دیانا ئه‌حمه‌د
جه‌مال غه‌مبار، شاعیر و ئه‌دیبی كورد، خاوه‌نی ده‌قی شیعری (هه‌رچی مینای دڵه‌كان بوو هه‌ڵیان وه‌راند، ئه‌و هه‌موو گۆزه جوانه‌یان شكاند، ئه‌و هه‌موو كانی و ئاوه‌یان گوێزایه‌وه) له لێدوانێكدا بۆ دوالاپه‌ڕه ده‌ڵێت: ده‌كرێ بڵێین تراژیدیای ئه‌نفال خۆی له خۆیدا (هۆڵۆكۆست)ێكی تره له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، به تایبه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ پشت و په‌نای وه‌ك ئێمه‌ی كورد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی مێژوویی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه له مێژووی ئێمه‌دا كه ده‌بێ هه‌میشه قسه‌ی جددی له‌باره‌وه بكه‌ین، قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م تراژیدیایه له ئه‌ده‌بی كوردی و به تایبه‌تیش له فه‌زای تێكستی شیعر و چیرۆك و رۆمان‌دا، هه‌روا ئاسان نییه، له‌سه‌ر وه‌ستانی ده‌وێت.
گه‌شبینم به‌وه‌ی له داهاتوودا، تێكستی گه‌وره به‌رهه‌م دێت
غەمبار وتیشی: ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، له ئه‌ده‌بی كوردیدا، تراژیدیای ئه‌نفال، كه‌م تا زۆر، جۆرێك له ئاماده‌بوونی هه‌بووه. ئه‌م ئاماده‌بوونه‌ش له‌سه‌ر دوو ئاست بووه، یه‌كه‌میان ده‌ستبردن بووه بۆ ئه‌نفال وه‌ك ته‌عبیر كردنێكی راسته‌وخۆ له خودی كاره‌ساته‌كه. له‌م نموونانه‌مان زۆر هه‌ن. ئه‌گه‌ر له بیرم مابێت كاك به‌ختیار عه‌لی له نووسینێكیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌مه كردووه و وه‌ك كێشه‌یه‌كی ناوه‌ندی رۆشنبیریی ئێمه ده‌ستنیشانی كردووه، كه كێشه‌ی ئه‌نفال ته‌نها له ته‌عبیركردن له خودی كاره‌ساته‌كه قه‌تیس ده‌كرێت. ئاستی دووه‌میشیان، ده‌ستبردن بووه بۆ كاریگه‌رییه سایكۆلۆژیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كانی تراژیدیای ئه‌نفال. واتا ده‌كرێ له رێگه‌ی رۆچوونه ناو ژیانی ژنێك، پیاوێك كه له ئه‌نفال جێماوه، زۆر لایه‌نی تاریكی تراژیدیای ئه‌نفال بخه‌یتەڕوو به بێ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ ئه‌نفال وه‌ك چۆن رووی داوه بگێڕیته‌وه. یان به ده‌ستبردن بۆ یاده‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معیی ئه‌و گوندانه‌ی به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون، به كورتیی ئیشكردن له ناو فه‌زای تراژیدیای ئه‌نفال كات و تێفكرینی زۆری ده‌وێت.
جه‌مال غه‌مبار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، وێرای هه‌ندێ كاری جوان كه بۆ ئه‌نفال كراون ، به‌ڵام هێشتا پێویستمان به ده‌قی زۆر داهێنه‌رانه‌تر هه‌یه، به تایبه‌ت به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و تێكستانه‌ی كه ئه‌م تراژیدیا ئینسانییه له سه‌ر ئاستی ناوخۆوه بگوێزێته‌وه بۆ ئاستێكی جیهانیی، هاوكات روانین و دنیابینی نوێ له تێفكرینی نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو بخوڵقێنێت. زۆر تراژیدیای گه‌وره كه له مێژوودا روویان داوه، دوای تێپه‌ڕینی ماوه‌یه‌كی زۆر، تێكستی گه‌وره‌یان خولقاندووه. من گه‌شبینم به‌وه‌ی له داهاتوودا، تێكستی گه‌وره به‌رهه‌م دێت. ژیان هه‌میشه به‌ره‌و پێش ده‌چێ.