د. هاشم زێباری: ئابووری كوردستان لەسەر هیچ بنەما و سیستم و فەلسەفەیەكی دیارییكراو بەڕێوەناچێت

10:53 - 2024-05-07
ئابووری
57 جار خوێندراوەتەوە
د. هاشم زێباری

سازدانی : دیانا ئەحمەد


دكتۆر هاشم زێباری، ماوەی 18 ساڵە مامۆستای زانكۆیە و ئەزموونی 29 ساڵی لە بواری راگەیاندندا هەیە، هەروەها پرۆفیسۆری یاریدەرە لە كۆلێژی كارگێری و ئابووری لە زانكۆی زاخۆ.  پێمانباشبوو ئەم دیدارە تایبەتەی لەگەڵدا سازبکەین. 

*ئەگەر بکرێت سەرەتا باسێکی ژیانی ئەکادیمی خۆتانمان بۆ بکەیت؟
_ساڵی 1999 كۆلێژی كارگێری و ئابووری بەشی ئابووریی لە زانكۆی دهۆك تەواوم كردووە، یەكێك بووم لە یەكەمەكانی زانكۆ، پاشان لە ساڵی 2001 لە ماستەر وەرگیرام، بەڵام پێش ئەوەی كۆرسی یەكەم تەواو بكەم، بە هۆکاری سیاسیی دەستگیرکرام تۆمەتی دروستكردنی رێكخراوێكی سیاسی و یەكێتی بوون و لە ئەنجامدا بۆ ماوەی ساڵێك سزادراین.

*ئەی سەرەتای کارتان لە بواری راگەیاندندا بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

_ ساڵی 1995 یەكەم دەستپێكم بوو لە راگەیاندندا كە لە رادیۆی ئازادی لە دهۆك دەستبەكار بووم، ئەو كاتە خوێندكاری قۆناغی یەكەم بووم لە زانكۆ و لە رادیۆ چەند بەرنامەی فیكریی و ئابووریی و زانستیم پێشكەشكردووە وەك ئامادەكار و پێشكەشكار. دواتر لە سەرەتای ساڵی 1998 لەگەڵ كردنەوەی كەناڵی تەلەفیزیۆنی ئازادی (حزبی شیوعی) لە تەلەفزیۆن كارم كردووە وەك ئامادەكار پێشكەشكاری بەرنامەی (ستاف) و خوێندنەوەی دەنگ باسی تەلەفزیۆنی، لەهەمانكاتدا وەك پەیامنێری هەفتەنامەی (رێگای كوردستان) لە بادینان كارم كردووە. لەگەڵ دەرچوونی رۆژنامەی هاووڵاتی وەك یەكەم رۆژنامەی ئەهلی سەربەخۆ، بووم بە پەیامنێر  و ئەندامی دەستەی نووسەرانی هاووڵاتی و بەهۆی كارم لە هاووڵاتی تووشی چەندین كێشە و رووبەڕووی دادگابووین، یەكەم رۆژنامەنووس بووم كە رووبەڕووی دادگا بووم لە دهۆك لە سەر بڵاوكردنەوەی راپۆرت و بەدواداچوون و چەندین جاریش زیندانیكرام كە كۆتا جار ساڵی 2007 بوو،  من لە كاری رۆژنامەنووسی بەردەوام بووم تا ساڵی 2008، بەڵام دواتر وازم لێهێنا، دوای ئەوە ساڵی 2006 ماستەرم لە زانكۆی موسڵ تەواوكرد، چونكە لە زانكۆی دهۆك لەسەر بیروباوەری سیاسی دەركرام وتەرقین قەیدكرام، هەربۆیە ناچار بووم لە موسڵ بخوێنم، هەر لە تەواوكردنی ماستەر، لە مانگی 11ی ساڵی 2006 وەك مامۆستا لە (زانكۆی نەورون) كەرتی تایبەت وەرگیرام، دواتریش لە ساڵی 2013 خوێندنی دكتۆرام لە زانستی ئابووری لە زانكۆی موسڵ تەواوكرد و لە ساڵی 2006 تا ساڵی 2021 وەك مامۆستا لە زانكۆی نەورۆز كارم كردووە، دووبارە گواسترامەوە بۆ زانكۆی زاخۆ وتا ئێستا لەوێدا بەردەوامم.

پەیوەندییەكی زۆر  بەهێز هەیە لە نێوان راگەیاندن و ئابووریدا، چونكە پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە


*لەبواری ئامادەکاری بەرنامەی تەلەفزیۆنیش چالاکبوون، دەکرێت باسی ئەوەشـمان بۆ بکەیت؟
_
سەرەڕای كاری خۆم وەك مامۆستایی زانكۆ ، ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی (ئابووری بە ژمارە) م لە كەناڵی گەلی كوردستان و پێشتریش لە ساڵی 2017 تا ساڵی 2023 ئامادەكاری بەرنامەی (بیردانك) بووم لە كەناڵی بادینان سات، دواتر لە كەناڵی بادینانی لۆكاڵی كە ئەو بەرنامەیە تایبەت بوو بە دۆكۆمێنتكردنی بیرەوەریی و خەباتی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی لە سنووری بادینان، لە قۆناغەكانی سەرەتایی دروستبوونی یەكێتی تا راپەرینی ساڵی 1991 توانیمان بیرەوەری زیاتر لە 200 پێشمەرگەی دێرین و رێكخستنە دێرینەكانی یەكێتی لە بادینان دۆكومێنت بكەین، بێگومان پەیوەندییەكی زۆر  بەهێز هەیە لە نێوان راگەیاندن و ئابووریدا، چونكە پەیوەستە بە ژیان وگوزەرانی خەڵكەوە، هەروەها سیاسەت و ئابووری دوو رووی یەك دراون و هەر رووداوێك لەو وڵات و جیهاندا رووبدات، بە گشتی رەهەندێکی ئابووری هەیە، بەداخەوە تا ئێستا راگەیاندنێكی پرۆفیشناڵ و پیشەیی لە هەرێمی كوردستاندا نابینم سەرەڕایی زۆری ئیمكانیات و كەرەستەی بەردەست، لە سەردەمانی پێشوودا بە ئیمكانیاتی كەم و تەكنۆلۆژیایەكی دواكەوتوو توانیمان خزمەتێكی باش بكەین، هەرچەندە هەندێك كادری باشمان هەیە لە ناو راگەیاندندا، بەڵام من پێموایە لە بواری راگەیاندندا زۆری ماوە تا بگەین بە وڵاتانی پێشكەوتوو. 

* ئابووری کوردستان  چۆن دەبینیت؟
_
بەداخەوە ئابووری كوردستان لەسەر هیچ بنەما و ئاڕاستە و سیستم و فەلسەفەیەكی دیارییكراودا بەرێوەناچێت، نە بازاڕی ئازادمان هەیە نە سیستمێكی سۆشیالیستی، ئەوەی هەیە كۆمەڵێك كۆمپانیا و قۆرخكار  و بنەماڵەی دەوڵەمەند و ئەرستۆگراتی ئابووری ئەم وڵاتەیان قۆرخكردووە.

* بۆچوونتان چۆنە لەبارەی مامۆستایانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستاندا؟
_
بە داخەوە زۆربەی مامۆستایانی زانكۆ بوونەتە(مامۆستای زانكۆ) چونكە هیچ تەفاعولێك لەگەڵ كۆمەڵگادا ناكەن بۆئەوەی كۆمەڵگا سوود لە توانا و بۆچوونەكانیان وەربگرن و زۆر ناخوێننەوە بۆئەوەی توانا و زانیارییەكانیان بەردەوام نوێبكەنەوە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمە كۆمەڵایەتی وسیاسییە كە رێگرە لەبەردەم دروستبوونی زانیاریی و زانست. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان