کەرکوک،

شێڵتەر بۆ سەگی بەرەڵڵا، یان بژاردەی چارەسەری پزیشکی و زانستی؟

09:49 - 2024-04-07
ڕاپۆرت
134 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

یەكێك لەو كێشانەی لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی پارێزگای کەرکوک بۆتەوە سەگە بەڕەڵڵاكانە، كە بەشێوەیەكی بەرچاو لە ناو شەقام و كۆڵانەكاندا بڵاوبوونەتەوە و كێشەی گەورەیان بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە کە  هەندێكجار رووداوی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی لێكەوتۆتەوە، جگە لەوەش بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گەستنی منداڵان.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو سەگانە، نەبوونی خۆراکی پێویستە.
ئێستا لیژنەكانی قایمقامییەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانیدا كاریان بۆ دروستكردنی شێڵتەرێکی گەورەی بەخێوكردنی سەگی بەرەڵا لە کەرکوکدا كردووە و سەگە بەرەڵڵاکانیان لەوێدا داڵدەداوە.

لە پڕۆژەكەدا 20 بۆ 25 كرێكاری راهێنراو لەسەر داڵدەدان و بەخێوكردنیان کاردەکەن، ئەوە سەرباری یارمەتیی رێكخراوە ئاژەڵدۆستەکان

تەرخانکردنی 250 ملیۆن دینار 
لەو رووەوە فەلاح یاڵچین، قایمقامی كەركوك، رایگەیاندووە: پڕۆژەكە لەسەر رووبەری پێنج دۆنم زەوی دروستكراوە لە پشت ناوچەی پیشەسازیی گشتی كەركوكەوە و لە نزیك «حەولییەكە» کە بڕی 250 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، ئامانجیش لێی كۆكردنەوەی ئەو سەگە بەرەڵڵایانەیە کە لە شەقام و کۆڵانەکانی شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە.
دەشڵێت: لە پڕۆژەكەدا 20 بۆ 25 كرێكاری راهێنراو لەسەر داڵدەدان و بەخێوكردنیان کاردەکەن، ئەوە سەرباری یارمەتیی  رێكخراوە ئاژەڵدۆستەکان، روونیشیکردەوە کە ئەگەر پڕۆژەكە بەشی هەموو ئاژەڵە بەڕەڵڵاكانی نەكرد، ئەوا لە شوێنی دیکە شێڵتەری هاوشێوە دروستدەکەن.

حكومەت سەرپەرشتی دەکات
قایمقامی کەرکوک وتیشی: پڕۆژەیەكە لەلایەن حكومەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت ‌و كاركردن تێیدا بەردەوام دەبێت بۆ سەركەوتنی، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان هاوکاری پڕۆژەكە بن بۆ كۆكردنەوەی هەموو ئەو سەگە بەرەڵڵایانەی كە لەناو شاردا هەن، بۆ هێنانی هەر سەگێكیش بڕی سێ هەزار دینار تەرخانکراوە.
یاڵچین ئاماژەشی بەوەدا وەكو قایمقامییەت لیژنەی تایبەتیان لەگەڵ شارەوانیی كەركوك پێکهێناوە بۆ كۆكردنەوەی سەگە بەڕەڵڵاكان لە شەقام و كۆڵانەكاندا بە شێوەیەكی زانستییانە كە تێیدا رەچاوی مافی ئاژەڵان بە هەند وەربگیرێت بۆئەوەی رێكخراوە ئاژەڵدۆستەکان نەیەنە دەنگ لێمان.

پڕۆژەكە لەسەر بنەمای پۆلینكردنە
قایمقام هەروەها دەڵێت: پڕۆژەكە، پڕۆژەی ساڵی 2022، بەڵام لەمساڵدا كارەكانی تەواو بوون ‌و كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و كارەكانی بەباشی بەڕێوەدەچێت، روونیشیکردەوە کە پڕۆژەیەكە جۆری سەگەكان و خواردن و پێداویستییەكانی رۆژانەیان دیاری دەكات و هەوڵدەدات وەكو هاوشێوەی پڕۆژەكەی شاری سلێمانی جێبەجێی بكات كە ئەویش لەسەر بنەمای سەگی گەورە و بچووك، سەگی نێر و مێ و جیاكردنەوەی هەر یەكێكیان لەوی تر لەرێگەی پزیشك و چاودێری ڤێتێرینەریەوە بێت.

كارەساتی دڵتەزێن روویداوە
فەلاح یاڵچین باسی لەوەشکرد کە تەواوكردنی پڕۆژەیەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە رابردوودا گەلێك كارەساتی دڵتەزێن لە گەڕەک و كۆڵانەکانی كەركوكدا روویاندا كە بە زیانی هاووڵاتیان كەوتنەوە، بۆیە پەلەمان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كرد.

پۆلیس هاوكاریانە 
هاوكات لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی كەركوك رایگەیاند: دوای ئەوەی چەند رووداوێكی دڵتەزێن لە شاری كەركوك روویاندا، وەكو پۆلیسی كەركوك پاڵپشتیمان بۆ قایمقامیەت دەربڕی لە دروستكردنی ئەو  پەناگەیە و رێگەش نادەین ئەو سەگە بەرەڵڵایانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بکوژرێن، چونكە زیان بە بنەچە و رەگی ئەو جۆرە سەگانە دەگەیەنێت، بۆیە ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ئاگادار كردۆتەوە كە نابێت ئەو پڕۆژەیە پشتگوێ بخرێت.

دەربڕینی خۆشحاڵی بە بڕیارەکە
سەنگەر حەسەن، دانیشتووی گەڕەكی دەروازەی كەركوك، سەبارەت بە دروستكردنی پەناگەكە دەڵێت: خۆشحاڵم بەوەی كە ئێستا ئیدارەی پارێزگاکە و قایمقامییەتی شارەکە بڕیاریانداوە ئەم پڕۆژەیە لەمساڵدا بخەنەگەڕ و دەستبەکاربوون.

رووداوەكان شایەتن
خۆم شایەتی رووداوێكم لە گەڕەكەكەماندا كە سەگی بێلانە منداڵێكی زۆر بەسەختی بریندار كرد و چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە تیماركرا.
وتیشی: لەدوای ئەو رووداوەوە هەموو دانیشتوانی گەڕەكەكەمان دەستیانكردووە بە چاودێریكردنی منداڵەكانیان، چونكە ژمارەی سەگەکان ئەوەندە زۆر ببوون خەریکبوو لە كۆنترۆڵ دەربچێت، بەڵام بەداخەوە ماوەیەك لەلایەن هەندێک خەڵكی نابەرپرسەوە سەگە بەرەڵڵاكان دەرمانخوارد دەكران، كە ئەمەش لەگەڵ مافی ئاژەڵاندا ناگونجێت.

رێگەی چارەی زانستی
هەر لەو بارەیەوە فەلاح حەسەن، پزیشكی ڤێتێرینەری لەسەر مەترسییەكانی سەگی بەرەڵڵا، رایگەیاند: وەكو هۆبەی پزیشكی لە ڤێتێرینەری كەركوك، بەردەوام بانگەوازی ئەوەمان كردووە كە پێویستە بەڕێگەی پزیشكی و زانستی چارەسەری ئەم كێشە گەورەیە بكرێت، چونكە زیادبوونی ئەو سەگە بەرەڵایانە لێكەوتەی گەورەی لێدەكەوێتەوە كە لە رووی تەندروستییەوە ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە و هەندێكجار رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
وتیشی: ئێمە لە دوو رووەوە گلەییمان لە هاووڵاتیان هەیە، روویەكیان ئەوەیە كە هەندێك كەس سەگی راهێنراو بەخێودەکەن، بەڵام كاتێك كە زیانیان پێدەگات، بەرەڵڵای نێو كۆڵانەكانیان دەكەن و زیان بە خەڵک دەگەیەنن و زاوزێ دەكەن ‌و چارەسەركردنیشی زۆر ئەستەم دەبێت.
 روویەكی تریش ئەوەیە كە خەڵكی خواردنیان دەدەنێ، ئەمەش وادەكات كە بەشێوەیەكی رەمەكی جەستەی ئەو ئاژەڵانە بە زوویی گەورە ببێت و توندوتیژ بێت، هەندێك لە خواردنەكان بەشێوەیەكی بەرچاو توانای هۆڕمۆنی زاوزێیان زیاد دەكات، بۆیە داوای لە دانیشتوانی کەرکوک کرد هاوكاری پڕۆژەكە بن بۆ هێنانی سەگی بەرەڵڵا بۆ ئەو پەناگەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان