لە یادی 31 ساڵەی لە سێدارەدانی پۆلێك لاوی شاری كەركوك دا

04:53 - 2024-05-06
کوردستان
170 جار خوێندراوەتەوە

سەیفەدین سابیر

دوای ئەوەی هەریەك لە هەڤاڵانی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (سیروان سابیر و سامان نەجمەدین و نەجات مەلا ئیبراهیم و تاريق محەمەد شوكر) لە كۆتایی مانگی 12ی ساڵی 1992 بەهۆی ئاشكراكردنیانەوە لە لایەن سیخوڕێكی رژێمەوە، یەك بەدوای یەكدا دەستگیركران، رۆژی 5/5/1993 لە دادگای بەناو سەورە بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بەگشتی دوای شەش مانگ مانەوە لە زینداندا، لە رۆژی 6/9/1993 لە زیندانی ئەبوغرێبی خۆرئاوای بەغدا، لە سێدارە دران.
ئەم هەڤاڵانە پۆلێك لاوی خوێنگەرمی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون لە شاری كەركوك، بە پێی پیلانی ئەمنی كەركوك و بە هاوكاریی ناپاكان دەستگیركران.
 لە دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێم خرانە ژێر لێكۆڵینەوەی چڕەوە، جۆرەها  ئەشكەنجەی سەخت دران كە هەموو جۆرەكانی دەگرتەوە، وەك لێدان و هەڵواسین و كارەبا و زۆری دیكەش، بەڵام ئەوان ئازایانە رووبەڕووی دوژمن بوونەوە و لە ئەنجامدا تاجی سەروەرییان لەسەر نا.
شەهید سیروان سابیر لە دایكبووی ساڵی 1971ی گەڕەكی ئیسكانی كەركوك، لێپرسراوی شانەی رێكخستن بوو، هەروەها ئەدەب دۆست و شاعیر بوو دیوانێكی دەستنووسی شیعریی لە پاش بەجێماوە.
شەهید سامان نەجمەدین لە دایكبووی ساڵی 1970ی گەڕەكی ئازادیی كەركوكە، ئەندامێكی ئازاو بەجەرگ و خۆڕاگری رێكخستن بوو، خوێندكاری پەیمانگەی مامۆستایانی كە ركوك بوو.
نەجات مەلا ئیبراهیم بەكر لە دایكبووی ساڵی 1970ی گەڕەكی ئیسكانی كەركوكە، لە راپەڕینی ساڵی 1991 بەشداریی كردووە، هەڤاڵێكی خۆنەویست و بە هەڵوێست بوو.
شەهید تاریق محەمەد شوكر لە دایكبووی ساڵی 1971ی گەڕەكی ئیسكانی كەركوكە، لە قۆناغی كۆتایی خوێندنی پەیمانگەی مامۆستایان بوو، گەنجێكی بوێر و چاونە ترس بوو، لە ئەنجامی ئەشكەنجەی زۆر و هەڵواسین بە پانكەوە دەستێكی شكابوو و بە تەواویی لەكار كەوتوو.
دوای لە سێدارە دانیان، لە ئەمنی كەرامەوە كەسوكارەكانیان ئاگاداركرانەوە بۆ هێنانەوەی تەرمی پیرۆزی شەهیدەكان، هەروەها خرانە ژێر فشاریشەوە كە بەبێ دەنگی و بەبێ دانانی پرسە و قەرەباڵغی بنێژرێن.
ئەوەبوو دوای 40 رۆژ لە شەهیدبوون و لە سێدارەدانیان، تەرمی پیرۆزیان لە ئەبوغرێبەوە هێنرانەوە بۆ شاری كەركوك و لە گۆڕستانی شێخ محێدینی شەهیدان، لە مە نزڵگەی شێخ مارف و شێخ حسێن و هاوڕێكانیان و ئەسیری و مامۆستا عەلی مەردان  و ناوداران و پیاوچاكانی  تری شاری كەركوك، بەخاكی نیشتمان سپێردران.
سڵاو بۆ رۆحی پاكی ئەو پۆلە شەهیدە و تێكڕای شەهیدانی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان