دیلان غەفوور: بلینکن داوایکرد ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

11:22 - 2024-04-15
کوردستان
100 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق داوایکردووە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
دیلان غەفوور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی وەفدی عیراق کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکەی بلینکن و وەفدی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە لەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و بەربەستەکانی بەردەم ئەو پرسە چارەسەر بکرێن.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا بەگشتی باس لەوەکرا کە کۆمپانیاکانی نەوت، نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکەنەوە، پشتیوانی خۆشی بۆ ئەو پرسە دەربڕی کە لە قۆناغی داھاتوودا کێشەکان بەشێوەی گفتوگۆ چارەسەربکرێن.
سەبارەت بە قەوارەی ھەرێمیش دیلان غەفور وتی، بلینکن بە وەفدەکەی عیراقی وتووە قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەستووری و یاساییە، لە بەرامبەریشدا سودانی دڵنیایی بە بلینکن داوە کە قەوارەی ھەرێم ھیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.
ئەو ئەندامی وەفدەکەی عیراق وتیشی، سەرۆک وەزیران داوایکرد، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عیراق وەبەرھێنان بکەن بە تایبەت لە کەرتی وزەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان