زۆربەی شوێن کارەکان مەرجەکانی سەلامەتییان بۆ کرێکاران تێدا نییە

09:44 - 2024-04-17
ڕاپۆرت
149 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئەسرین محەمەد

چوار کرێکار لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەرووسیتی لە سلێمانی کەوتنە خوارەوە، دوانیان گیانیان لەدەستداو دوانەکەی دیکەش برینداربوون، کرێکارەکان بە رەگەز کورد و خەڵکی خۆرئاوای کوردستانن لە بەرزکەرەوەیەکی پڕۆژەکەدا بوون و لە نهۆمی چواردەوە کەوتوونەتە خوارەوە، ئەمە دوایین هەواڵی گیانلەدەستدانی کرێکاران بووە لە کاتی کارکردن لەمساڵدا.
عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی رایگەیاند، پێشتریش لە هەمان پڕۆژەدا سێ کرێکاری دیکە گیانیان لەدەستداوە و داوایان کردووە ئەو پڕۆژانە رابگیرێن تا بە تەواوەتی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران دابین دەکەن، بەڵام هێشتا ئەوە نەکراوە و کەمتەرخەمی لە لێپرسینەوە لە خاوەن پڕۆژەکان هەیە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی هەرێمیش ساڵی رابردوو 52 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە کە 18 کەسیان بیانی بوون و 25یش برینداربوون. هەر بەپێی ئەو ئامارە زۆرترین کرێکار لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە کە 22 کرێکارە و لە سلێمانیش 19 کرێکار و لە دهۆک شەش کرێکار و لە هەڵەبجەش پێنج کرێکار.
هەر لەو رووەوە شاباز مەحمود وتەبێژی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی دەڵێت: ئەوانەی لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 70 ساڵدا بووە.

 

 

سەرۆکی سەندیکای کرێکاران: کەسوکاری قوربانیان دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن

 

ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران
عوسمان زیندانی دەشڵێت: کەسوکاری قوربانییەکان دەتوانن سکاڵای تۆمار بکەن و سەندیکاش پارێزەریان بۆ دابین دەکات، هاوکات سەندیکا وەک هەواڵدەر هەواڵ بە داواکاری گشتی دەدات بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی ئەو خاوەن پڕۆژانەی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران دابین ناکەن.
بەپێی ئاماری سەندیکاکای کرێکارانی کوردستانیش، گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ساڵی 2023 زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە 41 کرێکار بووە.
هۆگر عەلی راوێژکار لە دۆسێی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: هۆکاری دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران، پابەندنەبوونی خاوەنکارە بە یاسای کار و پاراستنی کرێکارەوە.
وتیشی، کەمیی لیژنەکانی وەزارەت بۆ چاودێریکردنی پڕۆژەکان هۆکارێکی ترە کە تەنها 12 لیژنەیان هەیە کە بەراورد بە پڕۆژەکان زۆر کەمن.
هەروەک رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی کرێکارانیان لەکاتی کاری دەستنیشانکردووە کە بریتین لە  کەوتنەخوارەوە  و کارەبا گرتن، کەوتنە ژێر ئامێرەکان، سووتان، خنکان و کۆتا هۆکاریش تەقینەوەی ئامێرەکانە.
مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کار
گرنگترین مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کاریش بریتین لە:
1-دابینکردنی جلوبەرگی پێویست بەپێی شوێنی کارەکە.
2-دەستەبەرکردنی ئامێرەکانی هەڵگرتن و بارکردن و گواستنەوە.
3-دابینکردنی شوێنی خواردن و حەسانەوەی کرێکاران، کە مەرجەکانی تەندروستییان تێدا بێت.
4-دابینکردنی بنکەی فریاکەوتنی خێرا.
5-دانانی ئامێری ئاگادارکردنەوە لە شوێنەکاندا بۆ ئاگادارکردنەوەی لە ئەگەری هەر رووداوێکدا. 
6-دانانی دەرگای دەرچوون لەناو هۆڵ و باڵەخانەکاندا لەکاتی رووداوی نەخوازراودا.

 

 

ساڵی رابردوو 52 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

 

 

یاسا بەرکارەکانی مافی کرێکاران
دوو یاسای بەرکار هەن کە تایبەتن بە دیاریکردنی ئەرک و پاراستنی مافەکانی کرێکاران ئەوانیش یاسای کار ژمارە 71  ی ساڵی 1987، هەروەها یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە 39 ی ساڵی 1971 کە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی کوردستان هەموارکراوەتەوە.
پێویستە ئەرک و مافەکانی کرێکاران لە چوارچێوەی ئەو دوو یاسایەدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و هەموو کرێکارێک دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ بکرێت لەبەرئەوەی لەکاتی روبەڕوبوونەوەی هەر کارێکی نەخوازراودا بەرامبەریان، وەزارەت بتوانێت بەرگرییان لێبکات، بەڵام خاوەنکاران پابەندی یاساکان نین.
ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لەوبارەیەوە وتی: لە کاتی هەر پێشێلکارییەکدا وەزارەت دەتوانێت تەنها بەرگری لەو کرێکارانە بکات کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.
دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمیش لە بڵاویکردۆتەوە کە تائێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵاتییان بۆ کراوە و بەپێی یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت بۆ پیاوان تەمەنی 60 ساڵ و بۆ ژنانیش تەمەنی 55 ساڵ دیاریکراوە.
 لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە کە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا %5 ی مووچەی کرێکار و %12 ی داهاتی خاوەن پڕۆژەکان دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە  قۆناغی خانەنشینبوون، مانگانە مووچەی خانەنشینییەکەی پێدەدرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە جگە لەوە، نابێت هیچ کرێکارێک مووچەکەی لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت.
لە هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی کرێکاران بە ژمارە 5500 لە هەموو شارەکان  24  سەعات کراوەیە و هەر کرێکارێك پەیوەندییان پێوەبکات کێشەکەی تۆماردەکرێت و لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بە دواداچوونی بۆ دەکرێت. دڵخواز تەها بەرپرسی هێڵی گەرمی کرێکاران لەوبارەیەوە دەڵێت: رۆژانە ژنان و پیاوانیش بۆ کێشەی جۆراو جۆر لەسەر کارەکانیان پەیوەندییان پێوە دەکەن، بەڵام  ژمارەی پیاوان زۆرترە و زیاتر کێشەکانیشیان بڕین یان پێنەدانی مووچە و دەرکردنە لەسەر کار.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی زیاتر لە 125 هەزار کرێکار لە هەرێم هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان