سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » نوێنەران: ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت

نوێنەران: ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت

ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە «ئەمڕۆ یەكشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق دەدرێت»، ئەمەش لە كاتێكدایە تائێستا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەكە بەردەوامە.

ئەمڕۆ بودجە پەسەند دەكرێت؟
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەنراوێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەداوە «ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت».

لەوبارەیەوە، ئارەزوو مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێستا هیچ ناكۆكییەكی ئەوەندە گەورە لە نێوان لایەنەكاندا نییە تاكو بودجە تێنەپەڕێت، بۆیە پێدەچێت لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر بودجە بدرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە، پێشتریش چەند جارێك ئەنجومەنی نوێنەران كاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی دیاریكردووە، بەڵام دواتر كاتەكە دواخراوە، دواجاریش بڕیاربوو دوێنێ شەممە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەو مەبەستە كۆببێتەوە، بەڵام كۆتایی هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە دا «كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دواخرا بۆ رۆژی یەكشەممە»، تائێستاش روون نییە كە ئایا ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت، یان جارێكی دیكەش ئەو پرسە دوادەخرێت؟.

گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەكە بەردەوامە
هاوكات لەگەڵ دیاریكردنی كاتی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، گفتوگۆش لەسەر پڕۆژەكە بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە.
دوێنێش د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: پشكی هەرێم بەشێك نییە لە گرفتی بەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە.

هەردوێنێ شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmediaی راگەیاندووە: بەمەبەستی پێداچوونەوە بە كۆی مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجەدا، لیژنەی دارایی چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزارەتەكانی نەوت و بازرگانی و پلاندانان و داراییدا دەكات.

 163 جار بینراوە