كورد لە قووڵایی شارستانییەتی جیهانیدا

10:34 - 2024-05-07
کەلتور
133 جار خوێندراوەتەوە
مۆدێلی خانمێکی نیاندەرتاڵە کە 75 هەزار ساڵ پێش لە کوردستان ژیاوە

مەریوان عەبدوڵڵا


لەم سەردەمەدا گەلانی جیهان بۆ نیشاندانی رەسەنایەتیان جەنگ لەسەر ئاشكراكردن و ساغكردنەوەی مێژووی خۆیان دەكەن و هەوڵی دۆزینەوەی پردێك دەدەن كە بیانبەستێتەوە بە مێژووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە سەردەمی چاخە دێرینەكاندا



لەم سەردەمەدا شەڕی شارستانییەت كاریگەر ترو بەهێزترە لە شەڕ و ململانێی سیاسی و دیبلۆماسی، كورد دەتوانێت زیرەكانە ببێت بە كارەكتەرێكی نێو  ئەو تۆڕ و شانۆگەرییە جیهانییەی كە شارستانییەت پەلكێشیان دەكات بۆ نێو گەمە و رووداوە گرنگەكانی جەمسەرە جیاوازەكانی سەردەمی جیهانگیری و كاریگەر و مانەوە بە بەهێزی .

جەنگ لەسەر ساغكردنەوەی مێژوو
‎لەم سەردەمەدا گەلانی جیهان بۆ نیشاندانی رەسەنایەتیان جەنگ لەسەر ئاشكرا كردن و ساغكردنەوەی مێژووی خۆیان دەكەن و هەوڵی دۆزینەوەی پردێك دەدەن كە بیانبەستێتەوە بە مێژووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە سەردەمی چاخە دێرینەكان، لەكاتێكدا  كورد خۆی لە قووڵایی ئەو مێژووەدایە و پێویستە توانا و هێزی ئەوەی هەبێت بێتە نێو گەمە جیهانییەكە و خۆی بسەلمێنێت بۆ چوونە نێو نەخشەی شارستانییەتی جیهانی.

كورد خاوەن شارستانییەتێكی دێرینە

‎گرنگتر لەهەر باسێكی دیكە لەم رۆژانەدا ئاشكرابوونی كەللەسەری خانمێك كە  دەگوترێت رەچەڵەكی بۆ كورد دەگەڕێتەوە لە ئەشكەوتی شانەدەر لە هەرێمی كوردستان بووەتە رووداوێكی مێژوویی یەكجار گرنگی زانستی بەجۆرێك كەم ناوەندی زانستی و میدیایی هەیە لە جیهاندا باسی نەكردبێت كە مێژووەكەی بۆ 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئاشكرابوونی ئەم شوێنەوارە پەردە لەسەر زۆر بەڵگەی مێژووی دەرهەق بە كوردستان و نەتەوەی كورد هەڵدەداتەوە، ئەو راستیە دەچەسپێنێت كورد هەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاكە ئەژی گەلێكی دێرینی خاوەن شارستانییەتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ، بەڵام ئەوەی جێگەی تێرامان و نیگەرانی قووڵە بەم رەگ و رێشە و قووڵاییەی كە هەیەتی لەنێو مێژووی مرۆڤایەتی و لە سەردەمی جیهانگیرو ژیری دەستكرددا كورد نەبووەتە بەشێك لە رووداوە گرنگە جیهانیەكان و نەیتوانییوە وەبەرهێنان لەم مێژووە ئاڵتونییەیدا بكات و بیكاتە پاڵنەرێك بۆ خۆناساندن و بوون بە بەشێك لە چیرۆكە جیهانییەكان.

كورد ئاگای لە مێژووی خۆی نییە
‎پێشتر چەندین توێژینەوە و گەڕیدەی شوێنەوارناسی بیانی بە بەڵگەی زانستی سەلماندویانە كورد خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە شارستانییەتە لە ناوچەكەدا و یەكێكە لە میللەتە هەرە كۆنەكانی سەر گۆی زەوی كەچی تا ئێستا كورد خۆی وەك پێویست بە ئاگا نییە لەو مێژووەی كە میلەتانی دیكە شانازیی پێوە دەكەن و كار لەسەر دەرخستنی بەڵگە زانستییە مێژووییەكان دەكەن .
‎دیسان بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراوە ئەو مرۆڤانەی كە لەسەر خاكی كوردستان ژیاون لە چاخە سەرەتاییەكانی ژیانی مرۆڤایەتیدا خاوەنی شێوازی ژیان و كردارو رەفتاری خۆبەڕێوەبردن و ناشتنی مردووەكانیان بووە بەرێگەیەكی بیرمەندانە، هەروەك پەنابردنیان بۆ ئەشكەوتەكان و خۆ پاراستنیان لە مەترسییەكان و لەناوچوونیان نیشانەی هۆشمەندی ئەوان بووە لەپێناو شەڕی مانەوە.
‎دیسان بەپێی كنەو پشكنینی توێژەرانی تیمە بیانییەكان لەنێوان ساڵانی 1953 بۆ 1960 چەند ئێسكە پەیكەرێكی حەوت كەسی پێگەیشتوو و دوو منداڵی ساوا لە هەمان ئەشكەوت لە شانەدەر دۆزرانەوە كە لە رووی بۆماوەییەوە دەركەوتووە سەر بە مرۆڤی نیاندەرتاڵ یان نزیك لەوانە ،  گومانی تێدا نییە ئەم رووداوانە كە لەسەر خاكی كوردستان تۆمار كراون ، كورد دەبەنە نێو قووڵایی شارستانییەتی جیهانی ئەگەر بە وردی و وریایەوە كاری بۆ بكرێت . 
‎لەم كاتەدا ئەركی توێژەران و شوێنەوارناسانی كوردە بەو پەڕی هێز و توانا و بیرمەندییان كار لەسەر ئەم كەیسە بكەن و بیخەنە نێو قووڵایی و كرۆكی ئەو شارستانێتیەی كە گەلانی دیكە خۆیان بەخاوەنی دەزانن و وەبەرهێنانی تێدا دەكەن، جیا لەوەش ئەركی میدیای كوردییە زیاتر ئەم دەستكەوت و راستە مێژووییە بناسێنێت و ناسنامەی كوردبوونی بەبەردا بكات، چونكە سەدان ساڵە دوژمنەكانمان بێ بەزەییانە كار لەسەر سڕینەوەمان دەكەن بێ ئاگا لەوەی مێژوو خۆڕسكانە دەمانگرێتەوە باوەش، بە داخەوە ئەمە چیرۆكی راستەقینەی كوردە لەسەر زەوی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان