سەرۆک بافڵ: سەرۆک کۆمار لە روانگەی بەرپرسیارێتییەوە دەسەڵاتەکانی بەکارهێنا

12:52 - 2024-04-07
عیراق
157 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عیراقدا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهات و ئەگەرە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات کراو هەردوولا پەرۆشی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان و عیراق بوون و بەردەوامی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری لەقەڵەم درا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەرامبەر رۆڵ و هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێز سەرۆک کۆمار لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سوپاس و پێزانینی بێپایانی ئاڕاستەی د.لەتیف جەمال رەشید کرد کە هاوکاری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە و لە روانگەی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتییەوە دەسەڵاتەکانی بەکارهێنا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و جەختیشیکردەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی دەربەست هەر هەنگاوێک دەگرێتەبەر کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک بێت لەپێناوی پاراستنی مافە نەتەوەییەکان و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی پاڵپشتیکردنی کارەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاوبەشێتی راستەقینە لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان جەختیان لەسەر کرایەوە و سووربوونی بەردەوامی دیالۆگ لە نێوان گشت لایەنەکان بە باشترین بژاردەی سیاسی دانرا بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی وڵات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان