چیرۆکی پەیوەندیی زێڕ و دۆلار

10:02 - 2024-02-26
ئابووری
209 جار خوێندراوەتەوە
#دەشێ دۆلار تا ئایندەیەکی دیار بە بەهێزترین دراوی جیهان بمێنێتەوە

فەیسەڵ عەلی



گومانی تێدا نییە، دۆلار دراوێکی جیهانییە لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی جیهان مامەڵەی پێوە دەکرێت و لای هەمووانیش پەسەندە، بەڵام چیرۆکی پەیوەندیی دۆلار بە زێڕ و پۆشەری زێڕیی دراوەکان (الغطا‌ء الذهبي للعملات)، پرسێکە جێی مشتومڕی زۆری دانیشتن و کۆبوونەوەکانە، هەندێکجار تۆمەتبارکردنی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە بەوەی دەوڵەتانی جیهان ئیستغلال دەکات، چونکە بەبێ پۆشەری زێڕ دۆلار چاپ دەکات و پاشان ئەوەی دەیەوێ لە دەوڵەتانی تر بەو دۆلارەی چاپی کردووە دەیکڕێت، بەڵام ئەم پرسە بەو سادەییە نییە، پەیوەندیی نێوان دراوەکان یان داپۆشینی بە زێڕ مێژووییەکی درێژی هەیە، لە پێش هەموو دراوەکانەوە دۆلاری ئەمریکا دێت، کە ملیۆنەهای ئەم جیهانە چ لەسەر ئاستی تاک بێت یان دامەزراوەکان یان حکومەتەکان عاشقی ئەم کاغەزە سەوزەن.
ئەم بابەتە، وەک هەر یەک لەو بابەتانەی تر هەڵوەستەیەکی پێکردم، بەتایبەتی کە گومانی زۆری لەسەرەوە و زۆریش لێڵ و ناڕۆشنە، حەزم کرد قسەیەکی تێدا بکەم، رەنگە لەم روونکردنەوەیەدا سودێک بگەیەنم، یان گفتوگۆی زیاتری لەمەڕ بوروژێنم.

رێکخراوی (ئۆپیک) بڕیاریدا نرخی نەوتەکەی بە دۆلارەوە ببەستێتەوە، ئەم بڕیارە دۆلاری کردە بەهێزترین دراوی جیهان

 

پێوەری کۆن
زێڕ، کانزایەکی دەگمەنە، لەپاڵ زیو بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بۆ ئاڵشت کردن (مقایضة‌) بەکارهێنراوە، وا باوە، کە  ساڵانی  پێش زایین بۆ یەکەمجار زێڕ لە پرۆسەکانی کڕین و فرۆشتندا بەکارهێنراوە، ئەو بەکارهێنانە تا سەردەمی نوێیش بەردەوامی هەیە، بەڵام رۆڵەکەی گۆڕانی بەسەردا هات بۆ ئەوەی ببێتە پۆشەری دراو تا بەهای دراوەکان دیاری بکات، ئەمەیش دوای ئەوەی دراو لە کانزاییەوە بەرەو کاغەزین پەرەی سەند، بە دۆلاریشەوە، بەڵام بەهۆی قورسیی پۆشینی دراوەکان لە کاتی قەیران و کاتی پێویستدا، خەرجییەکان زۆر زیادیان دەکرد، وایکرد نەهێڵێ پرسەکە بەم شێوە بەردەوامی هەبێت.

چیرۆکی دابڕانی پەیوەندیی دۆلار و زێڕ
چیرۆکی دابڕانی پەیوەندیی دۆلار و زێڕ دوای یەکەمین جەنگی جیهانی دەستی پێکرد، بەڵام جارێکی تر ئەو پەیوەندییەی نێوانیان گەڕایەوە، پاشان دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنی بریتن ودز لە ساڵی 1944، زێڕ بووەوە بە مەرجەعی هەموو دراوەکان، لەبەرئەوەی دەوڵەتانی پێشکەوتوو توانای پۆشێنی دراوەکانیان بە زێڕ نەما، هاوکاتیش ئارەزووی وازهێنانیان لە پێوەری زێڕ دەکرد، واتە داپۆشینی دراوەکانیان بە زێڕ، لەوکاتەوە نرخی گۆڕینەوەی هەموو دراوەکان بە دۆلارەوە گرێدرا، پاشان ئەو رێکەوتنە رێگەی بە دەوڵەتانی تریش دا تا لە بری زێڕ بە دۆلار پشتیوانی لە دراوی دەوڵەتەکانیان بکەن. 

جەنگی ڤێتنام و بڕیارەکەی نیکسۆن
دوای ئەوەی ئەمریکا لە ماوەی نێوان (1956 – 1975) لەگەڵ ڤێتنام لە جەنگدا بوو، پێویستی ئێجگار زۆری بە دۆلار هەبوو تا تێچوونەکانی جەنگی پێ دابین بکات، لێرەوە رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر گەورە بووەوە، چونکە ئەو زێڕەی لە ئەمریکا هەبوو چیتر بەشی چاپکردنی دۆلاری زیاتری نەدەکرد، لەگەڵ ئەوەی ئەوکات ئەمریکا 75 ٪ کۆی زێڕی جیهان لە ئەمریکا بوو، نیکسۆنی سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، چیتر دۆلار بە زێڕ ناپۆشن، ئەم راگەیاندنە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر هێزی ئابووریی ئەمریکا نەکرد، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، رێکخراوی (ئۆپیک) بڕیاریدا نرخی نەوتەکەی بە دۆلارەوە ببەستێتەوە، ئەم بڕیارە دۆلاری کردە بەهێزترین دراوی جیهان، پێگەیەکی گەورەی وەک دراوی یەدەکی نەختینەی جیهان گرت، دۆلار زیاتر لە (60) یەدەکی نەختینەی بیانیی جیهانی پێکدێنێت، بەدوایدا یۆرۆ دێت کە سێی یەکی ئەو رێژەی دۆلاری هەیە.
بێگومان پۆشەری زێڕ سوودی زۆری هەیە، دیارترینیان، بوونی بنەچەیە بۆ پشتیوانیکردنی بەهای دراو، ئەمەیش روودانی کورتهێنانی بودجەی گشتی کەم دەکاتەوە، لەو گرنگتر ئاستی هەڵئاوسان کەم دەکاتە کە بەهۆی بوونی پارەیەکی زۆر لە بازاڕ بۆ کڕینی بڕێکی کەمی کاڵا و خزمەتگوزاریی دروست بێت، ئەمەیش بەشێکی بەهای دراو لەدەست دەدات، بەڵام چاپکردنی دۆلار بەبێ پۆشەری زێڕ، بە بەرنامە لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و یەدەکی فیدراڵی ئەمریکاوە جێبەجێ دەکرێت تا هەڵئاوسان کۆنتڕۆڵ بکرێت و نەهێڵدرێت لێشاوی دراو روو لە بازاڕەکان بکات، تا پارێزگاریی لە متمانەی جیهان بە دۆلار بکەن.

دراوێکی جیهانی
دەرەنجامی متمانەکردن بە ئابووریی ئەمریکا، دۆلار بە شای دراوەکان دەمێنێتەوە، بەڵکو دراوی جیهانیی مامەڵە بازرگانیی و یەدەکی جیهانییە، چونکە نزیکەی 90 ٪ ئاڵووێری دراوە بیانییەکان دۆلار لە خۆدەگرێت، دۆلار زیاتر لە 60 ٪ کۆی یەدەکی نەختینەی بیانیی زۆربەی بانکە ناوەندییەکانی جیهان پێکدێنێت. دۆلار بۆ دەرچواندنی نزیکەی 40 ٪ قەرزەکانی جیهان بەکاردەهێنرێت، سەرباری ئەوانەیش، لە مامەڵە بازرگانییەکانی هەندێک لە دەوڵەتانی ئاسیا و ئەمریکای لاتین کێبڕکێی دراوە ناوخۆییەکانیان دەکات.

دۆلار زیاتر لە 60 ٪ کۆی یەدەکی نەختینەی بیانیی زۆربەی بانکە ناوەندییەکانی جیهان پێکدێنێت. بۆ دەرچواندنی نزیکەی 40 ٪ قەرزەکانی جیهان بەکاردەهێنرێت


پرسیارە گرنگەکان 
ئایا ئەمریکا دۆلار چاپ دەکات تا لەسەر حسابی دەوڵەتانی تر بژی؟ بڕی ئەو دراوەی چاپی دەکات چەندە؟ چۆن ئەو بڕە دیاری دەکات؟ میکانیزمەکانی خستنە بازاڕی ئەو دۆلارە چییە؟ ئەمانە پرسیاری گرنکن، بەڵام وەڵامدانەوەیان ئاسان نییە. بە هەرحاڵ، ئەوە دۆلارە نۆتەی سیستمی جیهانیی بانک رێک دەخات و تێکڕای هەڵئاوسان لەبەرچاو دەگرێت.
لە کۆتایدا، لەگەڵ ئەو قەرزە دەرەکییە زۆرە و کورتهێنانە روو لە زیادبوونەی بودجەی گشتی ئەمریکا، هێشتا جێ متمانەی جیهانی هەیە و توانای دانەوەی پابەندبوونەکانی هەیە، چونکە ئابووری ئەمریکا ئێجگار بەهێزە هەرچەندە رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی و قەیرانی گەورەوە بۆتەوە. ئەم راستییە، قورسیی ئەو بانگهێشتەی هەریەک لە چین و روسیا بۆ دروستکردنی دراوێکی نوێی جیهانی لە بری دۆلار نیشان دەدات، لەبەر نەبوونی بەدیلی بەردەست، دەشێ دۆلار تا ئایندەیەکی دیار بە بەهێزترین دراوی جیهان بمێنێتەوە.


#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان