د. عەدنان سەراج بۆ کوردستانی نوێ:

هەندێك كێشە ماون كە پەیوەندییەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزدەكەن

10:25 - 2024-05-08
دیدار
69 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەراج، سەرۆكی سەنتەری گەشەپێدانی میدیایی لە عیراق

كوردستانی نوێ‌- ئیدریس جەبار 

د. عەدنان سەراج، سەرۆكی سەنتەری گەشەپێدانی میدیایی لە عیراق پێیوایە حكومەتی عیراق دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، بەتایبەت كێشەی مووچە كە بە كێشەیەكی بنەڕەتی دادەنرێت، باس لە رۆڵی سوننەش دەكات لە پرۆسەی سیاسی عیراق، وێڕای قسەكردن لەسەر رۆڵی عیراق لەپێناو هێوركردنەوەی ململانێكان لە ناوچەكە و بینینی رۆڵی ناوبژیوان، لەپێناو رێگرتن لە بەریەككەوتن و دووركەوتنەوە لە تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی ئیقلیمی. 
سودانی راستگۆیە لەهەوڵی چارەسەكردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێم
عەدنان سەراج، تایبەت بە (كوردستانی نوێ‌) رایگەیاند: «حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی راستگۆیە لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەكردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، پێشیوایە بابەتی یەكترپەلكێشكردن هیچ بنەمایەكی نییە، بۆ ئەو مەبەستەش مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت كە بە كێشەیەكی سەرەكی لەنێوان بەغدا و هەرێم دادەنرێت، لەبەر ئەوەی خەرجكردنی مووچەش بەشێوەیەكی دروست بەڕێوەدەچێت، بە هەمان شێوە دەیەوێت پرۆسەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەستپێبكەنەوە». 
كێشە هەڵپەسێردراوەكان
بە وتەی، سەرۆكی سەنتەری گەشەپێدانی میدیایی لە عیراق: «كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێریش دەبێت چارەسەر بكرێن، هەر لە كێشەی سەرژمێری گشتییەوە بگرە، تا دەگاتە یاسای نەوت و غاز و بابەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەڕووی دارایی و ئەمنی و لایەنەكانی تر». 

 

ماڵی سوننە بەدەست چەند كێشەیەكەوە گیرۆدەیە، لەئێستادا هەوڵێك هەیە، تا حەلبوسی بكرێتەوە بە رووكار

 

هەندێك كێشە پەیوەندییەكان ئاڵۆزدەكەن
عەدنان سەراج دەڵێت: «هەندێك كێشە ماون كە پەیوەندییەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزدەكەن، بە تایبەت مەسەلەی بۆردومانەكان كە ناوبەناو هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دەبێتەوە، حكومەتی بەغدا راستگۆیە لە دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەكە، چونكە زیان بە پەیوەندی نێوان  پێكهاتەكانی گەلی عیراق دەگەیەنێت». 
ماڵی سوننە كێشەی تیایە
لەبارەی رۆڵی سوننە لە پرۆسەی سیاسی ئێستای عیراق، د. عەدنان سەراج، سەرۆكی سەنتەری گەشەپێدانی میدیایی لە عیراق وتی: «ماڵی سوننە بەدەست چەند كێشەیەكەوە گیرۆدەیە، لەئێستادا هەوڵێك هەیە، تا حەلبوسی بكرێتەوە بە رووكار، بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە دەرەكییەكانی وەك توركیا لایەنەكانی تر كار بەو ئاراستەیە دەكەن و دەیانەوێت وێنەی حەلبوسی باش بكەن و لەگەڵ شیعەدا ئاشتی بكەنەوە». 
بە بۆچوونی عەدنان سەراج: «ناكۆكییەكان لەنێوان لایەنە سوننەكان بەردەوام دەبێت، چونكە لەنێوخۆیاندا ناگەنە چارەسەر، بە تایبەت لەڕووی دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و هەمواركردنەوەی یاسای پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، تا لەگەڵ كاندیدی (تقدم)دا بگونجێت، لەو بڕوایەدام ناكۆكییەكی راستەقینە هەیە لەسەر ناوی كاندیدەكە، سوننە تا ئەم ساتەش هەوڵەكانیان بۆ كۆدەنگی لەو بارەیەوە دوورەدەستە، ئەردۆغان لەگەڵ لایەنە سوننەكاندا كۆبووەتەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی ئێستا وەك خۆی ماوە و رەنگە تا كاتی هەڵبژاردنی داهاتوو درێژە بكێشێت». 
عیراق وەكو نێوەندگیر
سەرۆكی سەنتەری گەشەپێدانی میدیایی لە عیراق، لەبارەی ململانێ‌ ئیقلیمییەكان و رۆڵی نێوەندگیریی عیراق لە هێوركردنەوەی رەوشە، رایگەیاند:«دەكرێت عیراق رۆڵێكی نێوەندگیریی گرنگ بگێڕێت لە هێوركردنەوەی رەوشی ناوچەكە، بەڵام بابەتەكە پەیوەندی بە پەیوەندییە ئیقلیمییەكانەوە نییە، هێندەی ئەوەی پەیوەندی بە كاریگەرییەكانی ئەمریكاوە هەیە لەسەر ناوچەكە كە چەندان ئەجێندا و پرۆژەی جیاواز لەخۆدەگرن و جیاوازن لەگەڵ پرۆژە ئیقلیمییەكان و خزمەت بە پرۆسەی بنیاتنانی ئیقلیمی ناكەن، عیراق لەئێستادا دەیەوێت ئابوورییەكی ئیقلیمی بونیادبنێت، سیاسەتی دووەمی پرۆسەی هاوئاهەنگی و تەواوكاریی ئەمنییە لەنێوان وڵاتانی دراوسێ‌، لەلایەكی ترەوە كار بۆ گونجاندن و پێكهاتنی وڵاتانی دەوروبەر دەكات، لەڕێی سازدانی چەندان كۆنگرەی ئیقلیمی، لەپێناو یەكخستنی هەوڵە ئابووری و سیاسییەكان».    

بابەتە پەیوەندیدارەکان