سەرەکی » راپۆرت » دیموكراسی‌ له‌ سایه‌ی‌ تفه‌نگداپەڕە 18

دیموكراسی‌ له‌ سایه‌ی‌ تفه‌نگدا

ده‌یان گروپی‌ چه‌كدار بـه‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عیراق ده‌كه‌ن

مسته‌فا حه‌بیب

ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی له‌ دژی داعش جه‌نگان، چه‌كه‌كانیان خسته‌ لاوه‌‌ و سه‌ركرده‌كانیشیان به‌رگی سه‌ربازییان له ‌به‌ر داكه‌ند وه‌ك ئاماده‌كارییەک‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان ‌و پارێزگاكان.
تێكه‌ڵبوونی‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ پرسیار له ‌باره‌ی كارایی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌وروژێنێت كه‌ گرنگترین هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ دیاریكردنی رێچكه‌ی وڵات له‌ دوای قۆناغی داعش.
له‌ شاری به‌سره‌ له‌وپه‌ڕی باشووری عیراق كۆمه‌ڵێك جه‌نگاوه‌ری «فیرقه‌ی عه‌باس» به وریایی گوێیان بۆ قسه‌كانی مه‌یسه‌م زه‌یدی فه‌رمانده‌یان راگرتووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: «ئێمه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ناكه‌ین‌و هیچ حزبێكی سیاسی نوێنه‌رایه‌تیمان ناكات ‌و راتان ده‌سپێرین كه‌ باشترین كه‌س هه‌ڵبژێرن له‌ رووی لێهاتوویی ‌و پیشه‌ییه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌یه‌ بانگه‌شه‌ بۆ هیچ حزبێك بكه‌ن، هۆشداریش ده‌ده‌ینه‌ كاندیدانی هه‌ڵبژاردن كه‌ ناو ‌و وێنه‌ی شه‌هیده‌كانمان له‌ بانگ‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌كارنه‌هێنن».
فیرقه‌ی شه‌ڕكه‌ری عه‌باس یه‌كێكه‌ له‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی به‌ڕه‌سمی به‌شدارینه‌كردنی له‌ هه‌ڵبژاردندا راگه‌یاندووه‌، وه‌ك ملكه‌چبوونێك بۆ قسه‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ كه‌ به‌ هیچ جۆرێك رازی نییه‌ به‌شداری له‌ سیاسه‌تدا بكات، به‌ڵام زیاتر له‌ 20 گرووپی دیكه‌ بڕیاریان داوه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن‌ و تێكه‌ڵی هاوپه‌یمانییه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش بوون.

لیستی كۆتایی
هه‌فته‌ی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن لیستی كۆتایی ئه‌و حزب ‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی راگه‌یاند كه‌ ناویان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن تۆماركردووه‌، له‌وانه‌ش ده‌یان گرووپی چه‌كداری شیعه‌ كه‌ چوونه‌ته‌ هاوپه‌یمانییه‌ سیاسییه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ له‌ به‌ره‌كاندا یه‌كیخستبوون‌و سیاسه‌ت لێكی جیاكردنه‌وه‌، ئه‌مڕۆش ترسه‌ زۆره‌كه‌ له‌وه‌یه‌ هه‌ژموونی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن دروست بكه‌ن.
یاسای حزبه‌كان له‌ عێراق كه‌ په‌رله‌مان له‌ ساڵی 2015 په‌سه‌ندی كرد، به‌شداریكردنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات ‌و مادده‌ی 8ی كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندنی حزبه‌كان، ده‌ڵێت: «نا بێت دامه‌زراندنی حزب‌ و كاركردنی له‌ شێوه‌ی رێكخراوی سه‌ربازی یاخود نیمچه‌ سه‌ربازیدا بێت، هه‌روه‌ك نابێت په‌یوه‌ندیان به‌ هیچ هێزێكی چه‌كداره‌وه‌ هه‌بێت».
به‌ڵام گرووپه‌ چه‌كداره‌كان توانیویانه‌ حزب بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا دابمه‌زرێنن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانیان رایانگه‌یاند جه‌نگاوه‌ره‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ژێر فه‌رمانی «ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی» سه‌ر به‌ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌ واقیعدا هێشتا جه‌نگاوه‌رانیان په‌یوه‌ستن به‌ فه‌رمانی سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كانه‌وه ‌‌و به‌ ده‌یان نووسینگه‌ی ئه‌و گرووپانه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكاندا له‌ نێو دانیشتوواندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.
چه‌ند مانگێكه‌ مشتومڕ له ‌ناوخۆی عیراقدا له‌سه‌ر ئاینده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كانه‌‌و چه‌ندین هه‌وڵی حكومی بۆ تێكه‌ڵكردنیان به‌ سوپا ‌و پۆلیس شكستیان هێناوه‌ به‌ هۆی ئاره‌زووی سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كان بۆ مانه‌وه‌ وه‌ك هێزێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام خواستی سیاسی ئه‌م دواییه‌یان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا مشتومڕی له ‌نێو عێراقییه‌كاندا هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، سیاسییه‌كانیش چه‌ند پێشنیارێكیان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش كردووه‌.
عه‌باس به‌یاتی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌ نیقاشی وت: حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ئه‌منی عێراقی شه‌رعییه ‌‌و سێیه‌م هێزی وڵات پێكده‌هێنێت له‌ دوای سوپا ‌و پۆلیسه‌وه‌، قبوڵی ناكه‌ین ده‌ستدرێژیی بكرێته‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌م هێزه‌ پێویستی به‌ رێكخستن ‌و دوورخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ حزبه‌كان ‌و كاری سیاسی به ‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مان له‌ باره‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ده‌ریكردووه.
به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دانانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی ره‌سمی، ورده‌كاری گرنگی له ‌باره‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنیه‌وه‌ روون نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێك داوای كاراكردن‌ و هه‌مواركردنی یاساكه‌ بكه‌ن، حاكم زاملی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانیش داوای كردووه‌ نووسینگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش رووی نه‌دا.
له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوودا 10 گرووپی چه‌كدار پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسییان به ‌ناوی «موجاهیدین» بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن راگه‌یاند، به‌ڵام دوای قسه‌یه‌كی توندی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌ 15ی كانونی یه‌كه‌می رابردوو سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارینه‌كردنی گرووپه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا، سه‌ركرده‌ی چه‌ند گرووپێك له‌وانه‌ هادی عامری سه‌ركرده‌ی رێكخراوی به‌در ‌و قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلل حه‌ق رایانگه‌یاند جه‌نگاوه‌رانیان ده‌خه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌موو جه‌نگاوه‌رانیان نا، تا ئێستاش هیچ گرووپێك راده‌ستكردنی چه‌كه‌كانی به‌ ده‌وڵه‌ت رانه‌گه‌یاندووه‌.
هاوپه‌یمانی موجاهیدین له‌ میدیادا دیار نه‌ما، به‌ڵام له ‌ژێر ناوێكی نوێدا جارێكی دیكه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كدا به‌ناوی «فه‌تح» به‌ سه‌ركردایه‌تی هادی عامری، هه‌مان شت به‌سه‌ر گرووپه‌كانی دیكه‌شدا روویدا وه‌كو سه‌رایا سه‌لام و گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی كه‌ هه‌موویان له‌ كێبڕكێدان بۆ هه‌ڵبژاردن.

لێدوانی گرووپه‌كان
په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ زۆر باوه‌ڕیان به‌ لێدوانی گرووپه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ چه‌ك نه‌هێنا‌و حزبه‌ سوننه‌كانیش له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا پێشنیاریان كرد بڕگه‌یه‌كی نوێ بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن هاوپێچ بكرێت كه‌ حكومه‌ت پابه‌ند بكات به‌وه‌ی ئه‌و حزبانه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن باڵی سه‌ربازیان نه‌بێت‌و له‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن تا رۆژی ده‌نگدان چه‌ك قه‌ده‌غه‌ بكرێت، به‌ڵام چه‌ند حزبێكی شیعه‌ تێبینیان له‌سه‌ر هه‌بوو.
ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن دوو به‌شن، یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن‌و تائێستاش جه‌نگاوه‌ریان له‌ سوریا هه‌یه‌، دووه‌میشیان ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌ر حزب‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كانن‌ و دوورن له‌ ئێرانه‌وه‌، هه‌رچی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ سیستانیشه‌ ئه‌وا ته‌نیا ئه‌وانن كه‌ رایانگه‌یاندووه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن.

هاوپه‌یمانی فه‌تح
هه‌موو گرووپه‌كانی حەشد چوونه‌ ژێر سایه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌ركردایه‌تی هادی عامری كه‌ 18 پێكهاته‌ی سیاسی له‌خۆ ده‌گرێت ‌و زۆرینه‌یان ناوی نوێ‌ و جیاوازن له‌وانه‌ی له ‌كاتی شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ داعش پێی ناسرابوون.
بۆ نموونه‌ «بزووتنه‌وه‌ی راستگۆیی‌و وه‌فا» رووكاری سیاسی گرووپی «ئه‌نساروڵڵا ئه‌لئه‌وفیا» یه‌‌ و «بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی» رووكاری سیاسی «كه‌تائیب ئیمام عه‌لی» یه‌‌ و بزووتنه‌وه‌ی «سادیقون» رووكاری سیاسی «عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق» ه‌‌ و كوتله‌ی «مونته‌سیرون» رووكاری سیاسی «كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا» یه ‌‌و حزبی «ته‌ڵیعه‌» ش رووكاری سیاسی «سه‌رایا خوراسانی» یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ «حزبوڵڵای عێراق» كه‌ ناوه‌كه‌ی نه‌گۆڕیوه‌.
چه‌ند جیاوازییه‌كی فیكریش له‌ نێوان ئه‌و گرووپانه‌‌ و گرووپه‌كانی دیكه‌دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ك عێراق‌و سوریا به‌ یه‌ك به‌ره‌ داده‌نێن‌و خۆیان ده‌خه‌نه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ «میحوه‌ری مقاوه‌مه‌» ناسراوه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بیروڕای سیاسی توندیشیان به‌رامبه‌ر به‌ كورد هه‌یه‌‌و نزیكبوونه‌وه‌ی دیپلۆماسی ئه‌م دواییه‌ی نێوان عێراق‌و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو به ‌تایبه‌تیش سعودیه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌و هێزانه‌ له‌ به‌ر سنوورداری شاره‌زایی سیاسیان هاوپه‌یمانییه‌كی جێمشتومڕیان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ست بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌ی عه‌بادی هه‌یه‌تی، له‌ به‌رامبه‌ریشدا عه‌بادی هه‌وڵی دا به‌و هاوپه‌یمانییه‌ سوود له‌ هه‌ژموون‌و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و گرووپانه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام دوای كاردانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كان، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ هه‌ر زوو هه‌ره‌سی هێنا.

سه‌در‌ و حه‌كیم
موقته‌دا سه‌در سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در ‌و عه‌ممار حه‌كیم سه‌ركرده‌ی ره‌وتی «حیكمه‌» نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌ی گه‌نجی سیاسی شیعه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و دوو پیاوه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانییان به‌ست تا رێ له‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو بگرن له‌ ساڵی 2014دا ویلایه‌تی سێیه‌م به‌ ده‌ست نه‌هێنێت، رێچكه‌یه‌كی سیاسی نیشتمانیان گرتووه‌، دوای هێرشی توندڕه‌وانیش له‌ عێراق هه‌ردووكیان ناچاربوون گرووپی چه‌كدار پێكبهێنن له‌پاڵ ئه‌و گرووپانه‌ی دیكه‌دا كه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆریان كۆكردووه‌ته‌وه‌.
ره‌وتی سه‌در كه‌ گرووپی سه‌رایا سه‌لامی هه‌یه‌، بڕیاری دا دوور له‌ حزبه‌ شیعه‌كانی دیكه‌ هاوپه‌یمانییه‌ك به‌ناوی «سائیرون» پێكبهێنێت، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ حزبی شیوعیش له ‌خۆ ده‌گرێت به‌وه‌ش ئه‌و هاوكاریه‌ی نێوان هه‌ردوولای پته‌وتر كرد كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان له‌ ساڵی 2015وه‌ ده‌ستی پێكرد كاتێك شوێنكه‌وتووانی ره‌وتی سه‌در چوونه‌ پاڵ خۆپیشانده‌رانی حزبی شیوعی ‌و ره‌وتی مه‌ده‌نی.
هه‌رچی حه‌كیمیشه‌ كه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌زموونكردن ناسراوه‌، بڕیاری دا له‌گه‌ڵ عه‌بادی هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌ركێشی بكات‌و به‌ ته‌نیا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكات بەڵام ئەمەش ماوەیەکی کەمی خایاند و بڕیاریان دا جیا ببنەوە.

كێ بێلایه‌نكردنی چه‌ك مسۆگه‌ر ده‌كات؟
له‌ 16ی مانگی رابردوو‌دا «كه‌تائیب حزبوڵڵا» پلانێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای سوریا راگه‌یاند بۆ جێبه‌جێكردنی ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ عێراق بۆ رێگرتن له‌ بوونی ئه‌مریكا، هاوكات ئه‌و گرووپه‌ به‌ ناوی «حزبوڵڵای عێراق» به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كات.
دوای دوو رۆژ له‌وه‌ی كه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی رایگه‌یاند جه‌نگاوه‌ره‌كانی ده‌خاته‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا له‌سه‌ر سنووری نێوان باشووری لوبنان‌و ئیسرائیل ده‌ركه‌وت‌ و له باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت ناساندنی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل وتی: «گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ له‌ سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ ئیسرائیله‌وه‌ ئاماده‌یی راده‌گه‌یه‌نن بۆ پشتیوانیكردنی گه‌لی لوبنان‌و فه‌له‌ستین له‌ دژی داگیركاریی ئیسرائیل».
گرووپی «سه‌رایا خۆراسانی» یه‌كێكه‌ له‌و گرووپانه‌ی فه‌رمانده‌یه‌ك له‌ «سوپای پاسدارانی ئێران» پێكیهێناوه‌، عه‌باس محه‌مه‌داوی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ «نیقاش» وتی: جیاوازی هه‌یه‌ له ‌نێوان «حه‌شدی شه‌عبی»‌و گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌، یه‌كه‌میان ته‌نیا له‌ عێراق ده‌جه‌نگێت‌و له ‌ژێر سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی عێراقدا، به‌ڵام دووه‌میان ئامانجی گه‌وره‌تری هه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا ده‌جه‌نگین تیرۆریستانی لێبێت له‌ سوریا‌و شوێنه‌كانی تر.
هه‌موو ئه‌وانه‌ ترسی ئه‌وه‌ی دروست كردووه‌ كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌ران پێكدادانی چه‌كداری یان كاریگه‌ری دروستكردن له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی لێبكه‌وێته‌وه‌ له‌ ڕێی نووسینگه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌ پڕ له‌ دانیشتووانه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، حكومه‌تیش ئاڵنگاریه‌كی گه‌وره‌ی له‌ به‌رده‌مدایه‌ له‌ رێكخستنی سه‌ختترین هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه ‌‌و رێگرتن له‌وه‌ی ململانێی سیاسی له ‌ڕێی تفه‌نگه‌وه‌ بكرێت نه‌ك سندوقی هه‌ڵبژاردن.

سەرچاوە: سایتی نیقاش

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...