رەوتی سەدر لە نێوان درێژەدان بە بایكۆت و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی سیاسی

10:16 - 2024-05-06
عیراق
90 جار خوێندراوەتەوە
#ئایا سەدرییەکان دێنەوە سەر گۆرەپانی سیاسی؟

 رەوتی سەدر لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، توانی زۆرێك لە كورسییەكانی پەرلەمانی عیراق دەستەبەر بكات، بەڵام نەیتوانی پشتیوانی زۆرینەی فراكسیۆنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت فەراهەم بكات، ئەمەش لەمپەرێكی گەورەی لەبەردەم رەوتەكەدا دروستكرد، لەڕووی جڵەو وەرگرتن لە حزبی دەعوە و پچڕینی پۆستی سەرۆك وەزیران. 

راپۆرتی: ئیدریس جەبار

  دەستەوستانی سەدرییەكان
دەستەوستانبوونی سەدرییەكان لەبەرامبەر رێگرییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بووە مایەی كێشانەوەی پەرلەمانتارانی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پاشەكشەكردنی لە پرۆسەی سیاسی، ئەم پاشەكشەكردنەی رەوتی سەدر، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشی بەدواداهات كە لە كانوونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، بێدەنگی میدیایی و قسەنەكردنیش لەبارەی رەوشی سیاسی وڵات، هەڵوێستێكی تێكهەڵكێشی هەمان هەڵوێستی پێشوویان بوو لە دوای پێكهێنانی حكومەت لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتەوە. 
بۆچی سەدرییەكان پاشەكشەیان كرد
هەرچەندە سەدرییەكان لە هەموو لایەن و هاوپەیمانییەكانی تری بەشدار لە هەڵبژارنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، دەنگی زیاترییان هێناو ژمارەی كورسییەكانیان 70 كورسی تێپەڕاند، بەڵام بەو هۆیەی نەیاتوانی زۆرینەی پێویست لەگەڵ (پارتی و سوننەكان) بەدەستبهێنن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی (زۆرینە)، دووچاری بێئومێدی بوون، ئەمەش وای لە سەدرییەكان كرد، پەنا ببەنە بەر شەقام بۆ لەگەڕخستنی پرۆسەی سیاسی و رێگرتن لە هەر هەوڵێكی تری پێكهێنانی حكومەت، هەوڵەكە بەهۆی پێكداهەڵپژانەكانی بەردەم بارەگاكانی پەرلەمان و حكومەت لە ناوچەی سەوز، نەزۆك و بێ‌ بەرهەم بوو، بۆیە لەپێناو «رێگرتن لە رشتنی خوێنی عیراقییەكان و دروستنەبوونی پشێوی»، بایكۆت و پاشەكەیان لە پرۆسەی سیاسی هەڵبژارد. 

 

سەدرییەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عیراق ئامادەكردووە، لەكاتێكدا هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە دیاریی نەكراوە

 

سەدرییەكان دەگەڕێنەوە؟  
لەگەڵ راگەیاندنی «رەوتی نیشتمانیی شیعە»، پێشبینییەكان روو لەوەن لەمجارەدا سەدرییەكان بە جۆرێکی ترەوە بگەڕێنەوە نێو پرۆسەی سیاسی، رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چاوییان لە دەستەبەركردنی رێژەیەكی زۆر زیاتری كورسییەكانی پەرلەمان بێت، تا لەمجارەدا بتوانن لێوەی حكومەت پێكبهێنن.  
سیاسەتكردنی سەدرییەكان، لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی تر جیاوازترە، بەوپێیەی «دروشمی چاكسازیی و دژە گەندەڵی»یان بەرزكردووەتەوە و پشتیوانی زۆربەی ئەو داواكارییانە دەكەن كە لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019دا خرانەڕوو. 
راگەیاندنی «رەوتی نیشتمانیی شیعە»، بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران «هەڵمەتێكی پێشوەختەی هەڵبژاردنە و نەخشەی هاوپەیمانییە سیاسییەكانی داهاتووە».   هەندێكی تر پێیانوایە»هەنگاوێكە بۆ پێناسەكردنی شیعە عیراقییە نیشمانییەكان، و پەراوێزخستنی رێكخراو و لایەنە شیعەكانی تری نێو شەقامی گشتی شیعە». 
پێیەك لە ئۆپۆزسیۆن و پێیەك لە حكومەتدا 
رەوتی سەدر لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لە هەموو ئەو حكومەتانەدا بەشداریی كردووە كە بەشێوەیەكی ئیئتیلافی لە عیراقدا پێكهێنراون، لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوام لە زاری بەرپرسانی رەوتەكەوە، رەخنەی لە ئەدای كاریی حكومەتەكان گرتووە و بە «گەندەڵی و پشكداریی و پشتگوێخستنی داواكارییەكانی خەڵك بۆ فەراهەمكردنی هەلی كار و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان» تۆمەتباریكردوون.  
سەدرییەكان، وەك ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان و لە شەقام، خەڵك و لایەنگرانیان هانداوە، داواكارییەكانیان بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی لەڕێی خۆپیشاندان و گردبوونەوەوە بخەنەڕوو، ئەمەش خەسڵەتێكی تری ئەو رەوتەیە كە سیاسەتێكی نەرم و میانڕەو لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەكانی پیادە دەكات. 

 

راگەیاندنی «رەوتی نیشتمانیی شیعە»، بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران «هەڵمەتێكی پێشوەختەی هەڵبژاردنە و نەخشەی هاوپەیمانییە سیاسییەكانی داهاتووە»

 

گەڕانەوە و خۆگورجكردنەوە بۆ هەڵبژاردن
سەدرییەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عیراق ئامادەكردووە، لەكاتێكدا هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە دیاریی نەكراوە و هیچ بەرچاوڕونییەكیش نییە سەبارەت بەوەی، ئایا هەڵبژاردن دەكرێتەوە، یان هەڵبژاردنی تشرینی 2021 دوایین هەڵبژاردن دەبێت. 
ئاراستەكان روویان لە هەر ئاقارێك بێت، رەوتی سەدر لەڕێی «رەوتی نیشتمانیی شیعە»ەوە دەگەڕێتەوە نێو پرۆسەی سیاسی و هەروا بەئاسانی گۆڕەپانەكە بۆ نەیارانی بەجێناهێڵێت، گەڕانەوەكەشی بە شێواز و مۆدێلێكی تر دەبێت و رەنگە بەر لەهەر پرۆسەیەك، هاوپەیمانییەكی تۆكمە و بەهێز لەگەڵ چەند لایەنێكدا ببەستێت و پاشان خۆی بۆ هەڵپە سیاسییەكان تاوبدات.     

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان