نموونەی ژنێکی بوێر لە دنیای هونەردا

چانسی دووەمی بۆ ژیان لە درامایەکدا پیشان دەدات

09:41 - 2024-05-09
ئەدەب و هونەر
63 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

چی روودەدات ئەگەر چانسی دووەمت لە ژیاندا پێ ببەخشرێ و بوارت هەبێت بۆ گۆڕینی قەدەری خۆت؟ ئایا دووبارەبوونەوە و گەڕانەوە بۆ رابردوو وادەکات دۆخەکان جیاوازبن و لەو کۆتاییە تراژیدییەی چاوەڕوانت دەکات رزگارت بێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیار لە درامای «Marry My Husband –شوو بە مێردەکەم بکە» پێشکەش دەکرێت ئەم درامایە لە1ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا نمایشکرا و ئەستێرەی کۆریای باشوور «پارک مین یونگ» پاڵەوانێتی دەکات و یەکێکە لەو درامایانەی پاڵەوانی سەرەکی ژنە، چونکە ئەم ئەستێرەیە نموونەی ژنێکی خاوەن کەسایەتییەکی ئازا و بوێرە و یەکێکە لەو ئەستێرە ژنانەی بێ ترس رووبەڕووی خەڵکی خراپ و میدیا زەردەکان دەوەستێتەوە کە هەموو کارێکیان چاودێریکردن و بێزارکردنی هونەرمەندانە کە لە کۆریای باشوور ئازادی راگەیاندن بەجۆرێکە میدیا و میدیاکاران دەچنە نێو وردەکاریی ژیانی تایبەتی هونەرمەندانەوە بە رادەی بێزارکردن و تەدەخول کردن لە ژیانی تایبەتی ئەستێرەکاندا.

 

 

 پەیامی دراماکە ئەوەیە پێمان دەڵێت لە ژیان مەترسە بژی وەک ئەوەی هەیت نەک بۆ رازیکردنی ئەوانی دیکە

 

چانسی دووم بۆ ژیان
لەم درامایەدا پارک مین یونگ کە رۆڵی «کانگ جی وون» دەگێڕێت دیمەنی یەکەم بەوە دەستپێدەکات نەخۆشی شێرپەنجەیە لە رۆژەکانی کۆتایی ژیانیدایە، بیر لەوە دەکاتەوە چ ژیانێکی ناخۆشی بەسەربردووە لەگەڵ هاوسەر و ماڵە خەزوورانی و چەندە خراپ بوون لەگەڵیدا، بەڵام دڵی بەوە خۆشە تاکە هاوڕێی خۆشەویستی لە پاڵیدا ماوە و لە دوا ساتەکانیدا جێینەهێشتووە، بەڵام ئەوەی تووشی شۆکی دەکات کاتێک دەزانێت ئەو هاوڕێیەی لەگەڵ مێردەکەیدا خیانەتی لێدەکات، لەو دیمەنەدا کاتێک بەو خیانەتە دەزانێت ئەوەی زیاتر ئازاری دەدات خیانەتی مێردەکەی نییە، چونکە لەمێژە چیتر خۆشی ناوێت، بەڵکو خیانەتی نزیکترین هاوڕێیەتی، بەڵام ئەوەی هەموو شتێک دەگۆڕێت ئەوەیە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ژیانی لەسەر دەستی مێردەکەی و هاوڕێکەی، دەبینێت ژیان چانسێکی دیکەی داوەتێ و 10 ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ رابردوو بۆ ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی شوو بەو پیاوە بکات، ئەو پیاوەی دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتن و وێرانکردنی ژیانی، لێرەدا بینەر لەخۆی دەپرسێت ئەگەر چانسێکی دیکەم هەبێت چی لە ژیانم دەگۆڕم؟ بەدرێژایی دراماکە پیشانمان دەدات گۆڕینی ژیان و رازینەبوون بە کەمترین و وەستانەوە لە دژی ئەوانەی بە کەمت دەزانن و وەک مێینەیەک بە چاوێکی سووک تەماشات دەکەن لە دنیای کاردا چەندە قورسە و چ هەوڵ و ماندووبوون و چاونەترسییەکی دەوێت تا پێزانینیان هەبێت بۆت و بتوانیت تواناکات دەربخەیت.
پاڵەوانەکە دوای ئەوەی لە رابردوودا خەبەری دەبێتەوە تێدەگات دەبێت ئەمجارە ژیانی بگۆڕێت و ئەو دوو کەسەی هۆکاری وێرانبوونی ژیانی بوون دەبێت ئەمجارە بە دەستی خۆی وابکات بۆ یەک ببن، کاتێک هاوڕێکەی شوو بە مێردەکەی دەکات پێیدەڵێت: «سوپاس کە خۆڵ و خاشاکی ژیانت لەکۆڵ کردمەوە» بەڵام ئایا وا بەئاسانی قەدەر دەگۆڕێت؟ یاخود کەسە خراپەکان دەکرێت هەمان قەدەری کەسێکی بێ دەسەڵات و داماویان هەبێت؟ لە ئەڵقەکانی کۆتاییدا گرێی دراماکە بەجۆرێک ئاڵۆز دەبێت نازانیت چارەنووسی پاڵەوانەکان بەچی دەگات.

پەیامی دراماکە
 پەیامی دراماکە ئەوەیە پێمان دەڵێت لەژیان، مەترسە بژی وەک ئەوەی هەیت نەک بۆ رازیکردنی ئەوانی دیکە، لەو نێوەندەشدا ئەوانە ببینە و بناسە کە بەڕاستی خۆشیاندەوێیت و ئاساییە یارمەتی و هاوکاریی ئەوان قبووڵ بکەیت و کەسە باشەکان ببن بە پاڵپشت بۆت، ئەم درامایە راستە تۆڵەسەندنەوە و بڕێک لە توندوتیژی تێدایە، بەڵام نووسەر و دەرهێنەر بڕێکی باش لە خەیاڵ و خۆشەویستی و رۆمانسیاتیان تێدا بەکارهێناوە ئەوەش وایکردووە دراماکە جوانتر و سەرنجڕاکێشتر بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان