یەکێتی تانە لە بڕیارەکەی کۆمسیاران دەدات

03:35 - 2024-05-08
کوردستان
94 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنەکان و ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی، بڕیارەکەی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ هەڵپەساردنی کارە هونەری و داراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەنایاسایی دەزانن. 
رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی راگەیاند، تانەکەمان لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیارانە، چونکە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی دیموکراسی هەرێمی کوردستاندا نییە.
وتیشی، بڕیارەکە لە کاتێکدایە، کە بەپێی دەستوور نابێت هیچ سکاڵا و تانەیەک لەبارەی هەڵبژاردنەوە بدرێت لە کاتێکدا کە 6 مانگ بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە.
رزگار حاجی حەمە دەشڵێت، دادگای فیدراڵی ئەو مادەیەی تایبەتە بە دابەشکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان رادەگرێت و ئەنجومەنی کۆمسیارانیش بڕیارێکی دیکە دەدات و بەشێک لە کارە هونەری و داراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەپەسێرێت. 
لای خۆشیەوە تەلار لەتیف لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی راگەیاند، لەڕێگەی رزگار حاجی حەمە، کە نوێنەری قەوارەی سیاسیمانە تانەمان لە بڕیارەکەی کۆمسیاران داوە، چونکە بەپێی فەرمانە وەلائییەکەی دادگای فیدراڵی، کە لەسەر بڕگەی دوو لە مادەی دووە و تایبەتە بە دابەشکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکاندا، نەک هەڵپەساردنی بەشێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن وەک لە بڕیارەکەی کۆمسیاراندا هاتووە.
وتیشی، بڕیارەکەی کۆمسیاران کاریگەری سلبی لەڕووی سیاسی و یاسایی و ماددییەوە بۆ ئێستا و داهاتووی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەبێت، یەکێتی بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نییە، کە دەبێتە هۆی دواخستن و راگرتنی هەڵبژاردن، بەپێچەوانەوە دەمانەوێت هەڵبژاردن لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت کە سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە.
تەلار لەتیف ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێت حزبێکی سیاسی کە بوێری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردندا نییە، بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵی دواخستن و پەکخستنی پرۆسەکە بدات، لە کاتێکدا تا دوێنێ ئەو حزبە، بڕوای بەبڕیارەکانی ئەو دادگایە نەبووە کە سکاڵاکەی لێ تۆمارکردووە.

#هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان