(ململانێكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) لە دیداری سلێمانی-دا

11:15 - 2024-04-18
کوردستان
70 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە دیداری سلێمانی - زانکۆی ئەمریکی

دوێنێ، هەشتەمین دیداری سلێمانی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی ی.ن.ك و چەندین كەسایەتی سیاسی لە ناوخۆی هەرێم و عیراق و ناوچەكە و جیهان و لێپرسراوانی حزبی و حكومی و چاودێرانی سیاسی، لە ژێر ناونیشانی «ململانێكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» دەستیپێكرد و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

د.بەرهەم ساڵح: 
دیداری سلێمانی ببێتە مایەی چارەسەر
لە سەرەتای دیدارەكەدا، د.بەرهەم ساڵح دامەزرێنەر و سەرۆكی دەستەی ئەمینداری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، لە وتارێكدا رایگەیاند: خۆشحاڵم لە سلێمانی هەموومان پێكەوە كۆبووینەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفت كە لەئێستادا رووی لە ناوچەكەمان كردووە، ئاواتەخوازم لە هەشتەمین دیداری سلێمانی-دا پەنجە بخەینە سەر كێشە و قەیران و ململانێكان و ئەم دیدارە بێتە مایەی چارەسەر.

نێچیرڤان بارزانی:
 هەرێمی كوردستان لایەنگری ئاشتییە
پاشان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: لەم كاتەدا كە شەڕ و گرژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، مەترسی لەسەر ناوچەكە و خراپتربوونی دۆخەكە هەیە، بۆئەوەی لەو كێشانە دووربكەوینەوە، پێویستە گفتوگۆ بكرێت و رێككەوتنێكی هاوسەنگ بكرێت، وتیشی: هەرێمی كوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە، راشیگەیاند: پێویستە لاپەڕەیەكی نوێ لەنێوان لایەنەكاندا هەڵبدرێتەوە.

عەممار حەكیم: 
دەتوانین بەسەر گرفتەكاندا زاڵبین
هەروەها، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، رایگەیاند: لە تواناماندا هەیە چارەسەری سەرجەم ئەو كێشانە بكەین كە لە عیراقدا هەیە و ئێستا كاتی ئەوەیە بە كردەوە هەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكان بنێین.

 قوباد تاڵەبانی: دەبێت دەرگایەكی نوێ بۆ گەنجەكانمان بكەینەوە تا بەشێك بن لە پێشكەوتنی وڵاتەكەمان
هەر لە دیدارەكەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەمیانەی بەشداریكردن لە پانێڵێكی دیدارەكەدا، رایگەیاند: ئابووریی عیراق و هەرێمی كوردستان ناهاوسەنگە و تەنها پشتی بە نەوت بەستووە، پێویستە گرنگی بە ژێرخانی ئابووری بدەین و بیكەینە جێگرەوەی نەوت، وتیشی: پێویستمان بە كەسانی شارەزایە بۆ گرنگیدان بە ژێرخانی ئابووریمان.
لەبارەی بەشداریكردنی گەنجان و هەوڵەكانیان بۆ پێشخستنی وڵات، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتی: گەشبینم بەتوانای گەنجان و دەتوانن داهێنان بكەن، دەبێت دەرگایەكی نوێ بۆ گەنجەكانمان بكەینەوە تا بەشێك بن لە پێشكەوتنی وڵاتەكەمان.
هەر لە دیدارەكەدا، چەندین پانێڵ پێشكەشكران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان