لۆراند گاسپار و دەقی پەخشان و شیعر

09:39 - 2024-05-09
ئەدەب و هونەر
51 جار خوێندراوەتەوە
لۆراند گاسپار

وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: شاكر لعێبی
لە عەرەبییەوە:محەمەد كەساس




لۆراند گاسپار شاعیر و پزیشكێكی فەرەنسی بە رەچەڵەك هەنگاری، ساڵی(1925) لە تارجۆ مۆریس - ترنسلڤانیای رۆژهەڵات، هاتووەتە دنیاوە، ئەوشارە پێشتر بەشێك بووە لە هەنگاریا، ساڵی (1920) كەوتە ژێر دەسەڵاتی رۆمانیا، لەو شارەدا زمانی دایكیی هەنگاری بووە، بەڵام خەڵكەكەی  بەهەردوو  زمانی رۆمانی و ئەڵمانی  قسەیان كردووە، لەبەرئەوە گاسپار هەر لەمنداڵیەوە  هەرسێ زمانەكە بەباشی فێربوو، بێجگە لەزمانی فەرەنسی كە زمانی دایكی بوو.
دوای خوێندنی قۆناغی پۆلیتەكنیك لە بۆدابست، ساڵی (1944) بەزۆر نێررا بۆ سەربازگەی كاری زۆرەملێ لە بادورتمبرغی ئەڵمانیا، بەڵام ساڵی (1945) لەو سەربازگەیە هەڵات،پەیوەندی كرد بەهێزەكانی فەرەنساوە لەسەربازگەی ئەلزاس.
پاشان سەرپشكیان كرد لەوەی ئایا دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی یان لە فەرەنسا دەمێنێتەوە، ئەمیش فەرەنسای هەڵبژارد، لەوێ‌ بەهاوكاری ئاوارەكانی هەنگاریا توانی لە كۆلیژی پزیشكی بخوێنێت، دواتر رەگەزنامەی فەرەنسی بەدەستهێنا و زمانی فەرەنسیشی هەڵبژارد بۆ نووسینی كارە ئەدەبیەكانی، دوای ئەوەی بڕوانامەی پزیشكیی بەدەستهێنا بووە پزیشكی تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، یەكەم شوێنی كاركردنی لەبواری پزیشكیدا لە نەخۆشخانەكانی فەرەنسا لەشاری قودس و بەیت لەحم، ساڵی (1970) تا ساڵی (1995) لەنەخۆشخانەی شارل نیكۆلی فەرەنسی لە تونس كاریكردووە، لە ئەزموونەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سێ كۆمەڵە شیعریی بەچاپ گەیاند كە هەندێك لەشیعرەكانی بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕاون.
شاعیرو فەیلەسوف و زانایان بەراستی بیركراوە و مێشككراوەن، هەموو تواناكانیان هەروەكو ژیانیان دەخەنە خزمەتی كۆمەڵگەوە، ناكرێ و ناتوانرێ یەكێكیان لەوی دیكەیان جودا بكرێتەوە. شیعر وەڵامدانەوەی بابەتێكی دیاریكراو نییە، شیعر جگە لەپرسیار دروستكردن لای خوێنەر هیچی دیكە نییە و چاوەڕێی وەڵامی پێشبینیكراو ناكات.

دژەكان ترپەی لێدانی دڵی دنیان 
رابەرایەتی دەكەن بەرەو هەلاهەلابوون
دواتر لە دەرهێنانیدا، هیچ دەرمانێ چارەی ناكات 
بەزمانێك دەدوێ كە ئایندەی فەنادەكات 
پاشان زنجیرەیەك جەڵتە لێی دەدات 
***
تەماشاكە چۆن شەو لە نێوان درەختەكانەوە 
سەرەتاتكێ دەكات 
بەڵام تەنها درەختەكان نین 
چاوەكانیش نین بۆ بینین 
بەتەنها ئەم ئاوازە 
جۆلانەی نەوڕەسەكانە 
بایەك لەبەرد 
لە مۆسیقا داماڵڕاو
تەنها ئاماژەی تیشكەكانە 
كە حەزیان بەدەنگەدەنگی شەو هەیە 
***
بۆ مرۆڤێك دەدوێم كە 
نەگژوگیای دیوە نەرووبار
وشەكانی بیرنایەتەوە
تەنها سەوزاییی لە چاوانیدایە 
لەمانگ و رووناكی دەڕوانێ
بەتیشكی نیگاكانی 
***
خەیاڵ دەكەم و خەون دەبینم بەدەوروبەرمەوە
ئەوە سوور هەڵگەڕانی دەمەوبەیانە
هێشووە دەنگی ساف و بێ گرێیە
دەوری گردۆڵكە راكشاوەكانی داوە
گامێشەكانن دێنە دەرەوە و
هەردوو كونەلووتیان 
بەدووكەڵی هەناسەیان رازاوەتەوە
***
كانگەیەك لە ستەم ودرەوشانەوە
جوڵە و جێگیریی
كانگەیەك لەهەوای جوڵاو و زمان
لە قوڵایی بێدەنگیەكی لاساردا 
لێرەدا: وشەیەك، ئاماژەیەك، نادیارێك 
داخوران و داڕمانمان بۆ دێنن
بەڕووت و رەجاڵی لە رێگاوبانەكانی باشووردا
ماڵی نهێنیەكانمان دەدەین بەكۆڵمانداو
لەودوورە بەدوای شەودا دەگەڕێین لەدەمەوبەیاندا 
***
لەچاوگێكەوە بۆ چاوگێكی دیكە 
لە دەمێكەوە بۆ دەمێكی دیكە 
لەسەر باوەڕی باخچەیەكی قوڵ دەمێنینەوە 
كانگەی بۆگەنیی
بۆنی ژێرخاك نراو و شاراوە
چرۆكردن لەژێر زەوی
سەرباری ئەوە، لەبیرێكەوە بۆ ئەوی دیكە 
نادیارێك خۆی ئامادە دەكات
ئاوە لە كوڵەكە دەوەستێت 
تا درەوشانەوەیەكی تایبەتی 
نادیاری پێ ببەخشێت 

سەرچاوە: جریدە بین نهرین، عدد (66) سێ شەممە (27) ی شوباتی ساڵی(2018)  

بابەتە پەیوەندیدارەکان