چراکانی نیشتمان

حەپسەخانی نەقیب؛ قەڵای ھیوا

03:53 - 2024-04-12
کەلتور
112 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

حەپسەخانی نەقیب، كەسایەتییەكی نیشتمانی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەكانی ژنان‌ و پشتیوانێكی بەهێزی پەروەردە‌ و خوێندن‌ و روناكبیری بوو.
حەپسەخان لە خانەوادەیەكی ناسراوی نیشتمانی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و ئاینیی شاری سلێمانی و كچی شێخ مەعروفی نەقیبی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ‌ و هاوسەری شێخ قادری حەفیدە.
ساڵی 1891 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە.
حەپسەخان خەمخۆر‌و چالاكوانی كاروباری ژنان بووە‌ و لە ساڵی 1926 دا یەكەم قوتابخانەی كچانی لە شاری سلێمانی كردۆتەوە‌ و خانووەكەی خۆی پێشكەش بەو قوتابخانەیە كردووە.
ساڵی 1930 یەكەم رێكخراوی بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنانی بەناوی كۆمەڵەی ژنانی كورد دامەزراند.
حەپسەخان ژنێكی تێكۆشەر و كوردپەوەریش بووە‌ و پشتیوانێكی بەهێزی جوڵانەوەی شێخ مەحمودی نەمر بووە‌ و بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە تووشی چەندین كێشە‌ و گرفت ‌و ئاوارەیی بووە.
حەپسەخان بەهۆی پێگەی كۆمەڵایەتییەوە دەنگێكی دلێر بووە بۆ گەیاندنی داخوازییەكانی كورد بەدامودەزگا نێودەوڵەتییەكان‌ و لە دیارترین كارەكانی لەو بوارەدا ئەوەبوو كە ساڵی 1930 نامەیەكی بۆ كۆمەڵەی گەلان نووسیوە‌ و داوای لەو كۆمەڵەیە كردووە كە دان بە مافەكانی گەلی كوردستاندا بنێت و رێگە لە سیاسەتەكانی عیراق‌ و بەریتانیا لە دژی گەلی كورد بگرێ‌ت.
حەپسەخان كەسێكی خێرخواز بووە‌ و هەردەم بەهانای هەژاران‌ و لێقەوماوانەوە چووە‌ و لە ساڵی 1942 لیژنەیەكی لە ژنان پێكهێنا بۆ هاوكاری هەژاران‌و لێقەوماوانی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان.
ئەم ژنە بەتوانایەی كورد هاوكاری‌و پشتیوانی مادی‌ و مەعنەوی كۆماری كوردستانی لە مەهاباد كردووە‌ و لەپای ئەو هەڵوێستەی پێشەوا قازی محەمەد نامەیەكی سوپاسگوزاری بۆ نووسیوە. 
 ئەم ژنە ناودارەی كورد لە رۆژی 12ی نیسانی 1953 لە تەمەنی 62 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌ و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا، بەڵام ناو و ناوبانگ‌و خزمەت‌و بەخششەكانی بەنەمری‌ و پیرۆزی دەمێننەوە.
دروودی رێزی وەفا و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی حەپسەخانی نەقیبی كوردپەروەر‌ و چالاكوانی ژنان‌ و پشتیوانی خوێندن‌ و رووناكبیری.

بابەتە پەیوەندیدارەکان