ئەمڕۆ دیداری سلێمانی دەست پێدەکات

10:16 - 2024-04-17
کوردستان
94 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، هەشتەمین دیداری سلێمانی بە بەشداری دەیان کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عیراق و ناوچەکە و جیهان، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەستپێدەکات.
دیدارەکە لە ژێر ناوى "ململانێکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست" دەبێت و تێیدا ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، عیراق، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا، تاوتوێی پرسە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکان دەکەن.
پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق، یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانى دیدارەکە و گفتوگۆى چڕى لەبارەوە دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گرفتەکانى کەمبوونەوەى ئاو و چۆنێتی رووبەڕووبونەوەی، لە دیدارەکەدا تاوتوێدەکرێن.
دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە گەورەترین دیدارە سیاسییەکان لە عیراق و ناوچەکەدا، لە ساڵى 2013ەوە دەستیپێکردووە، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیبەیت لە نێوان سەرکردەکاندا لە سەرانسەرى جیهاندا، یەکەمین دیدارى گەورەى سیاسەتە لە عیراق کە تیایدا سیاسییەکان، توێژەران، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان، لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکاوە بەشداریى تێدا دەکەن.

#دیداری سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان