ئاوات كۆكه‌یی
شه‌هیدان، رێباز و مه‌لا سلێمان دوو ناوی دیاری كاروانی تێكۆشانی كوردایه‌تی و دوو فه‌رمانده و پێشمه‌رگه‌ی خۆنه‌ویست و دوو پارتیزانی دوای ئه‌نفالن.
ئه‌گه‌ر چاوێك به ژیاننامه‌یاندا بخشێنین، ده‌بین مه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ی منداڵ بوون ژیانێكی ئاساییان به‌سه‌ر بردبێت، ده‌نا هه‌ر له خۆناسین و نه‌وجه‌وانیدا بوونه‌ته رێبواری كاروانه سه‌خته‌كه‌ی تێكۆشانی خوێندكاری و كوردایه‌تی، به جۆرێك كه شه‌هید رێباز له ته‌مه‌نی 13 ساڵی و شه‌هید مه‌لا سلێمانیش له ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا ده‌ستبه‌رداری ژیانی ئاسایی خۆیان بوون و تا ئه‌و كاته‌ی به غه‌در شه‌هیدكران، زۆرترین ساڵانی ته‌مه‌نیان به خه‌باتی ره‌وای گه‌له‌كه‌یان به‌خشی.
هه‌ردوو شه‌هید بۆ رزگاریی خاك و نه‌ته‌وه هیچ رێگه‌یه‌ك نه‌ما نه‌یگرنه به‌ر، هه‌ر له خه‌باتی رێكخستنی نهێنی و پێشمه‌رگایه‌تی، تا درێژه‌دان به‌و خه‌باته له قۆناغه سه‌خته‌كه‌ی دوای ئه‌نفال كه پارتیزانیی بوو له خاكێكی سوتماككراودا، ئارامیان نه‌گرت و پشوویان نه‌دا.
رۆحیان شاد و یاد و یاده‌وه‌رییان هه‌ر زیندووبێت ئه‌و دوو فه‌رمانده جوامێره‌ی كوردایه‌تی.
شه‌هید رێباز
شه‌هیدی فه‌رمانده ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا پیرداود ناسراو به رێباز، ساڵی 1952 له ناوچه‌ی كه‌ندێناوه‌ی پارێزگای هه‌ولێر له دایكبووه، ساڵی 1965 په‌یوه‌ندیكردووه به یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه و له‌و رێگه‌یەشه‌وه بۆته ئه‌ندامی پارتی.
ساڵی 1972 ئاماده‌یی كشتوكاڵی هه‌ولێری ته‌واو كردووه و هاوكات بووه پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول تا نسكۆی ساڵی 1975، دوای نسكۆ بۆته فه‌رمانبه‌ر.
ساڵی 1975 په‌یوه‌ندیكردووه به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه، ساڵی 1977 دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی رژێمه‌وه ئاشكرا ده‌بێت و فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رده‌چێت، خۆی ده‌رباز ده‌كات و ده‌چێته شاخ و له هه‌رێمی 8ی ده‌شتی هه‌ولێر ده‌بێته پێشمه‌رگه، سه‌ره‌تا وه‌ك كادرێك رۆڵی گرنگی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا گێڕاوه، دواتر لێپرسراوێتی و فه‌رمانده‌ییكردنی پێشمه‌رگه‌ی، پێ سپێردراوه.
له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌شداری و سه‌رپه‌رشتی زۆر نه‌به‌ردی و داستانی كردووه و به‌هۆی شایسته‌ییه‌وه چه‌ندین پله‌شی پێدراوه له ساڵانی هه‌شتاكاندا، له‌وانه: فه‌رمانده‌ی كه‌رت و جێگری فه‌رمانده‌ی تیپ و فه‌رمانده‌ی تیپ له تیپه‌كانی 83ی هه‌ورێ و 85ی به‌ڕانه‌تی.
دوای ئه‌نفال به پارتیزانی له سنووری پارێزگای هه‌ولێر درێژه‌ی به خه‌بات داوه و بۆته فه‌رمانده‌ی ره‌تڵی پارتیزانه‌كانی هه‌ولێر.
له راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا به‌شداریی كاریگه‌ری هه‌بووه له رزگاركردنی زۆربه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی ناوچه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر، هه‌روه‌ها رۆڵی به‌رچاویشی هه‌بووه له ئازادكردنی شاری كه‌ركوك به‌تایبه‌ت له گرتنی ره‌بایه‌كانی زنجیره گردی دوومه‌ڵان، دوای راپه‌ڕینیش له به‌ره‌ی كوردستانیدا بۆته لێپرسراوی سه‌ربازی و هه‌ڵسوڕاوی چه‌سپاندنی یاساش بووه.
له دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌كاتی ته‌شكیلكردنی سوپای یه‌كگرتووی كوردستان له ساڵی 1993دا، كراوه‌ته جێگری فه‌رمانده‌ی قیاده‌ی مه‌نتیقه‌ی دهۆك له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی كوردستان.
به‌داخه‌وه، رۆژی 7/5/1994 به‌ناهه‌ق شه‌هیدكرا.
شه‌هید مه‌لا سلێمان
شه‌هیدی فه‌رمانده سلێمان عاره‌ب ئیسماعیل ناسراو به مه‌لا سلێمان، ساڵی 1955 له گوندی ده‌ربه‌ندی گۆمی سیانانی بناری زورگه‌زراوی پارێزگای هه‌ولێر له دایكبووه، ساڵی 1969 له یه‌كێتی قوتابیانی كوردستاندا ده‌ستی به خه‌بات كردووه، ساڵی 1974 له پۆلی سێی ئاماده‌یی كشتوكاڵ بوو كه وازی له خوێندن هێناو بووه پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول.
دوای هه‌ره‌س له ساڵی 1975دا گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌ولێر و درێژه‌ی به‌خوێندن دا.
ساڵی 1976 په‌یوه‌ندیكردووه به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه، ساڵی 1979 ده‌ستگیركرا و خرایه ژێر ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی سه‌خته‌وه، به‌ڵام خۆڕاگرانه به‌رگه‌ی گرت و هیچی نه‌دركاند، بۆیه هه‌مانساڵ به لێبوردنی گشتی ئازادكرا.
پاش ماوه‌یه‌ك به فه‌رمانبه‌ر له هه‌ولێر دامه‌زرا و هاوكات ده‌ستیكرد به خه‌باتی نهێنی له رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ساڵی 1982 بوو به‌پێشمه‌رگه و به‌هۆی لێوه‌شاوه‌ییه‌وه كرایه فه‌رمانده‌ی كه‌رتی 3ی تیپی 85ی به‌ڕانه‌تی، ساڵی 1987 كرایه جێگری فه‌رمانده‌ی تیپی 86ی ده‌شتی هه‌ولێر.
به‌شداریی چه‌ندین نه‌به‌ردی و داستانی كردووه.
دوای ئه‌نفاله‌كان له ره‌تڵی پارتیزانه‌كانی هه‌ولێر درێژه‌ی به خه‌بات داوه.
ساڵی 1990 بووه به فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی هه‌شت له هێزی پێشمه‌رگه‌دا.
له راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا به‌شداریی كاریگه‌رانه‌ی ئازادكردنی شاری هه‌ولێر و كه‌ركوكی كردووه.
دوای دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی فه‌وجی 2ی تایبه‌تی هه‌ولێر، دواتر كراوه‌ته جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی ئاكرێ بۆ كاروباری سه‌ربازی.
كه شه‌ڕی ناوخۆی 1994 هه‌ڵگیرسا ئه‌و بووه ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاشتی له‌ناوشاری ئاكرێ.
به‌داخه‌وه، رۆژی 5/5/1994 به‌ناهه‌ق شه‌هیدكرا.