لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژنان چالاكانە بەشداریی چالاكییە هونەرییەكان دەکەن

10:31 - 2024-05-07
کەلتور
65 جار خوێندراوەتەوە

ئا:خالید محەمەدزادە


 سەنا ئاروەند هونەرمەندی دەفژەنی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلێدوانێکدا بۆ کوردستانی نوێ باس لە پێشوازی ژنانی كورد لە هونەری دەفژەنین لە شاری سنە و شارەكانی دیكەی رۆژهەلاتی كوردستان دەكات و دەڵێت ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، ژنان زیاتر روو لە هونەری دەفژەنین دەكەن.
 سەنا ئاروەند كە راهێنەری هونەری دەفژەنینە لە شاری سنە بە کوردستانی نوێی گوت: لە سنە پێشوازی ژنان لە هونەری دەفژەنین بەرچاوترە، لەبەرئەوەی سنە ناوەندی هونەری دەفژەنینە  و لە لایەن یۆنسكۆوە بە پایەتەختی (دەف)ی جیهانیش ناودێر كراوە. سەنا وتیشی: لە شاری سنە ئازادی چالاكی هونەری بۆ ژنان لەبارترە، لەگەڵ ئەوەشدا سەنا ئاروەند دەڵێت لە ئێران مافی بەڕێوەبردنی كۆنسێرتی تایبەت بە ژناتن نادرێت، بەڵام بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم كێماسییە ژنان بەشداریی فێستیڤاڵەكانی دەفژەنین وەك رێوڕەسمی هەزار دەفی پاڵنگان و زەماوەندی پیر شالیار دەكەن. سەنا ئاروەند لە درێژەدا گوتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژنان بەشداری زۆربەی چالاكییە هونەرییەكان دەكەن و تەنانەت گروپی تایبەتی هەڵپەركێ بە بەشداریی ژنان دامەزراون و چالاكی دەكەن.
 سەنا ئاروەند كە كچی هونەرمەند ئەكبەر ئاروەندە گوتی:  ئێستا بنەماڵەكان لەگەڵ چالاكی هونەریی كچان راهاتوون و كێشە بۆ بەشداریكردنی كچان لە چالاكییە هونەرییەكاندا دروست ناكەن. سەنا ئاروەند بە كوردستانی نوێی راگەیاند لە رۆژهەلاتی كوردستان ژنان رێگە پێدراون بۆ چالاكی هونەری بە بەراورد لەگەڵ پارچەكانی دیكەی كوردستان، وتیشی ئەو ئازادییەی لەناو بنەماڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چالاكیی ژنان هەیە لە بەشەکانی دیكەی كوردستان نییە، هیوادارم بنەماڵەكان بە كراوەیی زیاتر سەیری چالاكی ژنان بكەن، سەنا ئاروەند جەختی لەوە كردەوە هیچ كۆمەڵگایەك پێشكەوتن بە خۆیەوە نابینێت ئەگەر ژنان تێیدا ئازاد نەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان