سەرەکی » کەلتوور » ئور شارە گەورەكەی سۆمەر

ئور شارە گەورەكەی سۆمەر

كوردستانی نوێ‌

ئور شوێنەواری شارە دێرینەكەی سۆمەرییەكانە و دەكەوێتە باشووری عیراق، کە لە ساڵی 2100ی پێش زایین پایتەختی دەوڵەتی سۆمەری بووە.

شارەكە شێوەیەكی هێلكەیی هەبووە و كەوتۆتە سەر رۆخی رووباری فورات لە نزیك ئەریدۆ، بەڵام ئێستا كەوتۆتە ناوچەیەكی چۆڵی دوورەدەست و دوور لە رووبارەكە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی رێڕەوی رووباری فورات لە ماوەی هەزاران ساڵی رابردوودا، ئێستا ئور چەند كیلۆمەترێك لە شاری ناسریەی باشووری عیراق دوورە و 100 میل كەوتۆتە باكووری بەسرە و بە یەكێك لە كۆنترین شارستانی ناسراو لە مێژووی جیهاندا دەناسرێت.

دەگوترێت پێغەمبەر ئیبراهیم باوكی پێغەمبەران، 2000 ساڵ پێش زایین لە ئور لەدایك بووە، شارەكە بە تەلاری زەقورەكان بەناوبانگە كە بریتییە لە پەرستگای خواوەندی (ئینیانا)خوداوەندی مانگ، ئەمەش بەپێی ئەفسانەكان (میتۆلۆجیا)ی سۆمەری.

زەقورەكان 16 گۆڕستانی شاهانەیان لەخۆگرتووە كە لە قوڕ و گەچ دروستكراون، لە نێو هەر گۆڕستانێكیش بیرێكی تێدابووە. لەگەڵ مردنی هەر پادشایەك، كنیزەكانی بە جلوبەرگەكانیان و زێڕ و گەورەهەرەكانیان دەنێژران لە پاش كوشتنیان بە ژەهرانخواردن، هەر گۆڕستانێكیش تەلاری خۆی و گومەزێكی بەرزی هەبوو.

شاری ئور لە 2600ی پێش زایین، لە سەردەمی كۆیلەكانەوە جێگەی نیشتەجێبوون بووە، گوندەكان بریتیبوون لە ناوچەیەكی كشتوكاڵی، بەڵام دواتر ناوچەكە گەورەكراوە لەگەڵ پێویستی زیاتری شارەكان بەدەستگرتن بەسەر ئاودێری لە وشكە ساڵەكاندا.

لە ماوەی حوكمڕانی نەوەی سێیەمدا، ئور بە زوویی رووی لە گەشەكردن كردەوە، بووە شارێكی پیرۆزی خوداوەندی ئنیانا، لە كۆتاییدا پادشاكانی شانشینی ئور، دەستییان بەسەر دەوڵەتی سۆمەریدا گرت و دەگوترێت نیشتمانی پێغەمبەر ئیبراهیم بووە.

خەڵكی سۆمەر دەستیان كرد بە شوراكردنی شاری ئوری كلدانی و كردیانە پایتەختی دەوڵەتەكەیان، تەلار و خانووی هەمیشەییان لە خشتی سور دروستكرد و پەرستگەیان بۆ خوداوەندەكانیان دامەزراند، ئەمەش بە شێوازێكی خۆشگوزەرانی لەو دەمەی شارەكەدا دادەنرێت، شارەكە لەو دەمەدا بەندەرێكی بۆ بازرگانی تێدابووە، دانیشتوانیشی بەسەر دووبەشدا دابەشكراون: بەشێك لە شارەكەدا نیشتەجێ‌ بووە و بەشی دووەمیش كۆیلە یان كارەكەربوون و زەوییان كێڵاوەو كشتوكاڵیان كردووە و لە گوندەكانی دەورووبەر نیشتەجێبوون، هەردوو پیشەی بازرگانی و پیشەسازیی پەرەی سەندووە و پاشان ئور بۆتە پایتەخت و شارێكی پێشەنگ لە شانشینی سۆمەری.

رووبەرەكەی 240 فەدان (2400 مەتری چوارگۆشە) بووە و 24 هەزار كەسی تێدا نیشتەجێ‌ بووە، لە گرنگترین شوێنەوارەكانی شورا و دیواری چواردەوری پەرستگە كۆنەكان و زەقورە گەورەكانە، زەقورەكانیش کە واتای چیا پیرۆزەكان دەگەیەنن لە شێوەی هەرەمەكان دروستكراون.

حكومەتی عیراق لە 2ی ئاداری 2021، لە دوای 4 هەزار ساڵ، بە كارەبا «زەقورەی ئوری روناككردەوە.

زەقورەی ئور، لە پارێزگای زیقار، لە پاش رووناككردنەوە بەشێوەیەكی نوێ‌ دەركەوت، ئەمەش بۆ یەكەم جارە ئەو شوێنەوارە مێژووییە كارەبای بۆ رادەكێشرێت.

 2,140 جار بینراوە