سەرەکی » زانست » باشترین جۆری خەوتن و مەترسییە تەندروستییەكانی سەرینی كۆن بزانە

باشترین جۆری خەوتن و مەترسییە تەندروستییەكانی سەرینی كۆن بزانە

كەشتیی نوح

پزیشكێكی مێشك و دەماری روسیا ئاماژەی بەوە داوە دۆخی لەشی مرۆڤ لەكاتی خەوتندا رۆڵی گەورەی هەیە لە پاراستنی دڵ و كۆئەندامی هەناسەدا.

(یەفگینی سۆكۆف) پزیشكی پسپۆڕی مێشك ئاشكرای كردووە باشترین دۆخ بۆ خەوێكی ئاسوودە ئەوەیە كەسەكە بەلای راستیدا پاڵكەوێت و تۆزێك هەردوو لاقی و دەستی بنوشتێنیتەوە، چونكە ئەم جۆرە خەوتنە دڵ و سییەكان دەپارێزێت و خەوێكی ئاسوودە مسۆگەر دەكات.

ئەو پزیشكە هۆشداری دەدات سەبارەت بە خەوتن لەسەر سك و ئاشكرایكردووە ئەو كەسانەی لەسەرسك دەخەون ناچارن سەریان بۆ لای چەپ یان راست وەرگێڕن و ئەمەش دەبێتە هۆی پێچ خواردنی دەمار و خوێنبەر و خوێنهێنەرەكانی ملیان.

هەروەها وتیشیی «خەوتن لەسەر پشتیش باش نییە، چونكە لەو دۆخەشدا هەردوو دەست و لاقەكان رێك دەبن و ئەمەش دۆخێكی نائاسوودە بۆ كەسەكە دروست دەكات، چونكە لەو كاتەدا زمان شل دەبێتەوە و بەری قوڕگ دەگرێت و هەناسەدان دەشێوێنێت و رەنگە حاڵەتی زمان قوتدان رووبدات كە بە هۆیەوە كەسەكە رووبەڕووی مەترسیی خنكان دەبێتەوە.

لەلایەكی ترەوە (ئەناتولی پۆلیپۆك) پزیشكی تایبەتمەندی هەستیاریی و بەرگریی روسی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەداوە كە سەرینی كۆن چەندین زیانی تەندروستی بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

ئەو پزیشكە دەڵێت: «باشترە ناو بەناو ئەو سەرینانە بگۆڕدرێن، چونكە سەرینی نوێ جگە لەوەی لە كاتی خەوتندا هەستی ئارامیی مسۆگەر دەكات، لە رووی تەندروستیشەوە سوودێكی زۆری هەیە.

روونیشیکردۆتەوە کە هەستیاریی و سەرینی كۆن پەیوەندییەكی زۆرییان بە یەكەوە هەیە، چونكە بە تێپەڕبوونی كات جۆرێك لە تۆزی نەبینراو و هەندێك جۆری زیندەوەری نەبینراو لەسەر سەرینەكان دەنیشن».

دەشڵێت «ئەگەری هەیە سەرینێك كە ماوەیەكی زۆر بەكاردەهێنرێت، ببێتە هۆی هەندێك حاڵەتی مەترسیدار، لەوانەش ئاوكردنی درێژخایەنی لووت یان سەرئێشە یان هەوكردنی بۆرییەكانی هەناسەدان، ئەمانەش هەمووی بەڵگەی دروستبوونی هەستیاریی قوڕگ و لووتن».

ئەو پزیشكە پێیوایە ئەو زیندەوەرە نەبینراوانە لەناو سەرینی كۆندا مۆڵگە دروستدەكەن و لەسەر لیك و ئەو پڕژانەی ناو دەم و لووت دەژین كە دەكەونە سەرسەرینەكە».

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەو زیندەوەرانە وەك هەندێك مێروو نیین و بە كەسەكەوە نادەن، بەڵكو جۆرێك هەستیاریی بۆ دروستدەكەن كە زۆر جار كەسكە ماوەیەكی زۆر پێوەی گیرۆدە دەبێت.

سەرچاوە: نۆڤۆستی

 211 جار بینراوە