سەرەکی » زانست » ساڵانە 900 ملیۆن تۆن خۆراك فڕێ دەدرێتە زبڵدانەوە

ساڵانە 900 ملیۆن تۆن خۆراك فڕێ دەدرێتە زبڵدانەوە

كەشتیی نوح

راپۆرتێكی نێودەوڵەتیی ئاشكرایكردووە ساڵانە و لەسەرانسەری جیهان (900) ملیۆن تۆن خۆراك فڕێ دەردێتە زبڵدانەوە.

بەگوێرەی داتایەکی پڕۆگرامی نەتەوەیەكگرتووەكان: (%17)ی ئەو خۆراكانەی ئامادەكراون بۆ بەكارهێنان لە دوكان و ماڵەكان و رێستۆرانتەكاندا چارەنووسیان بۆ زبڵدانە و(%60) ی ئەو خۆراكە بە فیرۆدراوانە سەرچاوەكەی ماڵەكانن.

كۆمەڵەی (راپ)ی خێرخوازیی كە بەشداریی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییەی كردووە، ئاماژەی بەوە داوە كە بە هۆی كەرەنتینەی گشتییەوە لە بەریتانیا بە فیڕۆدانی خۆراك لە ماڵەكاندا كەمتر بۆتەوە، چونكە خەڵك زیاتر خۆیان رێكخستۆتەوە لە بازاڕكردن و ئامادەكردنی ژەمە خۆراكەكاندا.

(23) ملیۆن بارهەڵگر خۆراک
(ریچارد سوانیل)ی لێپرسراوی رێكخراوی(راپ) لە لێدوانێكیدا بۆ (BBC) جەختی لەوە كردۆتەوە کە كێشەكە زۆر لەوە گەورەترە كە كۆمەڵی نێودەوڵەتیی بیری لێكردووەتەوە.

ئەو دەڵێت: «900 ملیۆن تۆن خۆراك كە دەكرێت لە (23) ملیۆن بارهەڵگری (40) تۆنیدا باربكرێت و ئەگەر بە دوای یەکتریدا ریزبكرێن، حەوت جار بە دەوری گۆی زەویدا دەسووڕێتەوە، ئەو بڕە زۆرە خۆراكە بە فێرۆ دەدرێت و دەكرێتە زبڵدانەكانەوە».

پێشتر وا دەزانرا كە كێشەی بە فیڕۆدانی خۆراك تەنها تایبەتە بە وڵاتانی دەوڵەمەند كە كڕیار زۆر لە پێداویستیی خۆی زیاتر خۆراك دەكرێت، بەڵام بەپێی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییە بەفیرۆدانی خۆراك لە هەموو شوێنێكی جیهاندا هەیە.

ئەو رەخنەیەی لە راپۆرتەكە گیراوە ئەوەیە كە جیاوازیی نەكردووە لە نێوان بە فیڕۆدانی خۆراك لەو وڵاتانەی كە دانیشتووانەكەی خاوەن داهاتی بەرزن و ئەو وڵاتانەی داهاتی تاكەكەس تێیدا نزمە، هەروەها جیاوازیی نەكردووە لە نێوان بە فیڕۆدانی ناچاریی و بە فیڕۆدانی بە مەبەست.

(مارتینا ئۆتۆو) لە پڕۆگرامی خۆراكی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی ئەم رەخنەیەی داوەتەوە و دەڵێت: «راستە زۆر بە قوولێی نەچووینەتە ناو ئەو پرسەوە، بەڵام دەكرێت بە خێرایی ئاماژە بەوە بدەین کە لەو وڵاتانەی داهاتی تاكەكەس نزمە كێشەی كارەبا و وزەیان هەیە، ئەمەش هۆكارە بۆ نەبوونی هۆكانی ساردكردنەوە بۆ ئەوەی خۆراكەكان بە باشیی هەڵبگیرێن و خراپ نەبن و بە فیڕۆ نەدرێن».

وتیشی ئێمە دەزانین لە وڵاتە داهات نزمەكاندا ئەو شتانە چین كە فڕێ دەدرێن ئەوانەشی كە فڕێ نادرێن، هەربۆیە بڕی ئەو خۆراكانەی لەو وڵاتانە فڕێ دەدرێن زۆر كەمترە لە چاو ئەو خۆراكانەی لە وڵاتە داهات بەرزەكاندا فڕێ دەدرێن».

لای خۆشیەوە (ئینگەر ئەندرسۆن)ی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ژینگەی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە وڵاتانی جیهان كرد كە هەوڵ بدەن رووبەڕووی دیاردەی بە فیڕۆدانی خۆراك ببنەوە، چونكە ئەوە لە سەروو هەموو شتێكەوە بەشێكە لە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە و پێویستە هەمووان كار بكەن بۆ ئەوەی تا ساڵی (2030) ئەو دیاردەیە بۆ نیوە كەم بكەنەوە

ئەو لێپرسراوەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت: «ئەگەر ئێمە جدیی بین لە روبەڕوبوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا‌و تێكچوونی سروشت‌ و لەناوچوونی هەمەجۆریی ژینگەیی، پێویستە كۆمپانیا و حكومەت و خەڵكی هەموو جیهان پێكەوە بەشداربین لە كەمكردنەوەی بە فیڕۆدانی خۆراك».

دەشڵێت « (8 تا %10)ی دەدراوە گازییەكانی دەبنە هۆی قەتیسبوونی گەرمای گۆی زەوی بەهۆی بە فیڕۆدانی خۆراكەوەیە كە دەكرێت بڵێین سێیەم هۆكارە بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی».

چۆن بە فیڕۆدانی خۆراك كەم دەكرێتەوە؟

پێویستە خەڵک فێربن بە بڕی پێویست تەنها ئەو شتانە بكڕن كە دەیخۆن و گونجاوە بۆیان.

باشترە ساردكەرەوە یان سەلاجەی ماڵەكان لە پلەیەكی گەرمیی گونجاودا بێت بۆ پاراستنی خۆراكە جیاوازەكان.

پێویستە هەمووان لەكاتی كڕینی هەموو خۆراكێكدا ئاگاداری وادەی ماوەی بەسەرچوونی ئەو بابەتە خۆراكییانە بن، بۆئەوەی بتوانن لەكاتی خۆیدا بەكاریان بهێنن و ناچار نەبن، فڕێیان بدەن.

كۆمەڵە خێرخوازییەكانی بەریتانیاش لەو بڕوایەدان ئەگەر هەموو خێزانێكی بەریتانیی بە شێوەیەكی زانستییانە خۆراك و بابەتە خۆراكییە پێویستەكانی خۆی دابین بكات، دەتوانێت ساڵانە (700) جونەیهی ئیستەرلینی پاشەكەوت بكات.

كارگەرییەكانی كەرەنتینە كردن
لە ساڵی ( 2020 )دا و بەهۆی كەرەنتینەكردنی گشتیی و مانەوەی خێزانەكان لە ماڵەوە، بەفیڕۆدانی خۆراك بە رێژەی (%20) كەمبۆتەوە بە بەراورد بە ساڵی (2019)، ئەمەش وایكردووە نەتەوە یەكگرتووەكان پشت بە توانای چێشتلێنەرە بەناوبانگەكان ببەستێت بۆئەوەی ببنە پێشەنگ و یارمەتیدەرێكی باش لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی بەفیڕۆدانی خۆراك. لەم چوارچێوەیەشدا ئەو رێكخراوە كەسێكی وەك (ماسیمۆ یۆتۆرا)ی ئیتاڵی وەك باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەكگرتوەكان دیاریكردووە بۆ پرسی نەهێشتنی بەفیڕۆدانی خۆراك و خێزانی ئەم چێشتلێنەرە بەناوبانگەش لە ئیتالیا پڕۆگرامێكی تەلەفزیۆنیان هەیە بە ناونیشانی (چێشتخانەی كەرەنتینە) كە خەڵك هاندەدەن بتوانن لە سادەترین خۆراك ژەمێكی خۆش دروستبكەن.

ئەمانە هەمووی لە كاتێكدایە بە پێی راپۆرتێكی پێشتری نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی (2019)دا ژمارەی برسییەكانی جیهان گەیشتۆتە (690) ملیۆن كەس و لەكاتی بڵاوبوونەوەی پەتای (كۆڤید – 19)دا، ئەو ژمارەیە زیاتربووە.

ئەمەش رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو ئاژانسەكانی تایبەتمەند بە خۆراكی سەر بەو رێكخراوەی خستۆتە سەر ئەو بڕوایەی کە نەهێشتنی بەفیڕۆدانی خۆراك كاری زیاتر و هەوڵی لێبڕاوانەی دەوێت، چونكە بە نەمانی ئەو بەفیڕۆدانە، خێزانەكان پارەیەكی زیاتریان بۆ دەگەڕێتەوە و دەتوانن بڕێكی لێ ببەخشنە هەژاران و بەمەش ژمارەی هەژاران لە سەرانسەری جیهاندا كەم دەبێتەوە و دواجار برسێتیش كەم دەبێتەوە، نەك هەر ئەوەندە، بەڵکو سروشتیش كەمتر وێران دەبێت و دیاردەی قەتیسبونی پلەی گەرمای گۆی زەویش كەمدەبێتەوە.

سەرچاوە: BBC

 473 جار بینراوە