هەوڵەکانی نەرویج بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی شێرپەنجە لە قۆناغی کۆتاییدایە

09:14 - 2024-03-03
دیدار
191 جار خوێندراوەتەوە
لە ڤاکسینی کۆرۆناوە بەرەو ڤاکسینی شێرپەنجە

ساڵانێکە زانایان سەرقاڵی توێژینەوەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە، بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا چەند ئاماژەیەک بەدیکران وەک سەرەتایەک بۆ پەرەپێدان بە چارەسەرکردنی، بۆیە هەوڵەکان خێراترکران.
لە ساڵی 2020 دوو پزیشکی ئەڵمانی بە رەگەز تورک «ئوگور شاهین و ئۆزلەم تورەچی» کە هاوسەری یەکترین، لە لێدوانێکدا رایانگەیاند: «تا ساڵی 2030، دە هەزار ڤاکسینی شێرپەنجە بەردەست دەبێت، ئەو دوو توێژەرە پێشتریش رۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدانی ڤاکسینی کۆڤید -19دا. 
توێژەرانی نەرویجی ساڵانێکی زۆر کاریان بۆ ئەو مەبەستە دەکرد و لەچەند ساڵی رابردوودا بودجەیەکی زۆریشیان بۆ گەیاندنە ئەنجامی ئەو پڕۆژەیە تەرخانکرد.

سازدانی/ زانا گەڵاڵی- نەرویج 

تویژەرانی نەرویجی پێشەنگ بوون
کۆمپانیای بایۆتەکنۆلۆژیای  Ultimovacs یەکێکە لەو کۆمپانیا نەرویجیانەی کە لەرێگەی توێژەرە بەئەزمونەکانەوە لەوانە کەسانیک هەبوون ئەزومنێکی زۆری 30  ساڵەیان لە بواری نەخۆشی شێرپەنجەدا هەبوو، توانیان پێشەنگ بن لە پەرەپێدان بە ڤاکسینی شێرپەنجەی UV1  نەرویجی، ئەو کۆمپانیایە وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن، لە دۆخێکی دارایی تۆکمەدایە، کە ئەمەش گرنگە بۆ سەرخستنی توێژینەوەکان، هەروەها ئێستا لە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەدان و بڕیارە ئەنجامی قۆناغی دووەم لە مانگی سێ رابگەیەنرێت.

ڤاکسینێک بۆ جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە 
خاتوو ئان وۆرسۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەبەرهێنان لە کۆمپانیای Ultimovacs لە لێدوانێکیدا بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ڤاکسینی چارەسەری شێرپەنجە لەژێر ناونیشانی « UV1»  دوای چەندین ساڵ لە لێکۆڵینەوە لە نەخۆشخانەیەکی سەربە زانکۆی ئۆسلۆ پەرەی پێدراوە، لەلایەن داهێنەر گۆستاف گاودەرناک لێپرسراوی سەرەکی زانستیمانەوە و دەشڵێت:  کۆمپانیاکە خاوەنی پاتێنتەکانی -UV1 ە. پێش ئەوەی دەرمانێکی نوێ پەسەند بکرێت بۆ بەکارهێنان لە نەخۆشەکاندا، سەرەتا دەبێت لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا تاقیبکرێتەوە. 
روونیشیکردەوە کە لە توێژینەوەکانی قۆناغی دووەمدا تاقیکردنەوەی UV1 دەکەن. لە پێنج جۆری جیاوازی شێرپەنجەدا لە کۆی گشتی 670  نەخۆش لە زیاتر لە 100 نەخۆشخانەی سەرانسەری جیهاندا.

*ئەو ڤاکسینە چارەسەرە، یان رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکات و کەمی دەکاتەوە؟ 
-ڤاکسینێکی چارەسەرییە، واتە وەک چارەسەر لەگەڵ چارەسەری بەرگری دەدرێت بە نەخۆش، دوای ئەوەی نەخۆشییەکەی دەستنیشانکرا، چارەسەر وەردەگرێت. گریمانەکە ئەوەیە کە نەخۆشانی زیاتر «وەڵامێکی تەواو»یان دەبێت، واتە هیچ شێرپەنجەیەک لە نەخۆشەکەدا نادۆزرێتەوە و زیاتر و درێژتر دەژین و کوالێتی ژیانیان باشترە لەچاو ئەوەی بە چارەسەری کیمیایی چارەسەر بکرێن.
*ئەو چارەسەرە بۆ هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە دەبێت؟
-دەتوانرێت ڤاکسینەکە لە جۆرەکانی شێرپەنجەدا بەکاربهێنرێت کە چارەسەری بەرگریی وەک چارەسەری ستاندارد پەسەندکراوە، هەروەها خانە شێرپەنجەییەکان ئەنزیمی تێلۆمیراز دەردەدەن ( لە 85 - 90 %ی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەدا دەدۆزرێتەوە).

چاوەڕێی داتاکانی INITIUM دەکەین لە مانگی ئازاردا

*تائێستا  گەیشتوونەتە چ قۆناغێک؟
-لە توێژینەوەکانی پێنج قۆناغی دووەمدا جیاوازە، بەڵام بەگشتی نەخۆش هەن کە شێرپەنجەی پێشکەوتوویان هەیە و نەخۆشییەکە زۆر پێشکەوتووە. توێژینەوە سەرەکییەکەمان INITIUM چارەسەری ئەو نەخۆشانە دەکات کە نەخۆشی شێرپەنجەییان هەیە، «شێرپەنجەی مۆلییان» هەیە و بڵاوبۆتەوە.
سەبارەت بە رێژەی سەرکەوتنی چارەسەرەکەش، ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە دەڵێت: ئێستا ئەنجامی دوو توێژینەوەمان هەیە:
UV1-103  کە توێژینەوەیەکی بچووکی قۆناغی یەکەمە لە ئەمریکا کە 30 نەخۆشی شێرپەنجەی مۆلییان هەیە لەگەڵ بڵاوبوونەوە. لە کۆی30 نەخۆش 10 نەخۆش وەڵامی تەواویان هەبووە (دوای چارەسەرکردن هیچ شێرپەنجەیەکیان نەبووە). 70 %ی نەخۆشەکان دوای 4 ساڵ لە ژیاندان. ئەمانە ژمارەیەکی زۆر باشن.
NIPU  ئەمەشیان قۆناغی دووەمە لە ئوسترالیا و ئیسپانیا و ئەسکەندەناڤیا کە 118 نەخۆشی شێرپەنجەی پلۆر (میزۆتێلیۆمای شێرپەنجەیی) یان هەیە کە زۆرجار بەهۆی ئاسبێستۆسەوە دروست دەبێت. 
توێژینەوەکە دەریخستووە کە ڤاکسینەکە ئەگەری مردنی بە رێژەی 27 ٪  کەمکردۆتەوە.
وتیشی: ئێستا چاوەڕێی داتاکانی INITIUM دەکەین لە مانگی ئازاردا؛ 156 نەخۆش لە نەرویج، بەریتانیا، بەلجیکا و ئەمریکا هەیە.

*بە چ رێژەیەک چارەسەری هەموو قۆناغەکانی شێرپەنجە دەکات؟ 
-دەتوانرێت ڤاکسینەکە لە قۆناغەکانی پێشوودا بەکاربهێنرێت، بەڵام ئێستا تەنها لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا تاقیمان کردووەتەوە. ئەنجامەکان جیاوازن، بەپێی ئەوەی نەخۆشییەکە چەندە چالاکە و چارەسەری بەرگریی چەند کاریگەرە.

*شێوازی بەکارهێنانی چۆنە؟
-وەک سەرنجی راستەوخۆ لە ژێر پێستدا دەخرێتە ناوەوە، لە چەند ژەمێکدا و لەگەڵ چارەسەری بەرگریدا تێکەڵ دەکرێت.

*کاریگەرییە لاوەکییەکانی چین؟
-زیاتر لە 300 نەخۆش بە ڤاکسینەکە چارەسەر کراون، بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لاوەکییان هەبێت، دوای ئاوسانێکی کەم لە دوای دەرزییەکە، چارەسەری بەرگری دەتوانێت کاریگەریی لاوەکی هەبێت، بەڵام ڤاکسینەکە کاریگەریی لاوەکی زیادەی بۆ زیاد ناکات. ئەمە لە توێژینەوەی هەڕەمەکی NIPU بەڵگەدار کراوە کە نیوەی نەخۆشەکان بە تەنیا چارەسەری بەرگرییان وەرگرتووە و نیوەکەی تر چارەسەری بەرگریی و ڤاکسینیان وەرگرتووە. 
هیچ جیاوازییەک لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی نێوان هەردوو گروپەکەدا نەبووە.

*پێشبینی دەکەیت ئەمساڵ چارەسەرەکە بگاتە هەموو تووشبوانی شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا؟
-نەخێر، لەکاتی پەرەپێدانی دەرمانی نوێ بۆ بەکارهێنان لە مرۆڤدا، پڕۆسەکە لەلایەن دەسەڵاتی رێکخەرانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەگەر لە توێژینەوەی قۆناغی دووەمدا ئەنجامی ئەرێنی بەدەست بهێنین، هەنگاوی داهاتوو توێژینەوەی قۆناغی سێیەمە لەگەڵ چەندین نەخۆشی تر، بەم شێوەیەش حکومەت دڵنیا دەبێت لەوەی کە دەرمانەکان ناخرێنە بەردەست بەبێ ئەوەی سەرەتا پشکنینی وردیان بۆ بکرێت تا نەخرێنە بازاڕەوە. ئەمەش بۆ نەخۆشەکان باشترە.

*رەنگە نەخۆشانی هەرێمی کوردستان بیانەوێت لەو تاقیکردنەوانەدا بەشداری بکەن،  بۆ ئەوە چی دەکەن؟
-ڤاکسینەکە لەگەڵ چارەسەری بەرگری تێکەڵ دەکرێت، توێژینەوە کلینیکییەکان لەو وڵاتانە دەکرێن کە چارەسەری بەرگریی ستانداردە، بۆ نموونە لە میلانۆمای مێراستاریکدا. ئەوە دەسەڵاتە رێکخەرەکانن کە بڕیار دەدەن چارەسەری ستاندارد چییە، لە نێوان وڵاتان و  هەرێمەکاندا جیاوازە. ناتوانین کاریگەریی لەسەر ئەوە دابنێین.
هەر لەوبارەیەوە ڤیبێکە لۆکنێر راوێژکاری پزیشکی لە کۆمپانیای بایۆتەکنۆلۆژیای نەرویج» بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە میلانۆمای شێرپەنجەیی، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی هێلکەدان، مێزۆتێلیۆما (شێرپەنجەی سییەکان) و شێرپەنجەی سەر و مل، ڤاکسینەکە بە تێکەڵکردن لەگەڵ چارەسەری بەرگری تاقی دەکرێتەوە، لەم توێژینەوانەدا کاریگەری و سەلامەتی UV1 وەک ڤاکسینێکی چارەسەر هەڵدەسەنگێندرێت نەک وەک ڤاکسینێکی خۆپارێزی.

*لەدوای پەسەندکردنی ئەو ڤاکسینە،   ئایا چارەسەری کیمیایی، چارەسەر بەتیشک، یان هۆڕمۆنی پێویست دەبێت؟  یاخود بۆ ئەوانەی کە شێرپەنجەکە لە بەشەکانی دیکەی جەستەیاندا بڵاوبۆتەوە، باشتر نابێت بەرلە قۆناغی پەسەندکردنی ڤاکسینەکە، ئەو نەخۆشانەی پێ چارەسەر بکرێت؟
ڤیبێکە  لۆکنێر راوێژکاری تەندروستی وتی: ( لەو قۆناغەی کە ڤاکسینەکە ئێستا هەیە، تەنها بە بەشداریکردن لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان بەردەستە. تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لەگەڵ چارەسەری بەرگری پێویستی بە بەدواداچوونی ورد هەیە لەلایەن پزیشک و نەخۆشخانەوە. ئێمە توێژینەوە کلینیکیەکان بە وردی دەکەین بۆئەوەی وەڵامی هەندێک لەو پرسیارانە بەدەستبهێنین کە تۆ دەیکەیت - بە پلەی یەکەم سەبارەت بە کاریگەری و سەلامەتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان