روبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی و كاریگەرییەكانی سەر ژینگە و ئاووهەوا، هەوڵی هەمووانی دەوێت

سەرۆك كۆمار: گرتنەبەری رێكاری خێرا و بەپەلە

11:33 - 2024-05-13
کوردستان
132 جار خوێندراوەتەوە

 وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ كوردستانی نوێ:

پێویستە ئامانجەكانی كۆنفرانسەكان جێبەجێ بكرێن.

لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، رایگەیاند: ئەم كۆنفرانسە و كۆڕبەندەكان لەسەر پاراستنی ژینگە و ئاو، نیشانەی ئەوەیە هەست بە مەترسییەكانی كاریگەریی وشكەساڵی و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەكرێت، بۆیە زۆر گرنگە و دەبێت كاربكرێت بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكان.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش، وتی: زیادكردنی رێژەی سەوزایی و تەواوكردنی بەنداوەكان و پۆندەكان، گرنگیدان بە پڕۆژەكانی ئاو لەپێناوی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی ئا‌و‌ و بەفر و باران، رێگەچارە خێراکانن.

 

تەها عەبدوڵڵا

 

دوێنێ لە هەولێر، بەئامادەبوونی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم و سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و لێپرسراوانی باڵا و ژمارەیەك ئەكادیمی و لێكۆڵەر و میوانانی ناوخۆ و دەرەوە، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەژێر ناونیشانی (وشكەساڵی و كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دیمۆگرافیا لە عیراق)، بەڕێوەچوو.
لە كۆنفرانسەكەدا، چەندین وتار پێشكەشكران. د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: گۆڕانكارییە ژینگەییەكان یەكێكە لە كێشە گەورەكان و روبەڕوی وڵاتان بۆتەوە، عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە. راشیگەیاند: عیراق هەوڵی زۆری داوە كاریگەرییەكان كەمبكاتەوە لەڕێگای دروستكردنی بەنداو و پڕۆژەی گلدانەوەی ئاو، هەروەها چەندین كۆڕ و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەستووە و بەشداری لە چەندین رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیدا كردووە، بەڵام دەبێت زیاتر هەوڵەكان بەگەڕبخرێن.

سەرۆكی هەرێم:
عیراق و هەرێم كاری خێرا بكەن

هەر لە كۆنفرانسەكەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، لە وتەیەكدا تیشكی خستەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و وتی: بەپێی نوێترین راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان، لەسەر ئاستی جیهان، عیراق لە ریزبەندی پێنجەمدایە، ئەوەش لێكەوتەی خراپی بۆ سەر تەواوی بوارەكانی ژیان هەیە و مەترسی دروستكردووە، كە ساڵانە سەدان كیلۆمەتر چوارگۆشە زەویی كشتوكاڵی لە عیراقدا دەبێتە‌ بیابان، بۆیە دەبێت عیراق و هەرێم پێكەوە كاری خێرا بكەن و پلان و ستراتیژ دابنێن.

سەرۆك وەزیران: مەترسی گەورە هەستپێدەكرێت بۆ سەر ژینگە و ئاووهەوا
لە چوارچێوەی كۆنفرانسەكەدا، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئاماژەی بەوەكرد كە مەترسی گەورە هەستپێدەكرێت بۆ سەر ژینگە و ئاووهەوای عیراق و هەرێم، یەكێك لە هەنگاوەكان دروستكردنی بەنداو و پۆندە و بۆ ئەوەش وەك حكومەت هەنگاوی پێویستمان ناوە و پێویستیشە كاری زۆر خێرا و بەپەلەتر بگیرێتەبەر.

جێگری سەرۆك وەزیران: دەبێت ژینگە ئەولەویەت بێت
لە كۆنفرانسەكەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: دەبێت كاربكەین بۆ ئەوەی پرسی ژینگە ببێتە ئەولەویەتی سیاسەت لە كوردستان و عیراقدا، بەستنی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتیش تایبەت بە وشكەساڵی و كاریگەریی گۆڕانكارییەكان لەسەر وڵات، كارێكی زۆر گەورەیە و دەبێت كاری جددی لەسەر مەبەستی كۆنفرانسەكان بكرێت كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەخرێنەڕوو، ئەوەش كاری هاوبەشی پێویستە، بەتایبەتی هەوڵی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ.


بابەتە پەیوەندیدارەکان