سەرەکی » زانست » چیرۆكی پاشایەكی ڤایكنگەكان، شۆڕشێكی تەكنۆلۆژیی لێكەوتەوە

چیرۆكی (Bluetooth)

چیرۆكی پاشایەكی ڤایكنگەكان، شۆڕشێكی تەكنۆلۆژیی لێكەوتەوە

كەشتی نوح

یەكێك لە بەناوبانگترین تەکنۆلۆژیاكان قەرزاری پاشایەكی ددان شینی سەردەمی ڤاكینگەكانە.

بەرلە چارەكە سەدەیەك بیرۆكەی ناوی(Bluetooth) لای دوو ئەندازیار سەریهەڵدا، دوای ئەوەی لە كۆنگرەیەكی تەکنۆلۆژیدا بێئومێد بوون و چیرۆكی پاشایەكی ڤاكینگ ئومێدی پێ بەخشینەوە.

لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا سڤین ماتیسۆن – ی ئەندازیار لە كۆمپانیای (ئەریكسۆن)ی سویدی و (جیم كارداك) كارمەندی ئەمریكایی لە كۆمپانیای (ئنتل) لەو كەسانە بوون كە زۆر پەرۆش بوون و هەوڵیان دەدا ئامرازێك دابهێنن بتوانێت بەبێ وایەر ئامێرەكان پێكەوە ببەستێتەوە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان.

لە ساڵی (1998) دا لە سەرەتای سەردەمی (وایەرلێسدا) ئەو دوو گەنجە بەشێك بوون لە یەكێتییەكی نێودەوڵەتیی كە بۆ پێودانگێكی جیهانی ئەو تەكنیكە دامەزرابوو و كۆمپانیای(ئەریكسۆن) لە ساڵی (1994)ەوە سەرقاڵی گەشەپێدانی بوو، ئەوانیش هەوڵی زۆریان دەدا بۆ خستنەڕووی بەرهەمە بێ وایەرەكانیان.

یەكێك لەو كێشانەی رووبەڕووی ئەو دوو ئەندازیارە بۆوە لەكاتی خستنەڕووی بەرهەمەكانیان ئەوە بوو هەندێك بەرنامە ناوی ناخۆشیان هەبوو، وەك ( بێز ئار ئێف) یان (ئێم سی – لینك) و (لۆو پاوەر ئار ئێف).

ئەو كێشەیەش زۆر بەڕوونی لە كاتی خستنەڕووی بەرهەمەكانیان لە كۆنگرەیەكدا دەركەوت كە لە ساڵی (1997)دا لە تۆرینتۆی كەندا بەسترا.

ماتیسۆن كە ئێستا تەمەنی (65) ساڵە، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس وتی: «لەو كاتەدا كەس گرنگیی بەو شتانەی من و جیم نەدەدا و زۆر بێئومێد بووین، بۆیە بڕیارماندا دوای ئەو ماوە تاقەت پڕووكێنە لەناو هۆڵی كۆنگرەكە بردمانە سەر، بەرلەوەی بگەڕێینەوە بۆ وڵاتەكەمان، بچینە شوێنێك دابنیشین».

جیم كارداك -یش لە وتارێكیدا باسی ئەو رۆژە دەكات كە لەگەڵ هاوڕێكەیدا چەندە بێئومێد بوون و دەڵێت: «هیچ پێشوازیی لە بەرهەمەكانمان نەكرا و لەو كاتەدا هەستم بەوە كرد کە پێویستمان بە ناوێكی رەمزییە بۆ بەرهەمەكەمان بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بەكاریبهێنن».

پەرۆشیی بۆ مێژوو رزگاریكردن
لەبەرئەوەی جیم كارداك زۆر حەزی لە مێژوو بووە، كاتێك دەچنە شوێنێك دادەنیشن، لەگەڵ ماتیسۆنی هاوڕێی دەكەونە باسی مێژوو.

ماتیسۆن دەڵێت: «لەبەرئەوەی جیم زۆر گرنگیی بە مێژوو دەدا زۆر پرسیاری لە بارەی ڤاكینگەكانەوە لێكردم، منیش ئەو شتانەی خوێندبوومەوە و بیستبووم لەسەر ڤاكینگەكان، بۆم باسكرد و داوام لێكرد رۆمانێكی مێژوویی سەبارەت بە ڤاكینگەكان بخوێنێتەوە بەناوی (The Long Ships) كە باس لە سەدەی دەیەم دەكات و ناوی یەكێك لە كەسێتییەكان كە سەركردەیەكی ڤاكینگەكانە بە ناوی شا(هارالد بلوتوس گۆرمسۆن) سەرنجی كارداكی راكێشا».

وەك باسیش دەكرێت ئەو سەركردەیە كەسایەتییەكی مێژوویی گرنگی سەدەی دەیەمی وڵاتانی ئەسكەندناڤییە، پێیوتراوە ددان كرمۆڵ، یان ددان شین، چونكە زۆر حەزی لە تووی شین بووە واتە (blueberry).

لەكاتی فەرمانڕەوایی ئەم سەركردەیەدا دانیمارك وازی لە فرەخودایی هێناوە و رووی كردۆتە ئاینی كریستیان و گرنگترین كاری ئەو سەركردەیەش یەكخستنی نەرویج و دانیمارك بووە كە تا ساڵی (1814)ی خایاندووە، ئەم كارەشی بووە هەوێنی ئەوەی ئەم دوو ئەندازیارە كە دەیانوویست تەكنیكێك دابهێنێن بۆ یەكخستنی هەموو ئامێرەكانی كۆمپیوتەر و تەلەفۆنی مۆبایل و ئەمەش بوو بە سەرەتایەك بۆ بەرپابوونی شۆڕشێكی نوێی تەکنۆلۆژیی كە بە (Bluetooth) ناسراوە.

ناو و هێمای بلوتوز (Bluetooth)
هەردوو ئەندازیارە سویدی و ئەمریكاییەكە بڕیاریاندا بە سوودوەرگرتن لەو چیرۆكە مێژووییە، دەستبكەن بە داهێنانی تەكنیكە نوێیەكەیان و ناویاننا (Bluetooth) و هێمای تەكنیكەكەش كە سەیردەكرێت وا دەزانرێت شێوەیەكی ئەندازەیی تێكشكاوە، بەڵام لە راستیدا ئەوە شێوەی پیتی رۆنییە و پێكهاتووە لە هەردوو پیتی ( H)و(B) كە پیتەكانی سەرەتای نازناوی سەركردەی ڤاكینەگەكانە واتە (Harald Bluetooth).

لە ئایاری (1998) دا تەكنیكی (بلوتوس) بە نرخێكی هەرزان بڵاو كرایەوە كە پێویستی بە وزەی زۆریش نەبوو و یەكەمین ئامێرێش كە ئەو تەکنۆلۆژیایەی تێدا بەكارهات لە ساڵی(1999)دا كەوتە بازاڕەوە.

لە سەرەتادا ئەم تەكنیكە وەك شتێكی كاتی داهێنرا، بەو هیوایەی دواتر گەشەی پێ بدرێت بە تەكنیكێكی باشتر، بەڵام تا ئەم رۆژگارەش بلوتوس ماوەتەوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا كاری پێدەكرێت.

سەرچاوە:DW

 150 جار بینراوە