وەبەرهێنان لە كەرتی خانووبەرەدا

09:53 - 2024-02-25
ئابووری
140 جار خوێندراوەتەوە
وەبەرهێنان ئامانجی قازانجە، بەڵام بەردەوام ئەگەری زیانیش لە ئارادایە

و: كوردەوان محەمەد سەعید


وەبەرهێنان لە كەرتی خانووبەرەدا رەنگە زۆربەی جار قازانجی باشی بە دواوە بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە دوورە لە مەترسییەوە، لەبەرئەوە هەندێك خاڵی گرنگ هەیە پێویستە كەسی وەبەرهێن بەر لە دەستپێكردن ئاگاداریان بێت، بە تایبەتیش ئەو وەبەرهێنەرانەی تازە دێنە بازاڕەوە شارەزای بوارەكە نین.
یەكەم: وەبەرهێن پێش ئەوەی دەست بۆ هیچ كارێك ببات پێویستە چاوێك بە بازاڕی خانووبەرەدا بخشێنێت و ئاگاداری نرخی رۆژ بێت، دەبێ ئەو پرسیارانە لە خۆی بكات: ئایا نرخی خانووبەرە لە بەرزبوونەوەدایە، یان روو لە داكشانە؟ كام ناوچانە لە برەودان و كامیان روو لە كزییە؟ نرخی سوود تیایاندا بەرزە یان نزمە؟ تایبەتمەندییەكانی هەریەك لە پڕۆژەكان چین، كامیان روو لە سەركەوتنە و كامیان روو لە شكستە؟ گەڕان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بۆ وەبەرهێنان، لەو هەڵانە دوورت دەخاتەوە كە زیانی قورسیان بە دواوەیە.
هەڵبژاردنی شوێن
دووەم شوێن: ئەم خاڵەیان پەیوەستە بەو شوێنەی كە وەبەرهێن هەڵیدەبژێرێت و پڕۆژەی خانووبەرەكەی لێیە، گرنگیی هەڵبژاردنی شوێن، لە گرنگی هەڵبژاردنی خودی خانووەكە كەمتر نییە، چونكە لەم رۆژگارەدا بەهۆی ئینتەرنێتەوە، توانای كڕینی خانووبەرە تەنیا لە گەڕەكێك، یان شارێكدا قەتیس نەماوە، وەبەرهێن دەتوانێ خانوویەك بكڕێت، كە هەزاران كیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دوورە، بەڵام بۆ كڕینی خانوو لە گونجاوترین شوێن، دەتوانیت بیر لە هەندێك شت بكەیتەوە، بۆ نموونە گەشتیاران حەزیان لە هەر شوێنێك بێت ئەو شوێنە لەبارە بۆ وەبەرهێنان.

بەكرێگرتنی خانوو
سێیەم، جۆری خانوو: هەڵبژاردنی جۆری خانوو دەكرێ خاڵی جیاكەرەوە بێت لە نێوان زیان و قازانجدا بۆ وەبەرهێن، بۆ ئەمەشیان وەبەرهێن دوو شێوازی لەبەردەمدایە، شێوازی یەكەم ئەوەیە خانوو بكڕێت، لەمەشیاندا دەكرێ خانووی نوێ بكڕێت، كە مەترسیی زیاتری لەسەرە بۆ مەسەلەی قازانج و زەرەر و ئەگەر كۆن بێت باشترە لەبەرئەوەی نرخەكەی جێگیرە، یان دەكرێ خانوو بەكرێ بگرێت، ئەمەشیان بۆ ئەو كەسانە باشە كە دەیانەوێت بۆ مەودای درێژخایەن وەبەرهێنان بكەن و لە مەودای دووردا چاویان لە قازانجە، لە كاتێكدا ئەوانەی خانوو بۆ فرۆشتنەوە دەكڕن، دەیانەوێ لە كورتترین مەودادا باشترین قازانج بكەن، بێگومان ئەم ستراتیجەیان مەترسییەكانیشی زیاترە. جگە لەمانە بژاردەیەكی دیكەش هەیە، ئەویش كڕینی ئەو جۆرە خانووانەیە كە بۆ بەسەربردنی رۆژانی پشوو بەكار دەهێنرێت، بەڵام ئەمەشیان لە مەترسیی بەدوور نییە لەبەرئەوەی زۆر هۆكار هەن كار دەكەنە سەر كات بەسەربردن و پشوو وەك: كەلتور، بارودۆخی ئابووری، بارودۆخی سیاسی و جەنگ و زۆر شتی دیكەش.

خانووی گرانبەها
بابەتێكی دیكەش كە گرنگە بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی خانووبەرەدا، ئەویش جۆری خانووەكەیە، بچووك بێت یان گەورە، كوالێتی بەرز بێت یان نزم، گرانبەها بێت یان هەرزان، لەو رووەوە خانووە گرانبەهاكان هەمیشە بە دەرفەتی وەبەرهێنانی باش دادەنرێن، چونكە لەلایەك ئاستی ئاسایشیان بەرزە و لەلایەكی دیكەشەوە لەبەرئەوەی تاك و دەگمەنن كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هەڵبەز و دابەزی نرخەوە.
چوارەم: دوور مەودا و نزیك مەودا، پێویستە بەرلەوەی دەست بە وەبەرهێنان بكەیت، ئامانجی كۆتایی خۆت دەستنیشان بكەیت، دەبێ لات روون بێت، ئایا خوازیاریت زۆر بە خێرایی وەبەرهێنانەكەت داهات و قازانجی هەبێت، یان پەلەت نییە و بە نیازیت لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا قازانجت دەست بكەوێت؟ ئەگەر بە دوای قازانجی كورت مەوداوەیت، ئەوا دەبێ خانوو بكڕیت بۆئەوەی بە زووترین كات دەستێكی پێدا بهێنێت و نۆژەنی بكەیتەوە و بیفرۆشیتەوە، ئەم جۆرە لە وەبەرهێنان قازانجی خێراترە، بەڵام مەترسیشی زیاترە.

ئامادەیی بۆ گۆڕانكاریی
ئەگەر بە نیاز بیت داهات و قازانجی درێژخایەنت دەست بكەوێت، ئەوا كڕین و بەكرێدانی خانوو بژاردەیەكی باش دەبێت، بە تایبەتیش ئەگەر خانوویەكی گرانبەها لە شوێنێكی زۆر خۆشدا بكڕیت، ستراتیجی ئەم جۆرە وەبەرهێنانە وا داڕێژراوە، خاوەنەكەی بە تێپەڕبوونی كات و دوای چەندین ساڵ قازانجەكەی كۆ دەكاتەوە، ئەم جۆرە وەبەرهێنانە، مەترسی كەمتری لەسەرە و پشت بە سەقامگیریی و كەڵەكەبوون دەبەستێ.
پێنجەم: فرەجۆریی لە وەبەرهێنانی خانووبەرەدا، كەسی وەبەرهێن دەبێ هەمەیشە ئامادە بێت بۆ گۆڕانكاریی لە وەبەرهێنانەكانیدا، چونكە باش نییە هەموو پارەكەت لە یەك جۆر خانووبەرەدا بەكاربهێنیت، پێویستە وەبەرهێنان لە خانووبەرەی جۆرا و جۆردا بكەیت، بۆ ئەوەی مەترسییەكان كەمتر بكەیتەوە و ئەگەری قازانجیش زیاتر بكەیت، چونكە ئەگەر وەبەرهێنانەكەش جۆرا و جۆر بێت، بە یەك جار شكست ناهێنیت و ئەگەر لە جۆرێكیشیاندا شكستت هێنا، لە جۆرێكی دیكەدا قازانج دەكەیت و بەوەش قازانج و زیانت هاوسەنگ دەبێتەوە.

خۆ پاراستن لە زیان
جێگەی سەرنجە كە زانكۆی (ییل) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە رەچاوكردنی جۆرا و جۆریی لە وەبەرهێنانی خانووبەرەدا زۆر باشترە لەوەی لە یەك جۆر خانووبەرەدا وەبەرهێنان بكەیت، لەبەرئەوەی باشترین دەرفەت فەراهەم دەكات بۆ بەدەستهێنانی قازانج و باشترین ستراتیجیشە بۆ خۆ پاراستن و دووركەوتنەوە لە زیان.
لەم چەند خاڵەوە تێدەگەین، كە وەبەرهێنان ئامانجی قازانجە، بەڵام بەردەوام ئەگەری زیانیش لە ئارادایە، لەبەرئەوە ئەگەر دەتەوێ لە كەرتی خانووبەرەدا وەبەرهێنان بكەیت، ئەوا دەبێ زۆر وریا بیت و ئەم خاڵانەش لەبیر نەكەیت. 

سەرچاوە: شبكة‌ النبأ المعلوماتیة

بابەتە پەیوەندیدارەکان