رەزا سەقایی، دەنگێک لە داوێنی زاگرۆسەوە

10:27 - 2024-05-07
کەلتور
74 جار خوێندراوەتەوە

مۆسیقا و هونەری گۆرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، قەرزارباری کەسێکە کە لە دەیەی 1960ەوە بە دەنگە ئەهووراییەکەی مۆسیقا و هونەری گۆرانی لوڕستانی بە هەموو ئێرانییەکان ناساند و دەنگە ئاهوورایەکەی زۆر زوو سنوورە جوگرافییەکانی تێپەڕاند و مۆسیقا و هونەری رەسەنی لوڕی بە هەموو کوردستاندا بڵاوکردەوە و بگرە لە دەرەوەی کوردستانیش دەنگەکەی ناسرا. 
رەزا سەقایی، ئەو هونەرمەندە دەنگ خۆش و ناسراوەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە مۆسیقای لوڕستان ئاوێتەی رۆحی بوو، بە دەنگی خۆش و زوڵاڵی خۆی گیان و دەروونی مرۆڤی داگیر دەکرد. 

لەخۆشی و ناخۆشی خەڵکدا بەشداربوو
رەزا سەقایی لە مەڵبەندی مەفرەق و ھەوت جووش و دارە بەڕۆ لە دایک ببوو، ھاوشانی خەڵکی نیشتمانەکەی لە خەم و خۆشیاندا بەشدار بوو، ئەو لە نیشتمانی خۆی جێگر ببوو، ھەر لەو زێدەشەوە بەرەو شوێنی ھەتاھەتاییەکەی فڕی و ئێستا کە چەندین ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا  تێدەپەڕێت، بەڵام ھێشتا یاد و بیرەوەرییەکانی لە ناخی جەماوەری ئەم نیشتمانەدا زیندوون.
لە مێژووی ھاوچەرخی لوڕستان زۆر کەم بینراون ئەو ھونەرمەندانەی کە کاریگەری قووڵیان ھەبێت لەسەر کەلتوری گوێدانە موسیقای وڵات و لەم بەینەدا و لەم بوارەدا رەزا سەقایی ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە و یەکێکە لە ناودارترین ھونەرمەندانی مێژووی موسیقای لوڕی.

ژوانگەی پێکهاتە و زاراوەکان
ئەو یەکێکە لە نەمرەکانی کەلتور و مۆسیقای لوڕستان و رۆژھەڵاتی کوردستان کە زمان و فولکلۆر و شوناس و ھەڵبەست و موسیقای پێکھاتەکانی لوڕ و لەکی باشووری زاگرۆسی پاراست لە بەرانبەر شاڵاوی نەمان و لەبیرچوونەوەدا، بوو بە ژوانگەی گوێگرانی لوڕ و لەک و بەختیاری و کەڵھور و سۆران و گۆران و کرمانج و تەنانەت زۆرینەی پێکھاتەکان و نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا.
ھونەرمەندی وەک رەزا سەقایی ھێما و نوێنەری راستەقینەی کەلتور و نەتەوەی خۆیانن و لەو کەسایەتییانەن کە دام و دەزگا حکومی و فەرمییەکان و یاساکان کەمترین رۆڵیان ھەیە لە ناساندن و نەمر بوونیان.
نەمر محەمەدڕەزا سەقایی لە رێکەوتی 9ی نیسانی 1938 لە گەڕەکی کۆنی پشت بازاری شاری خوڕەم ئابادی لوڕستان لە دایکبووە. باوکی خوالێخوشبوو ئەبولقاسمی سەقایی کوڕی خوالێخوشبوو تەیموور  کوڕی عەلیدووست لە تیرەی سلیورزی لوڕستان بوو.
پیشەی باوکی رەزا عەتاریی بوو، خاوەنی پێنج کوڕ و چوار کچ بوو، مامۆستا سەقایی منداڵی دووەمی بنەماڵە و یەکەم کوڕی خێزانەکەیان بوو. ئەو دوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندن بە ھۆی ھەلومەرجی ژیانی ئەو سەردەمە بەناچار دەستی لە خوێندن هەڵگرت و خەریکی پیشەی بەرگدروویی بوو.

ئاوازی خۆش و دڵگیری ناوچەی لوڕستان
سالی 1964بە تێکوشانی شێلگیرانەی مامۆستای بەناوبانگ و نووسەری گەورەی لوڕ دکتور «حەمیدی ئیزەدپەنا» بەرپرسی ئەو کاتەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری لوڕستان یەکەمین بەرھەمی گورانییەکانی لوڕیی بە دەنگی مامۆستا رەزا سەقایی و کەمانچە ژەنینی حسین سالم و تەپل لیدانی منێور سالم و کۆکردنەوە و راستکردنەوەی شیعرەکان لە لایەن مامۆستا حەمیدی ئیزەدپەنا تۆمار کرا لە ستودیوی سەرانسەری ئێران. بەم شێوەیە بۆ یەکەمجار ئاوازی خۆش و دڵگیری ناوچەی لوڕستان بە گورانییەکانی «حالووە گەنم خڕە»، «کەوش تڵا « ، « قەدەم خێر» ، «سیت بیارم» و «مەریەم مریەم» گەیشتە گوێی خەڵکی لوڕستان و ھەموو خەڵکانی ئێران و ئەمە بووە سەرەتای دەستپێکردنی «سەردەمی زێڕینی» مۆسیقای لوڕستان و موزیکی لوڕی بە شکۆیەکی گەورەوە ھەنگاوی ھەڵگرت بەرەو گۆڕەپانی نەتەوەیی.
مامۆستا سەقایی لە شەوی 12ی ئازاری 2007 لە شاری کەرەج تووشی جەڵدەی مێشک بوو، بۆ ماوەی 10 رۆژ  لە ژێر چاودێری پزیشکدا بوو لە نەخوشخانە، بەڵام بەداخەوە تەندروستیی بۆ نەگەڕایەوە و  لە دوای گەڕانەوی  بۆ شاری خوڕەم ئاباد یەکێک لە خوشکەکانی  بە ناوی «ماە دەوڵەت» تیمار و پەرەستاری لێدەکرد و بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو کەوتە سەر جێگا و ھەوڵدانی پزیشکەکان بۆ چارەسەرکردنی بێ سوود بوو.
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کە مامۆستا سەقایی لەسەر جێگا کەوتبوو خەڵکانێکی زۆر لە شاری خوڕەم ئاباد و تەنانەت دۆست و برادەرەکانی لە شارەکانی دیکەوە سەردانیان دەکرد و بەردەوام ئاگایان لێبوو و نەیاندەهێشت تەنها بێت.
بەداخەوە هونەرمەند رەزا سەقایی، کاتژمێر یازدەی پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 18ی تشرینی دووهەمی 2010  بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیانکرد. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان