جیاوازیی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێم

کەموکوڕیی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان خاوەنەکانیان لە سزا رزگار ناکەن

11:12 - 2024-05-02
دیدار
600 جار خوێندراوەتەوە
بەردەوام ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێم زیاد دەکات

دیداری: پرژە زاهیر جەلال 


لە ساڵی 2023 دا، 120 هەزار و 143 ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو تۆمارکراون

 

بەختیار محەمەد: 
هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەشێوەیەکی یاسایی لەڕێی دەروازەکانەوە نەهێنراون و مەنەفێستیان نییە، ئەوا تائێستا بەپێی ئەو بڕیارانەی هەن، تۆمار ناکرێن



هەندێکجار رووبەڕووی چەندین پرسیار دەبینەوە دەربارەی جیاوازیی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان، لە زۆربەی وڵاتان شێوەی تابلۆکان یەک جۆرن، تەنها ژمارەکان و پیتەکان یاخود رەنگەکان جیایان دەکاتەوە، بە نموونە لە هۆڵەندا تابلۆکان زەردن، لە سوید تەنها تاکسی زەردە و ئەوانی تر سپین بە ئۆتۆمبێلی پۆلیسیشەوە، هەر تاکێک بیەوێت بەدوای زانیاریی ژمارەی تابلۆیەکدا بگەڕێت لە سایتی تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆ و تۆماری ئۆتۆمبێلەکان، دەتوانێت بزانێت کێ خاوەندارێتی دەکات.
لە هەرێمی کوردستان چەند جۆرێکی جیاواز تابلۆی ئۆتۆمبێل هەن و بەشێکیان تۆمارنەکراون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، ئەمەش بە چەندین هۆکار لەوانە: هێنانی ئۆتۆمبێل لە شارەکانی تری عیراقەوە(علوج) یان ئۆتۆمبێلی ژمارەی شارەکانی دیکەی عیراق، یاخود هەندێک ئۆتۆمبێل تابلۆیان پێوە نییە. یاخود ئۆتۆمبێل هەیە تەنها لە پێشەوە یان دواوەی ئۆتۆمبێلەکە ژمارە بەستراوە، یاخود هەیانە سڕاونەتەوە یان کاڵ بوونەتەوە، یاخود بە برغوی ئاسایی پێوەی چەسپێنراوە کە دەبوایە بە پەرچ جێگیر بکرێ. هەموو ئەمانە دەبنە هۆی بە ئاسانی نەناسینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە لەکاتی رووداودا. سەبارەت بە کەموکوڕی ئۆتۆمبێلەکان و چۆنیەتی لێپرسینەوە و ناسینەوەیان بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی وەڵامی پرسیارەکانی کوردستانی نوێ دەداتەوە.

*هەڵگری چەند جۆر تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێم هەن؟
- ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەم جۆرە تابلۆیانە لە هەرێم هەن (کاتیی، تایبەت، کرێ، بار، کشتوکاڵی، بیناسازی، میریی، ماتۆڕسکیل و کارتی زانیاری کە لەناو هاووڵاتییاندا بە (ئاڕم) ناسراوە).
*ئەگەر ئۆتۆمبێلێک کەموکوڕی لە تابلۆکەیدا هەبێت بۆ نموونە، ژمارەیەکی سڕابێتەوە یان تابلۆی پێوە نەبێت یان نەخوێنرێتەوە چۆن لەکاتی سەرپێچیدا دەناسرێتەوە و سزا دەدرێت؟
- کامێراکان بەجۆرێک پڕۆگرام کراون ئۆتۆمبێلێک ژمارەی هەر شوێنێکی پێوەبێت کە لە کامێرا دەدات بەگوێرەی تیژڕەوییەکەی وێنەی دەگیرێت و لەکاتی خۆیدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، هەر ئۆتۆمبێلێکیش دوو تابلۆی پێوە نەبێت یان سڕدرابێتەوە یاخود کاڵبووبێتەوە و  نەخوێنرێتەوە ئەمە سەرپێچی یاسایە، بەڵام ئەوەی گرنگە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، نوێترین نموونە لەم هەفتەیەدا ئۆتۆمبێلێکی سەرپێچیکار سزا درا بە بڕی، شەش ملیۆن و 310 هەزار دیناری عیراقی، بە هۆکاری تابلۆی ساختە و تیژڕەویی هەمیشەیی و دروستکردنی مەترسی لەسەر شەقامەکان، هەر شۆفێرێک پێیوایە ئەگەر تابلۆکەی ساختەبێت دەتوانێت سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ بکات و رووبەڕووی سزا نابێتەوە، ئەوە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە و درەنگ یان زوو سەرپێچیکاران لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.

*ئۆتۆمبێلی هەڵگری ژمارەی فەرمانگە و وەزارەتەکان لەکاتی سەرپێچیدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟
- شۆفێرانی هەڵگری ژمارەی وەزارەتەکان وەک ئۆتۆمبێلی تایبەت لەکاتی سەرپێچیدا بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و پێویستە تابلۆکانیان روون بێت و بخوێنرێتەوە، بە نموونە ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی وەزارەتی هاتوچۆش لەکاتی ئەرکدا نەبێت و سەرپێچی بکات ئەوا لێپێچینەوە لە شۆفێرەکەی دەکرێت و سزا دەدرێت، هەروەها بەپێی یاسا ئۆتۆمبێلی حکومی دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا بڕە پارەی سەرپێچی بدات، لە کاتێکدا شۆفێرانی مەدەنی لەکاتی تازەکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەدا بڕە پارەی سەرپێچی دەدەن.
*بۆچی هەموو ئۆتۆمبێلەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تۆمار ناکرێن، بۆئەوەی ئۆتۆمبێلی بەبێ تۆمار و ناسنامە نەمێنێت؟
- هەموو ئۆتۆمبێلێک شایستەی تۆمارکردن نییە، تۆمارکردن پڕۆسەیەکە بەپێی یاسا مەرجی خۆی هەیە لەبەرئەوە هەر ئۆتۆمبێلێک مەرجە یاساییەکانی نەبێت تۆمار ناکرێت، هەروەها هاووڵاتیان خۆیان بەرپرسیارن لە کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەزانن لە هاتوچۆ تۆمار ناکرێن و دەبێت بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن، هاتوچۆ گەراجی دەست بەسەرداگرتنی هەیە، کە سەدەها ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و دەست بەسەرداگیراوی لێیە و چاوەڕێی یەکلایکردنەوەی چارەنووسیانن لەلایەن دادگاوە.

*چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبیێلانەی بێ سەرەتان چی دەبێت؟
- هەموو ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەی سوارڕەوی بێ سەرەتان، واتا بەشێوەیەکی یاسایی لەڕێی دەروازەکانەوە نەهێنراون و مەنەفێستیان نییە، تائێستا ئەو بڕیارانەی لەبەر دەستماندایە ئەوەیە کە تۆمار ناکرێن، بابەتی تۆمارکردن بە گشتیی لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدایە بڕیار بدات لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان بۆ ئەوەی لە هاتوچۆ تۆمار بکرێن، واتا هیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەی نییە سەربەخۆ ئەو کارە بکات.

* ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لەکاتی سەرپێچی یاساییدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟
- سوارڕەوە بێ سەرەتاکان کاتێک دەکەونە مەفرەزەکانی مرور یان کە تووشی رووداو دەبن، یاخود لە بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستگیر دەکرێن، راستەوخۆ دەنێردرێنە گەراجی دەست بەسەرداگرتنی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ، دواتر لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنەکەی دەکرێت هەر سەرپێچییەکی پێ کردبێت بەپێی یاسا سزا دەدرێت، جگە لە سزای نەبوونی سەرەتای ئۆتۆمبێلەکە کە بڕی یەک ملیۆن دینارە، دووەم بە هۆکاری تابلۆی ساختەیە کە ئەمیش بە هەمان شێوە بڕی یەک ملیۆن دینارە، ئەگەر کێشەی یاسایی دیکەی هەبێت ئەوا دادوەر بڕیاری دەست بەسەرداگرتنەکە درێژ دەکاتەوە.

*بەپێی یاسا کام ئۆتۆمبێلە هێنراوانە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تۆماردەکرێن؟
- هەر ئۆتۆمبێلێک بەپێی مەرجە یاساییەکان بە دەروازەکاندا هاتبێت، بە رەسمی مەنەفێستی هەبێت و بۆ ئێستا مۆدێلی ساڵەکانی (2022، 2023 و2024) بێت تۆمار دەکرێن، کاتێک نزیک دەبینەوە لە مانگی 10 ئەوا تۆمارکردنەکە مۆدێلێک سەردەکەوێت، واتا ئۆتۆمبێلە مۆدێل (2023، 2024، 2025 ) ەکان تۆمار دەکرێن، ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلەکانیان لە نێوان ساڵانی 90 بۆ سەرەتای 2000 کانە، پێیان دەگوترێ خوار مۆدێل و تۆمار ناکرێن.

*ئۆتۆمبێلە ئاڕمەکان کامانەن و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟
- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدوای پڕۆسەی ئازادی عیراق هێنرانە ناو هەرێمی کوردستان، لە یاسادا بە کارتی زانیاری ناسراون، بەگشتیی ژمارەکانیان جیاوازترە لە ئۆتۆمبێلەکانی تر، مەنەفێستیان نییە، بەڵام بەڵگەنامەیەکی تریان هەیە کە لە بازاڕدا پێی دەگوترێ ئاڕم، لە دامودەزگاکانی هاتوچۆدا زانیارییان هەیە و دەناسرێنەوە.
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک تەنها لە ساڵی 2023 دا، 120 هەزار و 143 ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو تۆمارکراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان