سەرەکی » وتار » ئه‌م سه‌ری مانگه‌: ماشینه‌كه‌م

ئه‌م سه‌ری مانگه‌: ماشینه‌كه‌م

رێز له‌تیف فاتیح

ڕه‌فیقێكی خواپێداوم هه‌بوو هه‌ر ڕۆژ به‌ماشینێكه‌وه‌ ئه‌هات بۆ ده‌وام. جا هه‌موو ڕۆژێ ئه‌هاته‌ لای منه‌وه‌ و ئه‌یپرسی تۆ كه‌ی سه‌یاره‌كه‌ت ده‌كڕی, منیش كه‌ ڕۆژێك له‌ كافتریا نانم بخواردایه‌ ڕۆژی دواتر نه‌خۆش ئه‌كه‌وتم و له‌ پێخه‌فه‌كه‌م ده‌رنه‌ ئه‌چووم له‌به‌ر بێ پاره‌یی، جوابم ئه‌دایه‌وه‌ ئه‌م سه‌ری مانگه‌ سه‌یاره‌كه‌م، كه‌ گوایه‌ له‌ ئه‌ڵمه‌نیاوه‌ بۆم ئه‌نێرنه‌وه‌، ئه‌گاته‌وه‌. ڕاستێكه‌ی من مۆڵتی ی شۆفێریشم نه‌بوو، چ جا بگا به‌ ماشینه‌كه‌ خۆی. ئه‌سڵی باسه‌كه‌ خه‌تای كه‌سی تیانه‌ییه‌ كه‌ من هه‌ژار و ئه‌ویش خانه‌دانه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها كاری سروشته‌ كه‌ یه‌كێكمان له‌ خێزانێكی هه‌ژار و ئه‌ویتریش له‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند. به‌س خۆ ئه‌كرا ئه‌و هێنده‌ من بیری ئه‌و ڕاستیه‌ نه‌خاته‌وه‌ یا ئه‌كرا وه‌ك و ئه‌وه‌ی كه‌ ڕویدا من ڕۆژێ زوتر پێم بوتایه‌ كه‌ گیرفانی من و باوكم به‌شی ماشێن كڕین ناكا.
له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا گه‌نجان ئه‌شێ له‌هه‌ر شتێكیتر زیاتر به‌دوای «له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مبووندا» بن، ئه‌مه‌ واته‌ سه‌رده‌م هه‌ر جۆره‌ پۆشاك یا هه‌ر ئامرازێكی ویست ‌و ئه‌وانیش ئه‌وه‌یان بوێت. ده‌ی باشه‌ ئه‌مه‌ به‌شی خۆی ئاساییه‌، به‌ڵام نه‌ك به‌وشێوه‌یی كه‌ هاوڕێكه‌ی من ئه‌یكرد. ئاخر ناكرێ هه‌ر خواپێداوێ چۆنی بووێت «پۆز» لێبدا و ئه‌وه‌ی له‌ده‌وریشێتی و ئه‌یبینێت ئاخ هه‌ڵكێشێت. خۆ گه‌ر ڕه‌فیقه‌كه‌ی من له‌تواناشی نه‌بووبێت یارمه‌تی من بدات ئه‌یتوانی «پۆز» به‌سه‌ر مندا لێنه‌دا. ناكرێت گه‌نجێك كه‌ گه‌یشتبێته‌ قۆناغی زانكۆ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌كات كه‌ ناكرێت، به‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی بۆ ئه‌و ڕه‌خساوه‌ و بۆكه‌سێكیتر نا، خواپێداوی بفرۆشێته‌وه‌. پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌رتاكێكی هۆشیار ڕه‌چاوی ده‌ور و به‌ره‌كه‌ی بكات. خۆ گه‌ر وه‌ها بیركردنه‌وه‌یه‌ك دروست بكرێت ئه‌شێ كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌تریش, چینایه‌تی، له‌و به‌رچاوویه‌یی كه‌ هه‌یه‌تی كاڵتر بكرێته‌وه‌.
باسه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر درێژ نه‌كه‌مه‌وه‌، ڕۆژی خۆی هات و منیش به‌و هاوڕێیه‌م وت كه‌ من و ماشێن كوجا مه‌رحه‌با. ماڵی ئاوابێت ئه‌ویش وازی له‌گۆڕینی سه‌یاره‌كانی هێنا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ من به‌ پاس هاتوچۆ ده‌كات ئێستا. ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌یاره‌كه‌ی من هێشتا هه‌ر له‌ڕێگایه‌. بریا هه‌ر گه‌نجێك و تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌مان هێنده‌ی هاوڕێكه‌ی من
هه‌ستی به‌رپرسیارێتیان لا درووست ئه‌بوو.

 823 جار بینراوە