سەرۆك بافڵ: یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە

04:24 - 2024-04-18
کوردستان
65 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ ماکسیم رۆبین، کونسوڵی روسیا لە هەرێمی کوردستان کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، بەگرنگییەوە هەڵسەنگاندن بۆ سەردانەكەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ روسیا و دیدار و كۆبوونەوەكانی كرا. هەروەها جەخت لە هەماهەنگیی زیاتر و گەشەپێدانی پەیوەندییەكان كرایەوە بەشێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بكات.

پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دوور لە هەموو دەستوەردانێك كرایەوە و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ وتی، یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و دەمانەوێت ئەم پڕۆسە دیموكراسییە ببێتە مایەی نوێبوونەوەی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانییەكی بەهێز و تەندروست.

راشیگەیاند، دروستكردنی بەربەست لە بەردەم پرۆسەكەدا، لێدانە لە خواستی خەڵكی كوردستان و نیشاندانی روویەكی نەخوازراوی هەرێمی كوردستانە لە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، جگەلەوەی ناكرێت چیتر یاری بەچارەنووسی میللەتێك و بەها باڵاكانییەوە بكرێت.

لە درێژەی دیدارەكەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و رەواندنەوەی ناكۆكییەكان گفتوگۆی لەبارەوەكرا و هەردوولا جەختییان لەبەردەوامیی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناوی پاراستنی ژیانی خەڵك و سەقامگیریی ناوچەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان