سەرەکی » وتار » سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ هه‌موو كات فشه‌ڵترن

له‌ یادی‌ هه‌ردوو شۆڕشی‌ میسر‌و تونسدا

سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ هه‌موو كات فشه‌ڵترن

مارتن چولۆڤ

له‌ تونس-ی‌ لانكه‌ی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیدا، ئومێدی‌ ئه‌و شۆڕشه‌ی‌ حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵگیرسا، به‌ ده‌ستكه‌وته‌كان به‌راورد ده‌كرێ‌و رۆژ رۆژی‌ حسابه‌، ئا له‌م كاته‌دا سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ تونس‌و وڵاتانی‌ تری‌ عه‌ره‌بیش له‌ هه‌موو كات زیاتر فشه‌ڵ‌و پواون. له‌ زۆربه‌ی‌ دۆخه‌كاندا بابه‌ت‌و دۆزه‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌ بوونه‌ هۆی‌ هه‌ڵایسانی‌ شۆڕش، سه‌ره‌تا له‌ تونس‌و دواتر له‌ میسر‌و لیبیا‌و به‌حرێن‌و یه‌مه‌ن‌و سوریا، هیچ گۆڕانكارییه‌كیان به‌سه‌ر نه‌هات، په‌یكه‌ری‌ پته‌وی‌ ده‌وڵه‌ته‌كان كه‌ به‌هۆی‌ فشاری‌ به‌رده‌وامی‌ شه‌قامه‌وه‌ نه‌رم بوون، كه‌ ئه‌و كات رووخانیان به‌ گۆڕانكارییه‌كی‌ ریشه‌یی ئه‌ژمار كرا، له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ ئاسایشه‌وه‌ كه‌ به‌ دریژایی چه‌ندان نه‌وه‌ پاراستوویه‌تی‌، قه‌ره‌بووی‌ زیانه‌كی‌ خۆی‌ كرده‌وه‌.
له‌ تونس، هێشتا زۆر له‌و بارودۆخه‌ی‌ كه‌ بووه‌ هۆی‌ رووخانی‌ زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی‌، وه‌ك خۆی‌ ماوه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ گه‌نجان به‌ده‌ست بێكارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، هێشتا ئابووری‌ ئه‌و وڵاته‌ مته‌‌و پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌ قه‌رزی‌ سندوقی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ نه‌خت، كه‌ ئه‌ویش گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێن‌و سیاسه‌تی‌ سكهه‌ڵگوشینی‌ سه‌پاندووه‌‌و ئه‌وه‌ش هێنده‌ی‌ تر ناڕه‌زایی لێ كه‌وتۆته‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ بن عه‌لی‌-یش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ مه‌یدانی‌ سیاسی‌.
رۆی‌ مه‌كارتی‌ پسپۆڕی‌ كاروباری‌ تونس‌و هاوكاری‌ ماگده‌لین له‌ زانكۆی‌ ئۆكسفۆردی‌ بریتانیا ده‌ڵێ: ده‌سته‌بژێری‌ سیاسی‌ هه‌وڵێكی‌ به‌رچاویان دا بۆ ته‌واو كردنی‌ گوژمی‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ 2011، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه‌‌و ئه‌و هه‌موو جموجۆڵه‌ میللیه‌دا، گۆڕانكارییه‌كان تا ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵ بێت به‌پارێز بووه‌. هه‌ندێك چاكسازی‌ سیاسی‌ رووی‌ داوه‌، زۆر حزب دامه‌زراون، هه‌ڵبژاردنی‌ ئازادیش كرا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابووری‌ چاكسازییه‌كی‌ كه‌م نه‌بێت رووی‌ نه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌كنیكه‌ كۆنه‌كانی‌ حوكمڕانی‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
پێناچێ ئه‌و شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زاییانه‌ی‌ له‌م ماوه‌یه‌دا دژی‌ حكومه‌ت له‌ تونس سه‌ری‌ هه‌ڵدا، به‌م زوانه‌ كۆتاییان پێ بێت، كه‌ تیایدا ده‌سه‌ڵات به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرا، په‌نای‌ بردۆته‌ به‌ر تۆڵه‌ی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌، هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ر له‌ رووخانی‌ بن عه‌لی‌ بووه‌ هۆی‌ هه‌ڵایسانی‌ خۆپیشاندانه‌كان.
تا ئێستاش په‌راوێز خستنی‌ ئابووری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ تونس بابه‌تێكه‌ هه‌یه‌‌و له‌ ئارادایه‌، له‌ میسریش به‌ هه‌مان شێوه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌ی‌ له‌ دوای‌ له‌سه‌ر كار لابردنی‌ حوسنی‌ موباره‌ك، به‌شێكی‌ لێ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، دووباره‌ ده‌ستی‌ گرتۆته‌وه‌ به‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌دا. ئێستا له‌ میسر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ ئاشكرا زۆر به‌ ده‌گمه‌ن روو ده‌دات، چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی‌ بوارێكی‌ كه‌میشی‌ بۆ وتاری‌ سیاسی‌، یان ئۆپۆزسیۆن نه‌هێشتۆته‌وه‌‌و رێگه‌ی‌ پێ نادات. تا ئێستاش بارودۆخی‌ ئابووری‌ ئه‌و وڵاته‌ زۆر خراپه‌، رێژه‌ی‌ هه‌ڵاوسان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌‌و ئه‌وانه‌ش كه‌ داهاتیان سنوورداره‌ بۆ ژیان ده‌جه‌نگن، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش چالاكوانانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ‌و رۆژنامه‌نووسان به‌ جۆرێك سه‌ركوت ده‌كرێن، كه‌ پێشتر شتی‌ رووی‌ نه‌داوه‌.
بارودۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ خراپه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ موباره‌كدا وا نه‌بووه‌. جیاوازی‌ سه‌ره‌كیشیان ته‌نها چوارچێوه‌ی‌ سیاسییه‌، نانسی‌ عه‌قیل به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكاری‌ په‌یمانگای‌ سیاسه‌تی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌ڵێ: ئێستا هه‌ر لایه‌نێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆك بێت، به‌ ته‌واوی‌ په‌راوێز خراوه‌‌و توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ به‌شداری‌ له‌ حكومه‌تدا بكات، نه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا‌و نه‌ له‌ په‌رله‌مان، یاخود له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ناوخۆییانه‌ی‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2011وه‌ هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌‌و هێشتا دروست نه‌كراونه‌ته‌وه‌.
ئه‌لسیسی‌ وا خۆی‌ ناساندووه‌ كه‌ تاكه‌ كه‌سه‌ له‌ توانایدا بێت شه‌ڕی‌ دژی‌ جیهادییه‌كانی‌ سینا بكات، ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ بۆته‌ هۆی‌ كوژرانی‌ زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س. شه‌ڕ دژی‌ تیرۆر له‌ سه‌رو هه‌موو پابه‌ندبوونه‌ سیاسییه‌كانی‌ تره‌وه‌یه‌، رێك وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ لیبیا رووی‌ دا، كه‌ هیوای‌ رزگار بوون له‌ حوكمی‌ 40 ساڵه‌ی‌ قه‌زافی‌ دیكتاتۆر گه‌یاندنی‌ به‌ دۆخی‌ دووكه‌رت بوونی‌ وڵاته‌كه‌، له‌گه‌ڵ ململانێیه‌كی‌ دڕندانه‌ی‌ نێوان هۆز‌و تیره‌‌و تایه‌فه‌كان‌و رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌‌و پاسه‌وانانی‌ كۆن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویش له‌ نه‌بوونی‌ حوكمێكی‌ مه‌ركه‌زی‌ كارادا.
له‌ به‌حرێن‌و سوریا، به‌هۆی‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ تونسه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵك‌و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام ده‌ستی‌ پێكرد‌و دوو ده‌ره‌نجامی‌ جیاوازی‌ لێ كه‌وته‌وه‌، له‌ به‌حرێن یاخبوون به‌ پشتیوانی‌ ئێران له‌ ئاستێكی‌ نزمدا بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌حرێن به‌ هاوكاری‌ سعودیه‌، كه‌ ویسایه‌ی‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌، توانی‌ به‌ره‌نگاری‌ یاخیبوونه‌كه‌ بێته‌وه‌‌و رژێمی‌ پاشایه‌تی‌ له‌ شوێنی‌ خۆی‌ مایه‌وه‌‌و ته‌نها هه‌ندێك ته‌نازولی‌ بچووكی‌ بۆ خۆپیشانده‌ران كرد.
به‌ڵام له‌ سوریا، شه‌ڕێكی‌ ناوخۆی‌ وێرانكه‌ر سه‌ری‌ هه‌ڵدا، جیاواز بوو له‌و داواكارییانه‌ی‌ 2012 كه‌ داوا ده‌كرا گۆڕانكارییه‌كی‌ مه‌ده‌نیانه‌ بكرێت، پێ ده‌چێ به‌ره‌و كۆتاییش بڕوات بێ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نها شتێكی‌ كه‌م نه‌بێت داواكارییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ به‌دی‌ هێنابێت، جگه‌ له‌وه‌ش رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د كه‌ ئێران‌و روسیا پشتیوانی‌ لێ ده‌كه‌ن، تا ئێستاش سه‌ركه‌وتووه‌‌و زیانێكی‌ گیانی‌‌و ماددی‌ زۆریش به‌و وڵاته‌ گه‌یشتووه‌.
له‌ تونس، كه‌ هه‌موو شته‌كان له‌وێوه‌ ده‌ستیان پێ كرد، خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن، هێشتا هیوایان له‌ده‌ست نه‌داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانكارییه‌كی‌ هه‌میشه‌یی بكرێت. چونكه‌ هێشتا چیرۆكی‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ رێژه‌یی به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ دسموكراسی‌ هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئازاده‌وه‌، هه‌ندێگ گۆرانكاریش له‌ قوچه‌كی‌ ده‌سه‌ڵاتدا رووی‌ داوه‌‌و هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن بۆ بنیاتنانی‌ دامه‌زراوه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆخۆیان ده‌ستكه‌وتن. مه‌كارتی‌ ده‌ڵێ: روون‌و ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی‌ تونس له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ تر كه‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بییان به‌خۆیانه‌ دیوه‌ سه‌ركه‌وتووتره‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، كه‌ داهاتوو هێشتا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌.
سایتی‌ ده‌ره‌ج

 1,035 جار بینراوە