سەرەکی » مانشێت » پاپای ڤاتیكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد

قوداسێكی گەورەی بەڕێوەبرد

پاپای ڤاتیكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد

قەداسەتی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و زنجیرەیەك سەردان و كۆبوونەوەی كرد.

دوێنێ، پاپا فرانسیس، سەردانی چەند شوێنێكی لە موسڵ كرد و لە وتەیەكدا تەئكیدیكردەوە كە هەموو ئایینەكان تیرۆر و توندوتیژی رەتدەكەنەوە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی ئاشتی و برایەتی بدەن و بیگەیەننە ئەنجام.

لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، لە یاریگای نێودەوڵەتیی هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە لێپرسراوانی باڵای هەرێم و لێپرسراوانی حزبی و حكومی و مەسیحییەكان و چین‌وتوێژەكان، پاپا فرانسیس، قوداسێكی گەورەی بەڕێوەبرد و لە وتارێكیشدا داوای لە هەموو مرۆڤایەتی كرد كە ئاشتی و لێبووردەیی بكەنە بنەما بۆ ژیان.

ئاماژەی بەوەشكرد كە هەموو ئایینەكان، جەخت لە ئاشتی و برایەتی، دەكەنەوە، هەمووانیش بەبێ جیاوازی، تیرۆر و كوشتن رەتدەكەنەوە، وتیشی: هاتنەكەم بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، پەیامی ئاشتی لە پشتەوەیە و لە نوێژەكانمدا داوای ئاشتیی سەرتاسەرییم بۆ عیراق كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو كە هەمووان پێویستە بە كردار، كارە هەڵەكان راستبكەنەوە، تا بتوانرێت كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخواز و گەشەكردو بنیاتبنرێت، وتیشی: نابێت بەدوای تۆڵەكردنەوەدا بگەڕێین، دەبێت سیستمێكی بەهێزی كۆمەڵایەتی، بچەسپێنین.

پاشان، هەر لە یاریگای هەولێر، بەئامادەبوونی مەسیحییەكان، پاپا فرانسیس نوێژی قوداسی ئەنجامدا و كۆتایی بە رێوڕەسمەكە هێنرا.

 746 جار بینراوە