆلۆن هەڵمەبژێرە، چونكە پیانۆژەن و ڤیۆلۆنژەن غەمبارترین مۆسیقاری سەرزەوین. فەزای ركابەرییەكی قورس بەسەر ئەم دوو بوارەی مۆسیقادا زاڵە كە هەندێ جار بێڕەحمانە دەبێت و دەبێتە هۆی بێتاقەتی، سەرەڕای ئەمەش هەموو ساڵێك ژمارەیەكی زۆر لە پیانیست و ڤیۆلۆنیستی تازەكار بە مۆسیقای جیهانی دەناسێنرێن و سات بە سات بازاڕی ركابەری گەرمتر دەبێت. بەم پێیە ئەگەر دەتەوێت لە گروپەكانی ئۆركێسترا ناودارەكاندا ببێت بە ئەندام باشتر وایە ئامێرێك هەڵبژێریت كە كەسانێكی زۆر تیایدا شارەزا نەبن، بەم شێوەیە زیاتر دەكەوێتە بەرچاو خەڵكی زیاتر دەستخۆشیت لێدەكەن. بەڵام ئەگەر پیانیست بیت بەردەوام لەگەڵ لەنگ لەنگ (Lang Lang) یان ئەگەر ڤیۆلۆنیست بیت لەگەڵ ئان سۆفی ماتەر (Ann Sophie Mutter) بەراورد دەكرێیت و ورەت دادەبەزێت.

لە ركابەریی بێهوودە دوور بكەوە
بەگشتی دەمەوێت بڵێم هەوڵ بدە لە ركابەریی بێهوودە دوور بكەویتەوە. هەڵبەتە هەروەكو پێشان باسم كرد ئێمە نائاگایانە دەكەوینە داوی ئەو ركابەریانەوە، تەنانەت لەوانەیە ئیشەكانمان زۆر عاقڵانە و لۆجیكیانە بەرەو پێشەوە بچێت، بەڵام بەدیدێكی گشتگیر و درێژخایەن وانییە، بەم پێیە هەوڵ بدە هەتا بۆت دەكرێت لە ركابەریی بێهوودە دووربكەویتەوە، لەوە دڵنیابە سەركەوتن لە ركابەریی بێهوودەدا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ شكستدا، چونكە تۆ بۆ گەیشتن بەو پێگەیە مەسرەفی زۆرت كردووە كە بەهای ئەوەی نەبووە و باشترین ئیش كە دەتتوانی بیكەیت ئەوە بووە خۆت لەو ركابەرییە دووربخەیتەوە. ئەوەت بیرنەچێت كە بەختەوەری و شادمانی لە جێگایەكدا هەیە كەسەكان بۆ بەدەستهێنانی شەڕ لەگەڵ یەكتری ناكەن و یەكتری غەمگین ناكەن.

سەرچاوە: هنر خوب زیستن ص252-257 

لەوە دڵنیابە سەركەوتن لە ركابەریی بێهوودەدا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ شكستدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان